John 20:20-29

کە ئەمەی فەرموو، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون. ئینجا دیسان عیسا پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت! هەروەک چۆن باوک منی ناردووە، منیش دەتاننێرم.» کە ئەمەی گوت، فووی لێکردن، پێی فەرموون: «ڕۆحی پیرۆز وەربگرن. ئەوەی ئێوە گوناهی ببەخشن، بەخشراوە. ئەوەی ئێوە گوناهی نەبەخشن، نەبەخشراوە.» بەڵام تۆماس کە یەکێکە لە دوازدە قوتابییەکە و بە دیدمۆس ناسراوە، لەگەڵ قوتابییەکان نەبوو کاتێک عیسا هات. قوتابییەکانی دیکە پێیان گوت: «گەورەمان بینی!» ئەویش پێی گوتن: «ئەگەر جێگای بزمارەکان بە دەستیەوە نەبینم، پەنجە نەخەمە شوێنی بزمارەکانەوە، دەست لە کەلەکەی نەدەم هەرگیز باوەڕ ناکەم.» لەدوای هەشت ڕۆژ، قوتابییەکانی دیسان لە ژوورەوە بوون و تۆماسیش لەگەڵیان بوو، دەرگاکانیش داخرابوون، عیسا هات و لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا، فەرمووی: «سڵاوتان لێ بێت!» ئینجا بە تۆماسی فەرموو: «پەنجەت بێنە ئێرە و دەستم ببینە، دەستت بێنە و لە کەلەکەمی بدە. بێباوەڕ مەبە بەڵکو باوەڕ بهێنە.» تۆماس وەڵامی دایەوە: «ئەی خاوەن شکۆ و خودای من!» عیسا پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی منت بینی، باوەڕت کرد؟ خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی نەیانبینی و باوەڕیان هێنا.»
یۆحەنا 20:20-29