Zechariah 14:8-16

لەو ڕۆژەدا ئاوی زیندوو لە ئۆرشەلیمەوە هەڵدەقوڵێت، نیوەی ڕووەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای مردوو و نیوەشی ڕووەو ڕۆژئاوا بۆ دەریای سپی ناوەڕاست، لە هاوین و لە زستان بەردەوام دەبێت. یەزدانیش دەبێتە پاشای هەموو زەوی. لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان دەبێت و تەنها ناوی ئەویش دەبێت. هەموو خاکەکە لە گەڤەعەوە هەتا ڕیمۆنی باشووری ئۆرشەلیم وەک عەراڤا دەبێتە دەشتایی، بەڵام ئۆرشەلیم بەرز دەکرێتەوە و لە شوێنەکەی خۆیدا ئاوەدان دەبێتەوە، لە دەروازەی بنیامینەوە هەتا شوێنی دەروازەی یەکەم و هەتا دەروازەی گۆشەکە و لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا گوشەرەکانی پاشا. ئاوەدانی دەکەنەوە، چیدی وێران ناکرێت. ئۆرشەلیم ئاسوودە دەبێت. ئەمەش ئەو دەردە دەبێت کە یەزدان تووشی هەموو گەلانی دەکات، ئەوانەی لە دژی ئۆرشەلیم جەنگان: گۆشتیان بۆگەن دەبێت کە لەسەر پێیەکانیان وەستاون، چاوەکانیان لەناو چاڵی چاویاندا بۆگەن دەبێت، زمانیشیان لە دەمیاندا بۆگەن دەبێت. لەو ڕۆژەدا لەلایەن یەزدانەوە تووشی شڵەژانێکی گەورە دەبن، هەر پیاوە و دەستی نزیکەکەی دەگرێت و دەست لە یەکتری بەرزدەکەنەوە. هەروەها یەهوداش لە ئۆرشەلیم شەڕ دەکات. سامانی هەموو نەتەوەکانی دەوروبەری کۆدەکاتەوە، ڕێژەیەکی زۆری زێڕ و زیو و جلوبەرگ. هەمان ئەو دەردە تووشی ئەسپ و هێستر و وشتر و گوێدرێژ و هەموو ئەو ئاژەڵانە دەبێت کە لە ئۆردوگای دوژمنن. هەروەها پاشماوەی هەموو نەتەوەکان، ئەوانەی هاتنە سەر ئۆرشەلیم، ساڵ لەدوای ساڵ دێن، تاکو کڕنۆش بۆ پاشا ببەن، یەزدانی سوپاسالار، هەروەها جەژنی کەپرەشینە بگێڕن.
زەکەریا 14:8-16