لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:6-17

ئاشکراکردن 1:6-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

سه‌یرم كرد كه‌ كاوڕه‌كه‌ یه‌كێک له‌ حه‌وت مۆره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ئینجا گوێم لێبوو یه‌كێک له‌ چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ به‌ ده‌نگێكی وه‌ک هه‌وره‌تریشقه‌ وتی: “وه‌ره ته‌ماشا بكه‌‌”! سه‌یرم كرد ماینێكی سپیم بینی، سواره‌كه‌ی كه‌وانێكی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو و تاجێكی پێدرابوو، به‌ سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ ده‌رچوو تاكو سه‌ربكه‌وێت. كاتێ مۆری دووه‌می كرده‌وه‌، گوێم له‌ بوونه‌وه‌ری دووه‌م بوو وتی: “وه‌ره‌ ته‌ماشا بكه‌!” ماینێكی دیكه‌ی سوور ده‌رچوو، سواره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پێی درابوو ئاشتی له‌ زه‌ویدا هه‌ڵبگرێت، تاكو خه‌ڵک یه‌كتری بكوژن. هه‌روه‌ها شمشێرێكی مه‌زنی پێدرابوو. كاتێ مۆری سێیه‌می كرده‌وه‌، گوێم لێبوو بوونه‌وه‌ری سێیه‌م وتی: “وه‌ره‌ ته‌ماشا بكه‌!” سه‌یرم كرد، ماینێكی ڕه‌شم بینی، سواره‌كه‌ی ته‌رازوویه‌كی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. گوێم لێبوو ده‌نگێک له‌ناوه‌ڕاستی چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌وه‌ ده‌یووت: “یه‌ک ڕبه‌ گه‌نم به‌ دینارێک، سێ ڕبه‌ جۆ به‌ دینارێک، به‌ڵام زیان به‌ ڕۆن و مه‌یه‌كه‌ مه‌گه‌یه‌نه‌”. كاتێ مۆری چواره‌می كرده‌وه‌، گوێم له‌ ده‌نگی بوونه‌وه‌ری چواره‌م بوو وتی: “وه‌ره‌ ته‌ماش بكه‌!” سه‌یرم كرد، ماینێكی سه‌وزم بینی، سواره‌كه‌ی ناوی مه‌رگ بوو، دۆڵی بێبن دوای كه‌وتبوو. ده‌سه‌ڵاتیان پێدرابوو چاره‌كی زه‌وی به‌ شمشێر و برسیێتی و مه‌رگ بكوژن، هه‌روه‌ها به‌ دڕنده‌كانی زه‌وی. كاتێ مۆری پێنجه‌می كرده‌وه‌، له‌ ژێر قوربانگادا ڕووحی ئه‌وانه‌م بینی كه‌ له‌پێناوی وشه‌ی خودا و له‌پێناوی ئه‌و گه‌واهییه‌ی له‌لایان بوو كوژرابوون. به‌ ده‌نگێكی مه‌زن هاواریان كرد و وتیان: “ئه‌ی گه‌وره‌ و پارسا و ڕه‌وا، هه‌تا كه‌ی حوكمیان ناده‌یت و تۆڵه‌ی خوێنی ئێمه‌ له‌ دانیشتووانی زه‌وی ناستێنیت؟” جا هه‌ریه‌كه‌یان جلێكی سپییان پێدرا و پێیان وترا ماوه‌یه‌ک بسره‌ون، تاكو به‌نده‌ هاوكاره‌كان و براكانیان كه‌ وه‌ک ئه‌وان ده‌كوژرێن ته‌واو ده‌بن. سه‌یرم كرد كه‌ مۆری شه‌شه‌می كرده‌وه‌، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا و خۆر وه‌ک به‌رگی ماته‌م ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕا، مانگیش وه‌ک خوێن سوور هه‌ڵگه‌ڕا، ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان كه‌وتنه‌ زه‌وی، وه‌ک دارهه‌نجیر كاتێ بایه‌كی توند ده‌یهه‌ژێنێت، به‌ره‌كه‌ی ده‌كه‌وێت. ئاسمان وه‌ک پێچراو كه‌رت بوو، هیچ چیا و دوورگه‌یه‌ک له‌ شوێنی خۆی نه‌ما. پاشایانی زه‌وی و سوپاسالاره‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندان و میره‌كان و به‌هێزه‌كان و هه‌موو كۆیله‌ و ئازادێک، خۆیان له‌ ئه‌شكه‌وت و تاشه‌به‌ردی چیا حه‌شار دا، به‌ چیا و به‌رده‌كانیان ده‌ووت: “بكه‌ونه‌ سه‌رمان تاكو له‌ڕووی دانیشتووی سه‌ر ته‌خت و تووڕه‌یی كاوڕه‌كه‌ بمانشارنه‌وه‌! چونكه‌ ڕۆژی تووڕه‌بوونه‌ مه‌زنه‌كه‌ی هاتووه‌. كێ ده‌توانێت ڕاوه‌ستێت؟”.

