لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌تته‌ی بەندی دەیەم

بەندی دەیەم
1 ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو گیانی گڵاو دەربکەن و هەموو نەخۆشی و لاوازییەک ساغ بکەنەوە. 2 ئەمانەش ناوی دوازدە پەیامبەرەکەیە: یەکەمین، شیمعون کە بە پەتڕۆس ناودەبرا و ئەندراوسی برای. یاقووی کوڕی زەبدی و یوخەننەنی برای. 3 پیلیپوس و بەرتولمەی. تۆما و مەتتەیی باجگر. یاقووی کوڕی خەلپەی و لەباوس ناسراو بە تەددەی. 4 شیمعونی قنانیا و ئیهوودای ئەسخەریوتی کە ڕادەستیکرد.
5 ئیشۆع ئەم دوازدەیەی نارد، ڕایسپاردن، فەرمووی: “بۆ ڕێگای نەتەوەکان مەڕۆن، مەچنە نێو شارێکی شمرنی. 6 بەڵکو باشترە بڕۆنە لای کاوڕە وێڵەکانی ماڵی ئیسڕائیل. 7 کاتێک دەڕۆن، بانگەواز بکەن، بڵێن: شانشینی ئاسمانان نزیکبووەتەوە. 8 نەخۆش ساغ بکەنەوە، بەڵەک بێگەردبکەنەوە، مردوو هەستێننەوە، ئەهریمەن دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرت، بەخۆڕاییش بیدەن. 9 زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10 نە تورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو جل، نە پێڵاو، نە گۆچان، چونکە کارگەر شایانی خۆراکی خۆیەتی.
11 “چوونە نێو هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن، لەوێ بمێننەوە تا دەردەچن. 12 کە دەچنە ماڵێک ئاشتیی لێبکەن، 13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆی بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14 ئەوەی پەسەندی نەکردن و گوێی لە قسەکانتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارە دەربچن، تۆزی قاچتان بتەکێنن. 15ڕ ەواتان پێدەڵێم: لە ڕۆژی حوکمداندا، دۆخی زەویی سەدوم و عامووڕە لەو شارە ئاسانتر دەبێت.
16 “ئەوتا من وەک مەڕ بۆ نێو گورگ دەتاننێرم. جا دانا بن وەک مار، ساکار بن وەک کۆتر. 17 بەڵام لە خەڵک بەئاگابن، چونکە ڕادەستی ئەنجومەنتان دەکەن، لە کەنیشتەکانیان قامچیکاریتان دەکەن. 18 لەپێناوم بۆ بەردەم فەرمانرەوایان و شایان دەدرێنەبەر، وەک گەواهییەک بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. 19 کاتێکیش ڕادەستتان دەکەن، گوێ مەدەنە ئەوەی چۆن یان چی بڵێن، لەو کاژێرەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، 20 چونکە خۆتان قسەگەر نین، بەڵکو گیانی باوکتانە کە لەنێوتاندایە قسەدەکات. 21 برا برای خۆی ڕادەستی مەرگ دەکات، باوک ڕۆڵەی خۆی. ڕۆڵەکان لە دایبابیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن! 22 هەمووان لەپێناوی ناوم ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تا پایان دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 23 کە لەم شارە قاوتان دەدەن، هەڵبێن بۆ یەکێکی دیکە. ڕەواتان پێدەڵێم: شارەکانی ئیسڕائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی ڕۆڵەی مرۆڤ.
24 “قوتابی لە ڕابییەکەی باشتر نییە، بەندەش لە گەورەکەی باشتر نییە. 25 بەسە قوتابی وەک ڕابییەکەی بێت، بەندەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە بەعلەزبول ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی! 26 بۆیە لێیان مەترسن. چونکە شاراوە نییە دەرنەکەوێت و نهێنی نییە نەزانرێت. 27 ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکی بیڵێنەوە، ئەوەی لە بنگوێ دەیبیستن، لە سەربانەکان بانگەوازی بکەن، 28 لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن ناخ بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێت ناخ و جەستە هەردوکیان لە دۆزەخدا بفەوتێنێت. 29 دوو چۆلەکە بە فلسێک نافڕۆشرێت؟ یەکێکیان بەبێ باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. 30 بەڵام ئێوە تەنانەت هەموو مووی سەرتان ژمێردراوە. 31 کەواتە مەترسن! ئێوە لە زۆر چۆلەکە باشترن!. 32 هەرکەسێک لەبەردەم خەڵک بمدرکێنێت، منیش لەبەردەم باوکم کە لە ئاسماناندایە، دەیدرکێنم. 33 بەڵام ئەوەی لەبەردەم خەڵک نکۆڵیم لێبکات، منیش لەبەردەم باوکم کە لە ئاسمانادایە، نکۆڵیی لێدەکەم.
34 “وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر. 35 چونکە هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی { مرۆڤ لە باوکی، کچ لە دایکی، بووک لە خەسووی. 36 دوژمنی مرۆڤیش خانەوادەکەیەتی}. 37 ئەوەی باوکی یان دایکی لە من خۆشتربووێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕی یان کچی لە من خۆشتربووێت، شایانی من نییە. 38 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و شوێنم نەکەوێت شایانی من نییە. 39 ئەوەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە دەیدۆڕێنێت، ئەوەش کە ژیانی خۆی لەپێناوم بدۆڕێنێت دەیدۆزێتەوە. 40 ئەوەی پەسەندتان بکات، پەسەندم دەکات، ئەوەش پەسەندم بکات، پەسەندی ئەوە دەکات کە ناردوومی. 41 ئەوەی پێغەمبەرێک پەسەند بکات بەناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش چاکخوازێک پەسەند بکات بەناوی چاکخواز، ئەوا پاداشتی چاکخوازێک وەردەگرێت. 42 ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، بەناوی قوتابییەک، ڕەواتان پێدەڵێم: پاداشتی ون نابێت”.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

مه‌تته‌ی بەندی دەیەم: PNTZS

بەرچاوکردن

لەبەرگرتنەوە

بەراوردکردن

هاوبەشی بکە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە