Psalms 104:24-31

ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ. ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت. لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات. ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ، پێیان دەدەیت و وەریدەگرن، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن. ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان. کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیدەهێنرێن، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە. با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
زەبوورەکان 104:24-31