Psalms 107:1-9

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە، ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە، لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە: هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان، ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە. برسی و تینوو بوون، گیانیان داهێزرا. ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن. ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست، بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون. با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد، چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد، گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.
زەبوورەکان 107:1-9