1 Chronicles 29:10-15

داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی: «ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان، خودای ئیسرائیل، باوکمانی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا، مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ، چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە. ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری. دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن، تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت. هێز و توانا لە دەستی تۆدان تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت. ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین. «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە. ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە.
یەکەم پوختەی مێژوو 29:10-15