لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:21-14

مەتا 1:21-14 KSS

کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە و گەیشتنە گوندی بێت‌فاجی لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد و پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، دەستبەجێ ماکەرێک دەبینن بەستراوەتەوە، جاشکەکەی لەگەڵە. بیکەنەوە و بۆ منیان بهێنن. ئەگەر یەکێک شتێکی پێ گوتن، دەڵێن: گەورەمان پێویستی پێیانە، ئەویش یەکسەر دەیاننێرێت.» ئەمەش ڕوویدا تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەکە گوتراوە بێتە دی کە دەفەرموێ: ﴿بە شاری سییۆن بڵێن، ئەوەتا پاشاکەت دێتە لات، دڵنەرمە و سواری ماکەرێک و جاشی ماکەرێک بووە.﴾ قوتابییەکان ڕۆیشتن و وەک ئەوەی عیسا فەرمانی پێدابوون، کردیان. ماکەر و جاشکەکەیان هێنا، کەواکانیان خستە سەر پشتی و عیسا سواربوو. خەڵکێکی ئێجگار زۆر کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست. خەڵکی دیکە لقە داریان دەبڕییەوە و لەسەر ڕێگاکە ڕایاندەخست. ئەو خەڵکەی لەپێشی دەڕۆیشتن و ئەوانەش کە دوای کەوتبوون، هاواریان دەکرد: «هۆسانا بۆ کوڕی داود!» «﴿پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت!﴾» «هۆسانا بۆ خودا!» کاتێک عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم، هەموو شارەکە خرۆشا و گوتیان: «ئەمە کێیە؟» خەڵکەکەش دەیانگوت: «ئەمە پێغەمبەر عیسایە، خەڵکی ناسیرەی جەلیلە.» عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا و هەموو ئەوانەی دەرکرد کە لەوێ خەریکی کڕین و فرۆشتن بوون، مێزی پارەگۆڕەوان و کورسی کۆترفرۆشانی سەرەوژێر کرد. پێی فەرموون: «نووسراوە، ﴿ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت،﴾ بەڵام ئێوە دەیکەنە ﴿ئەشکەوتی دزان!﴾» نابینا و شەلەکان لە پەرستگا هاتنە لای و ئەویش چاکیکردنەوە.

پلانی خوێندنەوەی بێبەرامبەر و بابەتی پەرستشی پەیوەست بە مەتا 1:21-14