لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:9-21

ئاشکراکردن 1:9-21 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا فریشته‌ی پێنجه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌ماشام كرد هه‌ساره‌یه‌ک له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر زه‌وی، كلیلی دۆڵی بێبنی پێدرا. كاتێ دۆڵی بێبنی كرده‌وه‌، دووكه‌ڵێک وه‌ک دووكه‌ڵی كووره‌یه‌كی مه‌زن لێی به‌رزبووه‌وه‌، دووكه‌ڵه‌كه‌ی دۆڵی بێبن خۆر و هه‌وای تاریک كرد. له‌ دووكه‌ڵه‌كه‌وه‌ كوللـه‌ ده‌رچوون بۆ سه‌ر زه‌وی و ده‌سه‌ڵاتێكی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتی دووپشكی زه‌وییان پێدرا. فه‌رمانیان پێدرابوو زیان به‌ گیای زه‌وی و هیچ سه‌وزایی و هیچ دره‌ختێک نه‌گه‌یێنن، ته‌نها به‌و كه‌سانه‌ كه‌ مۆری خودایان به‌ نێوچه‌وانه‌وه‌ نییه‌. ڕێیان پێ نه‌درابوو بیانكوژن، به‌ڵكو پێنج مانگ ئازار بچێژن، ئازاره‌كه‌ی وه‌ک ئازاری دووپشكه‌ كاتێ به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌دات. له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵک به‌دوای مه‌رگدا ده‌گه‌ڕێن و نایدۆزنه‌وه‌، حه‌ز له‌ مه‌رگ ده‌كه‌ن و مه‌رگ لێیان هه‌ڵدێت. شێوه‌ی كوللـه‌كان وه‌ک ئه‌سپ بوو بۆ جه‌نگ ئاماده‌ كرابێت، له‌سه‌ر سه‌ریان شتێكی وه‌ک تاجی زێڕین بوو، ڕوویان وه‌ک ڕووی مرۆڤ. قژیان وه‌ک قژی ژن بوو، ددانه‌كانیان وه‌ک ددانی شێر. سپه‌ریان هه‌بوو، وه‌ک سپه‌ری ئاسنین، ده‌نگی باڵه‌كانیان وه‌ک ده‌نگی گالیسكه‌ی ئه‌سپێكی زۆر بوو بۆ جه‌نگ ڕابكه‌ن. چه‌ند كلكێكی چزووداری وه‌ک دووپشكیان هه‌بوو، پێنج مانگ ده‌سه‌ڵاتی كلكه‌كانیان بۆ ئازاردانی خه‌ڵک بوو. فریشته‌ی دۆڵی بێبن پاشا بوو به‌سه‌ریانه‌وه‌، به‌ عیبری ناوی “ئه‌به‌دون” ـه‌ و به‌ یۆنانی ناوی “ئه‌پۆلیۆن” ـه‌. ئه‌وه‌تا یه‌كه‌م واوه‌یلا به‌سه‌رچوو. دوو واوه‌یلای دیكه‌ ماوه‌ كه‌ دوای ئه‌مه‌ دێن. فریشته‌ی شه‌شه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ده‌نگێک له‌ چوار قۆچه‌كه‌ی قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م خوداوه‌ هاته‌ گوێم، به‌ فریشته‌ی شه‌شه‌می ده‌ووت كه‌ كه‌ڕه‌ناكه‌ی پێبوو: “چوار فریشته‌ به‌ستراوه‌كه‌ی لای ڕووباری فوڕاتی مه‌زن ئازاد بكه‌”. چوار فریشته‌كه‌ی ئاماده‌ كرابوون بۆ ئه‌و كاژێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵه‌، ئازاد كران، تاكو سێیه‌كی مرۆڤ بكوژن. ژماره‌ی سه‌ربازه‌ سواره‌كان دوو سه‌د ملیۆن بوون، گوێم له‌ ژماره‌یان بوو. ئاوا ئه‌سپه‌كان و سواره‌كانیانم له‌ بینینه‌كه‌دا بینی: سپه‌ری ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هه‌بوو، سه‌ری ئه‌سپه‌كان وه‌ک سه‌ری شێر بوون، له‌ ده‌میانه‌وه‌ ئاگر و دووكه‌ڵ و گۆگرد ده‌رده‌چوو. به‌و سێ ده‌رده‌ سێیه‌كی ئاده‌میزادان كوژران، به‌ ئاگر و دووكه‌ڵ و گۆگرد كه‌ له‌ ده‌میان ده‌رده‌چوو. چونكه‌ هێزی ئه‌سپه‌كان له‌ ده‌م و كلكیانه‌، چونكه‌ كلكیان وه‌ک مار سه‌ری هه‌یه‌، خه‌ڵكی پێ ئازار ده‌دات. پاشماوه‌ی مرۆڤه‌كان كه‌ به‌و ده‌ردانه‌ نه‌كوژران، تۆبه‌یان له‌ كرده‌ی ده‌ستی خۆیان نه‌كرد. نه‌وه‌ستان له‌ كڕنۆش بردن بۆ شه‌یتانه‌كان و بته‌ زێڕین و زیو و مس و به‌رد و دارینه‌كان، كه‌وا ناتوانن ببیستن و ببینن و ڕێ بكه‌ن. هه‌روه‌ها له‌ كوشتن و جادووگه‌ری و داوێنپیسی و دزیكردنیان تۆبه‌یان نه‌كرد.

ئاشکراکردن 1:9-21 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک فریشتەی پێنجەم کەڕەناکەی لێدا، تەماشام کرد ئەستێرەیەک لە ئاسمانەوە کەوتە سەر زەوی و کلیلی بیری بێ بنی پێدرابوو. کاتێک فریشتەکە بیری بێ بنی کردەوە، دووکەڵێک لە شێوەی دووکەڵی کوورەیەکی گەورە لێی بەرزبووەوە و خۆر و ئاسمانی تاریک کرد. لە دووکەڵەکەوە کوللە بارییە سەر زەوی و توانا و دەسەڵاتێکی وەک توانا و دەسەڵاتی دووپشکی زەوییان پێدرابوو. کوللەکان فەرمانی ئەوەیان پێدرابوو کە زیان بە گیای زەوی و هیچ سەوزایی و هیچ درەختێک نەگەیەنن، تەنها زیان بەو خەڵکانە بگەیەنن کە مۆری خودایان بە نێوچەوانەوە نییە. ڕێیان پێنەدرابوو ئەو خەڵکانە بکوژن، بەڵکو پێنج مانگ ئازاریان بدەن. ئازارەکەی وەک ئازاری دووپشکە کاتێک بە مرۆڤەوە دەدات. لەو ڕۆژانەدا خەڵک بەدوای مردندا دەگەڕێن بەڵام نایدۆزنەوە، حەز لە مردن دەکەن بەڵام مردن لێیان ڕادەکات. شێوەی کوللەکان وەک ئەو ئەسپانە بوون کە بۆ شەڕ ئامادە دەکرێن، لەسەر سەریان شتێک لە شێوەی تاجێکی زێڕین هەبوو و ڕوخساریان وەک مرۆڤ بوو. قژیان لە شێوەی قژی ئافرەت بوو و ددانەکانیشیان وەک ددانی شێر. زرێیان هەبوو وەک زرێی ئاسنین، دەنگی باڵەکانیان وەک دەنگی ئەو گالیسکانە بوو کە ئەسپێکی زۆری پێوەیە و تاودەدرێن بەرەو جەنگ. چەند کلکێکی چزووداری وەک دووپشکیان هەبوو، پێنج مانگ توانا و دەسەڵاتی ئەوەیان پێدرابوو کە بە کلکەکانیان ئازاری خەڵک بدەن. فریشتە بەدکارەکەی بیری بێ بن پاشا بوو بەسەریانەوە، بە عیبری ناوی ئەبەدۆنە‏ و بە یۆنانی ناوی ئەپۆلیۆنە‏ . نەهامەتی یەکەم نەماوە، دوو نەهامەتی دیکە ماون کە دوای ئەمە دێن. پاشان فریشتەی شەشەم کەڕەناکەی لێدا و دەنگێک لە چوار قۆچەکەی قوربانگا زێڕینەکەی بەردەم خوداوە هاتە بەر گوێم، کە بە فریشتەی شەشەمی دەگوت کە کەڕەناکەی پێبوو: «چوار فریشتە بەستراوەکەی لای ڕووباری گەورەی فورات ئازاد بکە.» چوار فریشتەکەی ئامادە کرابوون بۆ ئەو کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵە، ئازاد کران، تاکو سێیەکی ئادەمیزاد بکوژن. گوێم لێبوو ژمارەی سەربازە سوارەکان دوو هێندەی دە هەزار جار دە هەزار بوو. ئەو ئەسپ و سوارانەی کە لە بینینەکەدا بۆم ئاشکرا کران بەم شێوەیە بوون: زرێی ئاگرین و مرواریدار و گۆگردیان هەبوو، سەری ئەسپەکان وەک سەری شێر وابوون و لە دەمیانەوە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد دەردەچوو. بەو سێ بەڵایە سێیەکی ئادەمیزاد کوژران، بە ئاگر و دووکەڵ و گۆگرد کە لە دەمیانەوە دەردەچوو. هێزی ئەسپەکان لە دەم و کلکیاندا بوو، چونکە کلکیان وەک مار سەری هەبوو خەڵکیان پێ ئازار دەدا. پاشماوەی ئادەمیزاد کە بەو بەڵایانە نەکوژران، تۆبەیان لە کردەی دەستی خۆیان نەکرد. بەردەوام بوون لە کڕنۆشبردن بۆ ڕۆحی پیس و ئەو بتانەی کە لە زێڕ و زیو و بڕۆنز و بەرد و دار دروستکرابوون، کە ناتوانن ببیستن و ببینن و بڕۆن. هەروەها لە کوشتن و فاڵچیێتی و داوێنپیسی و دزیکردن تۆبەیان نەکرد.