لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی چواردەیەم

بەندی چواردەیەم
1 لەو کاتەدا سەرۆک ناوچە هیڕوودس ناوبانگی ئیشۆعی بیست، 2 بە پیاوەکانی وت: “ئەمە یوخەننەنی عەمادکارە لەنێو مردوواندا هەستاوەتەوە! بۆیە پەرجو دەکات”.
3 چونکە هیڕوودس، لەبەر هیڕوودییای ژنی پیلیپۆسی برای، یوخەننەنی گرتبوو و کۆتی کردبوو و خستبوویە زیندانەوە، 4 چونکە یوخەننەن پێی دەفەرموو: “دروست نییە بیخوازیت”. 5 کە ویستی بیکوژێت لە خەڵکەکە ترسا، چونکە بە پێغەمبەریان دادەنا. 6 ئەوەبوو لە جەژنی لەدایکبوونی هیڕوودس، کچی هیڕوودییا لە ناوەڕاستدا سەمای کرد و هیڕوودسی شادمان کرد، 7 پاش ئەوە بە سوێندەوە بەڵێنی پێ دا، چی داوا بکات بیداتێ. 8 کچەکەش بە فیتی دایکی، وتی: “لێرە لەسەر سینییەک سەری یوخەننەنی عەمادکارم بدەنێ”. 9 شاش دڵگران بوو، بەڵام لەبەر سوێندەکان و میوانەکان، فەرمانی دا بیدەنی. 10 ئینجا ناردی، لە زیندان سەری یوخەننەی بڕی 11 سەرەکەی لەسەر سینییەک هێنرا و درایە کچەکە، ئەویش هێنایە لای دایکی. 12 جا قوتابییەکانی هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و ناشتیان. ئینجا هاتن، هەواڵیان دایە ئیشۆع.
13 کە ئیشۆع ئەمەی بیست، بە تەنها بەرەو شوێنێکی چۆڵ، بە کەشتییەک ئەوێی بەجێهێشت. کۆمەڵانەکە بیستیان، لە شارەکانەوە بە پیادە شوێنی کەوتن.
14 کاتێک ئیشۆع دەرچوو، کۆمەڵێکی زۆری بینی، دڵی پێیان سوتا و نەخۆشەکانیانی ساغ کردەوە. 15 کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، وتیان: “شوێنەکە چۆڵە، کاتیش درەنگە. کۆمەڵانەکە بەڕێکەن بۆ گوندەکان، خواردن بۆ خۆیان بکڕن”. 16 ئیشۆع پێی فەرموون: “پێویست ناکات بڕۆن. خۆتان بیاندەنێ با بخۆن”. 17 ئەوانیش پێیان وت: “لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە”. 18 فەرمووی: “بۆمی بهێننە ئێرە”. 19 فەرمانی بە کۆمەڵانەکەی دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نان و دوو ماسییەکەی هەڵگرت، چاوی هەڵبڕییە ئاسمان، داڕشتی کرد و لەتی کردن، نانەکانی دایە قوتابییەکان، قوتابییەکانیش دایانە کۆمەڵانەکە. 20 هەموو خواردیان و تێر بوون. پاشان لەو لەتەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە. 21 نانخۆران نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگەلە ژن و منداڵ.
22 ئیشۆع یەکسەر قوتابییەکانی ناچار کرد سواری کەشتییەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەر، تاکو کۆمەڵانەکە بەڕێبکات. 23 کاتێک کۆمەڵانەکەی بەڕێکرد. بە تەنێ چووە سەر شاخەکە تاکو نوێژبکات. کە ئێوارە داهات لەوێ بە تەنێ بوو. 24 کەشتییەکەش گەیشتبووە ناوەڕاستی دەریاکەوە، شەپۆڵەکانیش پێیاندا دەکێشا. چونکە باکە پێچەوانە بوو. 25 لە چوارەم بەتڵی شەودا ئیشۆع بۆ لایان ڕۆیشت و بەسەر دەریاکەدا ڕێی دەکرد. 26 کاتێک قوتابییەکان بینییان لەسەر دەریاکە ڕێدەکات، شڵەژان و وتیان: “دێوەزمەیە”! لە تاو سامیش هاوریان کرد! 27 یەکسەر ئیشۆع قسەی لەگەڵ کردن، فەرمووی: “ئازابن! خۆمم. مەترسن”. 28 پەتڕۆس وەڵامی دایەوە، وتی: “گەورەم، ئەگەر خۆتانن، فەرمانم پێ بدەن بەسەر ئاوەکەدا بێمە لاتان”. 29 فەرمووی: “وەرە”. بەتڕۆس لە کەشتییەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕێیکرد تاکو بۆ لای ئیشۆع بێت. 30 بەڵام کاتێک بینی باکە توندە، ترسا. خەریک بوو نوقم بێت، بە هاوارەوە وتی: “پەروەردگار، فریامکەون!” 31 ئیشۆعیش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتییەوە، پێی فەرموو: “کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟” 32 کە سەرکەوتنە نێو کەشتییەکە، ڕەشەباکە ئۆقرەی گرت. 33 ئەوانەی لەنێو کەشتییەکە بوون، هاتن، کڕنۆشیان بۆ برد، وتیان: “بەڕاستی ئێوە ڕۆڵەی خودان!”.
34 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە زەویی گینیسەڕ، 35 پیاوانی ئەو شوێنە ناسییانەوە. هەواڵیان نارد بۆ هەموو دەڤەرەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. 36 داوایان لێکرد تەنها دەست لە چمکی جلەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا ساغبوونەوەیان بەدەست هێنا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌تته‌ی بەندی چواردەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە