لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئاشکراکردن 1:11-19

ئاشکراکردن 1:11-19 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاشان قامیشێكی وه‌ک داری پێوانه‌م پێدرا، فریشته‌كه‌ وه‌ستا و پێی وتم: “هه‌سته‌، په‌رستگای خودا و قوربانگا و كڕنۆشبه‌ران بپێوه‌. واز له‌ حه‌وشه‌ی په‌رستگا بهێنه‌ و مه‌یپێوه‌، چونكه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌كان دراوه‌، چل و دوو مانگیش شاری پارسا پێشێل ده‌كه‌ن. به‌ دوو گه‌واهیده‌ره‌كانم ده‌ده‌م بۆ هه‌زار و دوو سه‌د و شه‌ست ڕۆژ به‌ به‌رگی ماته‌مه‌وه‌ پێشبینی بكه‌ن”. ئه‌مانه‌ ئه‌و دوو دارزه‌یتوونه‌ و ئه‌و دوو چرادانه‌ن كه‌ له‌به‌رده‌م په‌روه‌ردگاری زه‌وی ڕاوه‌ستاون. ئه‌گه‌ر یه‌كێک بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت، ئاگر له‌ ده‌میانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و دوژمنانیان ده‌خۆن. ئه‌گه‌ر یه‌كێک بیه‌وێت زیانیان پێ بگه‌یێنێت ده‌بێت ئاوا بكوژرێت. ئه‌مانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ له‌ ڕۆژانی پێغه‌مبه‌رایه‌تییان ئاسمان دابخه‌ن، تاكو باران نه‌بارێت. هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ئاودا هه‌یه‌ بیكه‌نه‌ خوێن، به‌ هه‌موو ده‌ردێک له‌ زه‌وی بده‌ن، هه‌ر كاتێ بیانه‌وێ. كاتێ گه‌واهییه‌كه‌یان ته‌واو كرد، ئه‌و دڕنده‌یه‌ی له‌ دۆڵی بێبن دێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵیان ده‌جه‌نگێت، ده‌یانبه‌زێنێت و ده‌یانكوژێت. ته‌رمه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قامی شاره‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌بێت كه‌ ناوی ڕووحییان سه‌دوم و میسڕه‌، له‌وێش په‌روه‌ردگارمان له‌خاچدرا. خه‌ڵكی له‌ گه‌ل و هۆز و زمان و نه‌ته‌وه‌كان بۆ ماوه‌ی سێ ڕۆژ و نیو ته‌ماشای ته‌رمه‌كانیان ده‌كه‌ن، ناهێڵن بنێژرێن. دانیشتووانی زه‌وی پێی شاد ده‌بن و شادمان ده‌بن، دیاری بۆ یه‌كتری ده‌نێرن، چونكه‌ ئه‌م دوو پێغه‌مبه‌ره‌ دانیشتووانی سه‌ر زه‌وییان ئازار ده‌دا. پاش سێ ڕۆژ و نیوه‌كه‌، ڕووحی ژیان له‌ خوداوه‌ چووه‌ ناویان، ئه‌وانیش هه‌ستانه‌وه‌ سه‌رپێیانیان و ترسێكی گه‌وره‌ كه‌وته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌ماشایان ده‌كرد. ده‌نگێكی مه‌زنیشیان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بیست، پێی ده‌فه‌رموون: “سه‌ربكه‌ونه‌ ئێره‌”. ئه‌وانیش له‌به‌رچاوی دوژمنانیان له‌ هه‌وردا بۆ ئاسمان سه‌ركه‌وتن. هه‌ر له‌و كاته‌دا بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی مه‌زن ڕوویدا و ده‌یه‌كی شاره‌كه‌ كه‌وت. حه‌وت هه‌زار كه‌س به‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ كوژران، ئه‌وانی دیكه‌ ترسان، ستایشی خوداوه‌ندی ئاسمانیان كرد. دووه‌م واوه‌یلا به‌سه‌رچوو، ئه‌وه‌تا واوه‌یلای سێیه‌م وا به‌ خێرایی دێت. فریشته‌ی حه‌وته‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و چه‌ند ده‌نگێكی مه‌زن له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتن و وتیان: “پاشایه‌تییه‌كانی جیهان بووه‌ هی په‌روه‌ردگارمان و مه‌سیحه‌كه‌ی، وا تاهه‌تایه‌ فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات”. بیست و چوار پیره‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خودا له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون، به‌ ڕوودا كه‌وتن و كڕنۆشیان بۆ خودا برد، وتیان: “سوپاست ده‌كه‌ین، ئه‌ی په‌روه‌ردگار و خوداوه‌ندی توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت، چونكه‌ هێزه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خۆت وه‌رگرت و فه‌رمانڕه‌واییت كرد. نه‌ته‌وه‌كان تووڕه‌ بوون، تووڕه‌یی تۆش هاتووه‌. كاتی لێپرسینه‌وه‌ی مردووان هات، بۆ پاداشتكردنی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانت و پارساكان و ئه‌وانه‌ی له‌ ناوت ده‌ترسن، گه‌وره‌ و بچووک، هه‌روه‌ها بۆ له‌ناوبردنی ئه‌وانه‌ی زه‌ویان له‌ناوده‌برد”. په‌رستگای خوداش له‌ ئاسماندا كرایه‌وه‌ و چه‌مه‌دانی په‌یمانه‌كه‌ی له‌ په‌رستگاكه‌ی ده‌ركه‌وت. له‌وێدا بووه‌ بروسكه‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌تریشقه‌ و بوومه‌له‌رزه‌ و ته‌رزه‌یه‌كی مه‌زن.

