لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 22:12-40

لۆقا 22:12-40 KSS

بە قوتابییەکانی فەرموو: «خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن، هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ژیان لە خواردن گرنگترە و جەستەش لە جلوبەرگ. سەیری قەلەڕەش بکەن کە نە تۆو دەکات و نە دروێنە، نە ئەمباری هەیە و نە کۆگا، بەڵام خودا بەخێوی دەکات. باشە ئێوە چەند لە باڵندە بەنرخترن! کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟ ئەگەر ئەو شتە بچووکانە لە توانای ئێوەدا نەبێت، بۆچی بۆ شتەکانی دیکە خەم دەخۆن؟ «سەیری گوڵی سەوسەن بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت. بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئیتر چەند زیاتر ئێوە پۆشتە دەکات؟ جا گرنگی بەوە مەدەن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە، خەم مەخۆن. هەموو ئەمانە بێباوەڕانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، باوکیشتان دەزانێت پێویستتان بەمانە هەیە. بەڵکو داوای پاشایەتی ئەو بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ دابین دەکرێت. «مەترسە ئەی مێگەلی بچووک، چونکە باوکتان خۆشحاڵە شانشینەکەتان بداتێ. ئەوەی هەتانە بیفرۆشن و بە خێر بیبەخشن. بۆ خۆتان جزدانێک دابین بکەن کە نەفەوتێت، سامانێک لە ئاسمان کە لەبن نایەت. لەوێ نە دز لێی نزیک دەبێتەوە و نە مۆرانە لێی دەدات، چونکە سامانت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت. «با پشتێنتان بەستراو و چراتان هەڵکراو بێت، وەک ئەوانە بن کە چاوەڕێی گەورەکەیان دەکەن تاکو لە شایی بگەڕێتەوە، کە هاتەوە و لە دەرگای دا، دەستبەجێ لێی بکەنەوە. خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت کە گەورە دێتەوە دەبینێت ئێشکیان گرتووە. ڕاستیتان پێ دەڵێم، گەورەکە ناوقەدی خۆی دەبەستێت و کۆیلەکان دادەنیشێنێت، دێت و خزمەتیان دەکات. جا ئەگەر لە نیوەی شەودا یان نزیکی بەرەبەیان بێتەوە و ئەوان بەو شێوەیە ببینێت، خۆزگە بەو کۆیلانە دەخوازرێت. بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتژمێرێک دز دێتە سەری، نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. ئێوەش ئامادەبن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.»