یەکەم سالۆنیکی 6:3-13
یەکەم سالۆنیکی 6:3-13 KSS
بەڵام ئێستا تیمۆساوس لەلای ئێوەوە هاتەوە بۆ لامان، مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، هەروەها چۆن هەردەم بە چاکە یادمان دەکەن و پەرۆشی بینینمانن، هەروەک چۆن ئێمەش بە پەرۆشین بۆ بینینی ئێوە. لەبەر ئەوە خوشکان و برایان، لە کاتی تەنگانە و چەوسانەوەماندا، باوەڕتان هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان، چونکە ئێوە بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا چەسپاون، ئێستا ئێمەش بەڕاستی دەژین. نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە. شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕیی باوەڕتان دابین بکەین. با خودای باوکمان و عیسای پەروەردگارمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات، هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان. با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.





