گۆرانی گۆرانییەکان 1:2-13
گۆرانی گۆرانییەکان 1:2-13 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و سەوسەنی دۆڵانم. وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ یارەکەم ئاوایە لەناو کچان. وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان. حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە. با بمباتە هۆڵی خوانەکە، خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە. بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن، بە سێو بمگەشێننەوە، چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم. دەستی چەپی لەژێر سەرمە و دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت. ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم، بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر، کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن هەتا خۆی حەز دەکات. گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە! تەماشا بکە! وا دێت، لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە، بەسەر گردەکاندا باز دەدات. دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە، وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە، لە دەلاقەوە سەیر دەکات، لە کڵاوڕۆژنەوە تەماشا دەکات. دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم: «یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە. تەماشا بکە، زستان تێپەڕی، باران بەسەرچوو و نەما. گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت، ئێستا کاتی گۆرانییە؛ خوێندنی کوکوختی لە خاکی ئێمە دەبیسترێت. هەنجیر بەری گرتووە، بۆنی بەرسیلەی مێو بڵاو بووەتەوە. یارەکەم، هەستە، شیرینەکەم، وەرە.»