لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس بەندی دووەم

بەندی دووەم
1 پاش چەند ڕۆژێک چووەوە نێو کپەڕناخوم، جا بیسترا کە لە ماڵەوەیە. 2 یەکسەر زۆرکەس کۆ بوونەوە، بەڕادەیەک لەبەر دەرگاش شوێن نەما. ئەویش بە فەرمایشت بۆیان دەدووا. 3 گۆجێکیان هێنایە لای، بە چوار کەس هەڵیانگرتبوو. 4 بەڵام لەبەر کۆمەڵەکە نەیانتوانی تخوونی بکەون. سەربانی ئەو شوێنەینان کردەوە کە ئەوی لێبوو. پاش ئەوەی کونیان کرد، نوێنەکەیان شۆڕکردەوە کە گۆجەکەی لەسەر بوو. 5 کاتێک ئیشۆع باوەڕیانی بینی، بە گۆجەکەی فەرموو: “ڕۆڵە، تاوانەکانت بەخشران”. 6 هەندێک شەریعەتزانیش لەوێ دانیشتبوون، لە دڵی خۆیاندا بیریان دەکردەوە: 7 “بۆچی ئەمە ئاوا بە کفر دەدوێت؟ بێجگەلە خودا کێ دەتوانێت تاوان ببەخشێت؟” 8 یەکسەر ئیشۆع بە گیانی خۆی هەستی کرد لە ناخیاندا ئاوا بیردەکەنەوە، پێی فەرموون: “بۆچی لە دڵتاندا بیری وا دەکەنەوە؟ 9 کامیان ئاسانترە، بە گۆجەکە بوترێت: تاوانەکانت بەخشران، یان بوترێت: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و ڕێبکە؟ 10 بەڵام تاکو بزانن، ڕۆڵەی مرۆڤ لەسەر زەوی دەسەڵاتی تاوانبەخشینی هەیە”. بە گۆجەکەی فەرموو: 11 “پێت دەڵێم: هەستە، نوێنەکەت هەڵگرە و بڕۆ ماڵەوە!”. 12 یەکسەر هەستا، نوێنەکەی هەڵگرت و لەبەردەم هەموویان دەرچوو. بە ڕادەیەک هەموو سەرسام بوون و شکۆی خودایان کرد، وتیان: “هەرگیز وەکو ئەمەمان نەبینیوە!”.
13 دیسان دەرچووە سەر کەناری دەریا، کۆمەڵانەکە هەموو هاتنە لای، ئەویش ئامۆژگاریی دەکردن. 14 کاتێک بەڕێوە بوو، لیوی کوڕی خەلپەیی بینی لە شوێنی باجگریی دانیشتبوو، پێی فەرموو: “شوێنمکەوە”. هەستا و شوێنی کەوت. 15 کاتێک لەماڵی ئەو دانیشتبوو، زۆر لە باجگران و تاوانباران لەگەڵ ئیشۆع و قوتابییەکانی دانیشتبوون، چونکە زۆر بوون و شوێنی کەوتبوون. 16 کاتێک شەریعەتزان و پەڕیشییەکان بینییان وا لەگەڵ تاوانبار و باجگران دەخوات، بە قوتابییەکانیان وت: “ئەوە چییەتی لەگەڵ باجگر و تاوانباران دەخوات و دەنۆشێت؟”. 17 کە ئیشۆع بیستی، پێی فەرموون: “لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم بێتاوانان بانگ بکەم بۆ تۆبەکردن، بەڵکو تاوانباران”.
18 قوتابییەکانی یوخەننەن و پەڕیشییەکان ڕۆژوویان دەگرت، هاتنە لای، پێیان وت: “بۆچی قوتابییەکانی یوخەننەن و پەڕیشییەکان ڕۆژوو دەگرن، بەڵام قوتابییەکانتان ڕۆژوو ناگرن؟” 19 ئیشۆعیش پێی فەرموون: “ئایا زەماوەندگێڕان دەتوانن ڕۆژوو بگرن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ تاکو زاوا لەگەڵیان بێت ناتوانن ڕۆژوو بگرن. 20 بەڵام ڕۆژانێک دێت کە زاوا لەنێوانیان بەرز دەرکێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژانەدا ڕۆژوو دەگرن. 21 کەس کراسی کۆن بە پەڕۆی نوێ پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و قڵیشانەکە خراپتر دەبێت. 22 کەسیش مەیی نوێ ناکاتە نێو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک مەیەکە مەشکەکە بدڕێت، مەیەکە دەڕژێت و مەشکەکەش بێ کەڵک دەبێت. بەڵکو مەیی نوێ دەکرێتە نێو مەشکەی نوێوە”.
23 لە شەممەدا بەنێو دەغڵاندا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی بەڕێوە دەستیانکرد بە گوڵەگەنم لێکردنەوە. 24 پەڕیشییەکان پێیان وت: “بڕوانە! بۆچی شتێک دەکەن کە لە شەممەدا دروست نییە؟” 25 پێی فەرموون: “هەرگیز نەتانخوێندووەتەوە داوید چیی کرد کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون کەوتنە پێویستی و برسییان بوو؟ 26 لەسەردەمی ئەویئاتری کاهینی باڵا، چووە خانەی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، دایە ئەوانیش کە لەگەڵی بوون، ئەو نانەی کە دروست نییە لێی بخورێت بۆ کاهینان نەبێت”. 27 ئینجا پێی فەرموون: “شەممە لەپێناوی مرۆڤ بەدیهێنراوە، نەوەک مرۆڤ لەپێناوی شەممە. 28 کەواتە ڕۆڵەی مرۆڤ پەروەردگاری ڕۆژی شەممەشە”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌رقوس بەندی دووەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە