کردار 10:17-21
کردار 10:17-21 KSS
کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، چونکە بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت و بۆ دڵنیابوون لە ڕاستیی قسەکانی پۆڵس، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە. ئیتر زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها ژمارەیەک لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و ژمارەیەکی زۆریش لە پیاوانی یۆنانی. بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای. کاتێک پۆڵس لە ئەسینا چاوەڕێی دەکردن، زۆر پەست و بێزار بوو کە بینی شارەکە پڕە لە بت. بۆیە لە کەنیشت گفتوگۆی لەگەڵ جولەکە و خواپەرستان دەکرد، لە بازاڕیش لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژانە تووشیان دەبوو. کۆمەڵێک فەیلەسوفی ئەپیکوری و ستۆیکی گفتوگۆیان لەگەڵی دەکرد. هەندێکیان دەیانگوت: «ئەم چەنەبازە دەیەوێت چی بڵێت؟» هەندێکی دیکەشیان دەیانگوت: «دیارە بانگەواز بۆ چەند خوداوەندێکی نامۆ دەکات،» چونکە باسی عیسا و زیندووبوونەوەی دەکرد. ئینجا بردیانە ئاریۆپاگۆس و گوتیان: «دەتوانین بزانین ئەم فێرکردنە نوێیە چییە باسی دەکەیت؟ چونکە شتی سەیرت لێ دەبیستین و دەمانەوێت واتاکەی بزانین.» لەبەر ئەوەی هەموو ئەسیناییەکان و ئەو بێگانانەی تێدا دەژیان دەرفەتیان بە هیچ شتێک نەدەدا جگە لە باسکردن و گوێگرتن لە بیروڕا نوێیەکان.