ئاشکراکردن 1:6-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

سەیرم کرد کە بەرخەکە یەکێک لە حەوت مۆرەکەی کردەوە. ئینجا گوێم لێبوو یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە بە دەنگێکی وەک هەورەگرمە گوتی: «وەرە!» تەماشام کرد و ئەسپێکی سپیم بینی. سوارەکەی کەوانێکی بەدەستەوە بوو و تاجێکی پێدرابوو، بە سەرکەوتنەوە دەرچوو تاکو سەربکەوێت. کاتێک بەرخەکە مۆری دووەمی کردەوە، گوێم لە بوونەوەری دووەم بوو گوتی: «وەرە!» ئەسپێکی دیکەی سووری درەوشاوە هاتە پێشەوە، سوارەکەی دەسەڵاتی پێدرابوو ئاشتی لە زەویدا نەهێڵێت تاکو خەڵک یەکتری بکوژن. هەروەها شمشێرێکی گەورەی پێدرابوو. کاتێک بەرخەکە مۆری سێیەمی کردەوە، گوێم لێبوو بوونەوەری سێیەم گوتی: «وەرە!» سەیرم کرد، ئەسپێکی ڕەشم بینی، سوارەکەی تەرازووێکی بەدەستەوە بوو. گوێم لێبوو دەنگێک لە ناوەڕاستی چوار بوونەوەرەکەدا دەیگوت: «یەک مشت گەنم بە دینارێک، سێ مشت جۆ بە دینارێک، بەڵام زیان بە ڕۆن و شەرابەکە مەگەیەنە.» کاتێک بەرخەکە مۆری چوارەمی کردەوە، گوێم لە دەنگی بوونەوەری چوارەم بوو گوتی: «وەرە!» تەماشام کرد، ئەسپێکی زەردباوم بینی، سوارەکەی ناوی «مردن» بوو، یەکێکی دیکە بە ناوی «جیهانی مردووان» دوای کەوتبوو. هەردووکیان دەسەڵاتیان پێدرابوو کە چارەکی دانیشتووانی زەوی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد و بە دڕندە کێوییەکانی زەوی بکوژن. کاتێک مۆری پێنجەمی کردەوە، لەژێر قوربانگادا ڕۆحی ئەوانەم بینی لەبەر پەیامی خودا و لەبەر ئەو شایەتییەی لەلایان بوو کوژرابوون. بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدانی باڵادەست، پیرۆز و ڕاست، هەتا کەی حوکمیان نادەیت و تۆڵەی خوێنی ئێمە لە دانیشتووانی سەر زەوی ناستێنی؟» جا هەریەکەیان جلێکی سپییان درایێ و پێیان گوترا ماوەیەک بحەسێنەوە، هەتا بەندە هاوکارەکان و خوشک و براکانیان کە وەک ئەوان دەکوژرێن تەواو دەبن. تەماشام کرد کە مۆری شەشەمی کردەوە، بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و خۆر وەک جلوبەرگی ماتەم ڕەش هەڵگەڕا، مانگیش وەک خوێن سوور هەڵگەڕا و ئەستێرەکانی ئاسمان کەوتنە زەوی، وەک دار هەنجیر کاتێک بایەکی توند دەیهەژێنێت، بەرەکەی دەکەوێت. ئاسمان وەک تۆمارێکی لوولکراو لەبەرچاو ون بوو، هیچ چیا و دوورگەیەک لە شوێنی خۆی نەما. پاشایانی سەر زەوی و گەورە و سوپاسالار و دەوڵەمەند و بەهێز و هەموو کۆیلە و ئازادێک، خۆیان لە ئەشکەوت و تاشەبەردی چیادا حەشار دا. بە چیا و بەردیان دەگوت: «بکەونە سەرمان تاکو لە ڕووی دانیشتووی سەر تەختەکە و تووڕەیی بەرخەکە بمانشارنەوە! چونکە ڕۆژی تووڕەبوونە گەورەکەیان هاتووە و کێ دەتوانێت خۆی ڕابگرێت؟»