لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 73:119-96

په‌سنییه‌كان 73:119-96 PNTZS

ده‌ستی تۆ دروستی كردم و دایڕشتم. تێمبگه‌یه‌نه‌ تا فێری ڕاسپارده‌كانت بم. ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن شادمان ده‌بن كاتێک ده‌مبینن. چونكه‌ من هیوام به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ هه‌یه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زانیم كه‌ حوكمه‌كانت دادپه‌روه‌رن. به‌ ڕه‌وا زه‌لیلت كردم. با میهره‌بانیه‌كه‌ت بۆ دڵنه‌واییم بێت. به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بۆ به‌نده‌كه‌ت. با به‌زه‌ییت بێت بۆ لام، تا بژیم، چونكه‌ فێركردنه‌كانی تۆ شادمانییه‌ بۆ من. با لووتبه‌رزان شه‌رمه‌زار بن. چونكه‌ به‌ درۆ بوختانیان پێ كردم. به‌ڵام من سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ ڕاسپارده‌كانت. با ئه‌وانه‌ی لێت ده‌ترسن بگه‌ڕێنه‌وه‌ لای من، ئه‌وانه‌ی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌زانن. با دڵم ته‌واو بێت له‌ فه‌رزه‌كانت، بۆ ئه‌وه‌ی شه‌رمه‌زار نه‌بم. گیانم په‌رۆشی ڕزگاریی تۆیه‌. من ئومێدم به‌ فه‌رمووده‌ی تۆیه‌. چاوم كز بوو له‌ چاوه‌ڕوانی گفته‌كه‌ت. ده‌ڵێم: “كه‌ی دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت؟” چونكه‌ وه‌ک مه‌شكه‌یه‌كی پڕ دووكه‌ڵم، فه‌رزه‌كانی تۆم له‌ یادنه‌كردووه‌. چه‌نده‌ ڕۆژگاری به‌نده‌كه‌ت؟ كه‌ی حوكم ده‌ده‌یت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌؟ لووتبه‌رزان چاڵیان بۆم هه‌ڵكه‌ندوه‌. ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی فێركردنه‌كانی تۆ نییه‌. هه‌موو ڕاسپارده‌كانت جێی متمانه‌ن. به‌ ناڕه‌وا ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌. وه‌خته‌ له‌سه‌ر زه‌وی كۆتاییم پێ‌ بهێنن. به‌ڵام من ده‌ستبه‌رداری ڕاسپارده‌كانت نه‌بووم. به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه‌. گه‌واهییه‌كانی زارت ده‌پارێزم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وشه‌كه‌ت تاهه‌تایه‌ له‌ ئاسمانان جێگیره‌. سه‌رڕاستیت نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌. زه‌ویت دامه‌زراند و ده‌مێنێت. ئه‌وان به‌ حوكمه‌كانی تۆ تا ئه‌مڕۆ ماون. چونكه‌ هه‌موو به‌نده‌ی تۆن. ئه‌گه‌ر فێركردنه‌كانی تۆ سه‌رچاوه‌ی شادیم نه‌بووایه‌. له‌ زه‌لیلیی خۆم له‌ناوده‌چووم. هه‌رگیز ڕاسپارده‌كانت له‌بیرناكه‌م. چونكه‌ به‌وان منت ژیانده‌وه‌. من هی تۆم، ڕزگارم بكه‌. چونكه‌ ڕاسپارده‌كانی تۆم ویستووه‌. به‌دكاره‌كان خۆیان ماتداوه‌ بۆم تا له‌ناوم بده‌ن. به‌ڵام من هه‌وڵی تێگه‌یشتنی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌ده‌م. بۆ هه‌موو ته‌واوییه‌ک سنوورم بینی، به‌ڵام ڕاسپارده‌ی تۆ زۆر فراوانه‌.