ئاشکراکردن 1:11-19 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشان قامیشێکی وەک داری پێوانەم پێدرا، خوداش پێی فەرمووم: «هەستە، پەرستگای خودا و قوربانگا بپێوە و ئەو خەڵکانە بژمێرە کە تێیدا کڕنۆش دەبەن. بەڵام واز لە حەوشەی پەرستگا بهێنە و مەیپێوە، چونکە بە ناجولەکەکان دراوە. ئەوان چل و دوو مانگ شاری پیرۆز پێشێل دەکەن. هەروەها توانا و دەسەڵات بە دوو شایەتەکەم دەدەم بۆ هەزار و دوو سەد و شەست ڕۆژ بە جلوبەرگی گوشەوە پەیامی خودا ڕابگەیەنن.» ئەمانە ئەو دوو دار زەیتوونە و ئەو دوو چرادانەن کە لەبەردەم پەروەردگاری جیهاندا ڕاوەستاون. ئەگەر یەکێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، ئاگر لە دەمیانەوە دەردەچێت و دوژمنانیان دەخوات. هەر کەسێک بیەوێت زیانیان پێ بگەیەنێت، دەبێت بەم شێوەیە بکوژرێت. ئەمانە دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە کە لە کاتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا ئاسمان دابخەن، تاکو باران نەبارێت. هەروەها دەسەڵاتیان بەسەر ئاودا هەیە کە هەر کاتێک بیانەوێ بیکەنە خوێن و زەوی تووشی هەموو بەڵایەک بکەن. کاتێک شایەتییەکەیان تەواو کرد ئەو دڕندەیەی لە بیری بێ بن دێتە دەرەوە، لەگەڵیان دەجەنگێت، دەیانبەزێنێت و دەیانکوژێت. هەروەها تەرمەکانیان لەسەر شەقامی شارە گەورەکە دەبێت کە ناوی مەجازی سەدۆم و میسرە، لەوێش گەورەکەیان لە خاچ درا. بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و نیو خەڵکانێک لە هەموو گەل و هۆز و زمان و نەتەوەکان تەماشای تەرمەکانیان دەکەن و ناهێڵن تەرمەکانیان بنێژرێن، هەروەها دانیشتووانی سەر زەوی پێی شاد دەبن و شایی دەگێڕن و دیاری بۆ یەکتری دەنێرن، چونکە ئەم دوو پێغەمبەرە دانیشتووانی سەر زەوییان ئازار دابوو. بەڵام پاش سێ ڕۆژ و نیو هەناسەی ژیان لە خوداوە چووە ناویان، ئەوانیش هەستانەوە لەسەر پێیەکانیان و ترسێکی گەورە کەوتە سەر ئەوانەی تەماشایان دەکرد. دەنگێکی بەرزیشیان لە ئاسمانەوە بیست کە پێی دەفەرموون: «سەربکەونە ئێرە.» ئەوانیش لەبەرچاوی دوژمنانیان لە هەوردا بۆ ئاسمان سەرکەوتن. هەر لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەکی گەورە ڕوویدا و دەیەکی شارەکە داڕما. حەوت هەزار کەس بە بوومەلەرزەکە کوژران، ئەوانی دیکە ترسان و ستایشی خودای ئاسمانیان کرد. نەهامەتی دووەم نەما، ئەوەتا نەهامەتی سێیەم زوو دێت. فریشتەی حەوتەمیش کەڕەناکەی لێدا و چەند دەنگێکی بەرز لە ئاسمانەوە هاتن و گوتیان: «شانشینی جیهان بووەتە شانشینی پەروەردگارمان و مەسیحەکەی، مەسیحیش بۆ هەتاهەتایە پاشایەتی دەکات.» ئەو بیست و چوار پیرەی کە لەبەردەم خودا لەسەر تەختەکانیان دانیشتبوون، خۆیان بە زەویدا دا و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، گوتیان: «سوپاست دەکەین، خودای پەروەردگاری هەرە بەتوانا، ئەوەی هەیە و هەبووە، چونکە هێزە گەورەکەی خۆتت وەرگرت و دەستت بە فەرمانڕەوایی کرد. نەتەوەکان تووڕە بوون، بەڵام کاتی تووڕەیی تۆش هاتووە. کاتی لێپرسینەوەی مردووان هات، بۆ پاداشتکردنی بەندە پێغەمبەرەکانت و گەلە پیرۆزەکەت کە لە ناوی تۆ دەترسن، بە گەورە و بچووکەوە، هەروەها بۆ لەناوبردنی ئەوانەی زەوی لەناودەبەن.» پەرستگای خوداش لە ئاسمان کرایەوە و سندوقی پەیمانەکەی لە پەرستگاکەی دەرکەوت. لەوێدا بووە هەورە بروسکە و دەنگەدەنگ و هەورەگرمە و بوومەلەرزە و تەرزەی قەبارە گەورە باری.