لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 12:8-27

ڕۆما 12:8-27 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌واته‌ برایان، ئێمه‌ قه‌رزارین به‌ڵام هی جه‌سته‌ نا، تاكو به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ بژین ده‌مرن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووح كرداره‌كانی له‌شتان مراند ئه‌وا ده‌ژین. چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ڕووحی خودا ده‌هاژوورێن، ئه‌وانه‌ ڕۆڵه‌ی خودان. چونكه‌ ڕووحی كۆیله‌ییتان وه‌رنه‌گرتووه‌ بۆ ترس، به‌ڵكو ڕووحی ڕۆڵه‌یێتیتان وه‌رگرتووه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ هاوار ده‌كه‌ین: “بابه‌! باوكه‌!” ڕووح خۆی گه‌واهیی بۆ ڕووحمان ده‌دات كه‌ ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی خوداین. ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مه‌سیح، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازار بچێژین، بۆ ئه‌وه‌ی تاكو له‌گه‌ڵ ئه‌و شكۆدار بین. پێم وایه‌ ئازاره‌كانی ئێستا له‌گه‌ڵ شكۆی داهاتوو كه‌ تیاماندا ئاشكرا ده‌كرێت به‌راورد ناكرێت. چونكه‌ ئافریده‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات ڕۆڵه‌كانی خودا ئاشكرا بكرێن. چونكه‌ ئافریده‌ بۆ وه‌ڕسبوون ملكه‌چ كرا، نه‌ک به‌ ئاره‌زوو، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ملكه‌چی كرد، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی ئافریده‌ له‌ كۆیلایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئازاد بكرێت به‌ره‌و سه‌ربه‌ستیی شكۆمه‌ندی ڕۆڵه‌كانی خودا. ده‌زانین هه‌موو ئافریده‌ تا ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ژانیگرتووه‌. نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ش كه‌ نۆبه‌ره‌ی ڕووحمان هه‌یه‌، خۆشمان له‌ ناخماندا ده‌ناڵێنین كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌ چاوه‌ڕێی ڕۆڵه‌یێتین، به‌ قوربانیدانی جه‌سته‌مان. چونكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕزگارمان بوو. به‌ڵام هیوای بینراو هیوا نییه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینی هیوای چی پێ ده‌خوازیت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوای شتێک بخوازین كه‌ بینراو نییه‌، ئه‌وا به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووح له‌ لاوازییه‌كانماندا یارمه‌تیمان ده‌دات. چونكه‌ نازانین پێویسته‌ له‌پێناوی چی نوێژ بكه‌ین، به‌ڵام ڕووح خۆی به‌ ناڵه‌وه‌ داكۆكیمان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ باس ناكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵ ده‌پشكنێت، ده‌زانێت بایه‌خی ڕووح چییه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی خواستی خودا داكۆكی له‌ پارساكان ده‌كات.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 8 بخوێنەوە

ڕۆما 12:8-27 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین. پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد، بە هیوای ئەوەی کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا. دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان، چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین. بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.

هاوبەشی بکە
ڕۆما 8 بخوێنەوە