Isaiah 1:18-31

یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە. ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت، وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛ ئەگەر وەک قرمز سوور بێت، وەک خوری لێدێت. ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن، خێروبێری خاکەکە دەخۆن. بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن، بە شمشێر دەخورێن،» چونکە دەمی یەزدان فەرمووی. «چۆن شارە دڵسۆزەکە بوو بە لەشفرۆش! پڕ دادوەری بوو، ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە، بەڵام ئێستا پیاوکوژان! زیوت بوو بە خڵت و شەرابت ئاوی تێکراوە. میرەکانت یاخین و دۆستی دزانن، هەموو حەزیان لە بەرتیلە و دوای پاداشت کەوتوون. دادوەری بۆ هەتیو ناکەن، سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.» لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت: «ئای، من تووڕەییم بەسەر ناحەزانمدا دەڕێژم و تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە. دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم، بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە، هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە. ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا. پاش ئەمە پێت دەگوترێت ”شاری ڕاستودروستی“، ”شاری دڵسۆز“.» بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە، تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی. بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت، وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن. «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی ئارەزووتان کرد، تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی هەڵتانبژارد. وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت. مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر، جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»
ئیشایا 1:18-31