لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:86-17

زەبوورەکان 1:86-17 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی په‌روه‌ردگار گوێ‌ ڕادێره‌ و به‌ده‌نگمه‌وه‌ وه‌ره‌، چونكه‌ من هه‌ژار و نه‌دارم. ژیانم بپارێزه‌. چونكه‌ من خوداناسم. خودایه‌ به‌نده‌كه‌ی خۆت ڕزگار بكه‌ كه‌ پشتی پێت به‌ستووه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌. چونكه‌ من به‌ درێژایی ڕۆژ هاوارت بۆ ده‌كه‌م. گیانی به‌نده‌ی خۆت شاد بكه‌، ئه‌ی په‌روه‌ردگار چونكه‌ گیانی خۆم بۆ تۆ به‌رزده‌كه‌مه‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ چاک و لێبووردوویت. پڕ له‌ میهره‌بانیت بۆ ئه‌وانه‌ی هاوارت بۆ ده‌هێنن. ئه‌ی په‌روه‌ردگار گوێ‌ له‌ نوێژم بگره‌. گوێ‌ له‌ پاڕانه‌وه‌م بگره‌. له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا هاوار بۆ تۆ ده‌هێنم. چونكه‌ به‌ هاوارمه‌وه‌ دێیت. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كوا هاوشێوه‌ی تۆ له‌نێو خوداوه‌ندكان؟ كوا هاوشێوه‌ی كرده‌وه‌كانت؟ ئه‌ی په‌روه‌ردگار، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی دروستت كردوون. دێن و له‌ به‌رده‌م تۆدا كڕنۆش ده‌به‌ن و ناوت شكۆدار ده‌كه‌ن. چونكه‌ تۆ مه‌زنیت و كاری سه‌رسوڕهێنه‌رت كردووه‌. هه‌ر ته‌نیا تۆ خودایت. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ڕێگای خۆتم فێر بكه‌. تا به‌ ڕه‌وای تۆ بڕۆم. دڵم یه‌ک بخه‌ بۆ ترسی ناوه‌كه‌ت. خودایه‌، په‌روه‌ردگارم، به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ سوپاست ده‌كه‌م. تاهه‌تایه‌ ناوت شكۆدار ده‌كه‌م. چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ت مه‌زنه‌ بۆ من، گیانی منت له‌ دۆڵی بێبنی ژێره‌وه‌ ده‌ربازكرد. خودایه‌. لووتبه‌رزه‌كان لێم هه‌ستاون، تاقمه‌ زۆرداره‌كان ده‌یانه‌وێت له‌ناوم ببه‌ن، تۆ له‌به‌رچاو ناگرن. به‌ڵام ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ خوداوه‌ندێكی میهره‌بان و به‌زه‌ییداریت، پشوودرێژیت و پڕیت له‌ میهره‌بانی و ڕه‌وا. ئاوڕم لێبده‌وه‌ و له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌. هێزی خۆت به‌ به‌نده‌كه‌ت ببه‌خشه‌ و ڕۆڵه‌ی كاره‌كه‌ره‌كه‌ت ڕزگار بكه‌. نیشانه‌ی چاكه‌ی خۆتم له‌گه‌ڵ بكه‌. بۆ ئه‌وه‌ی ناحه‌زانم ببینن و شه‌رمه‌زار بن، چونكه‌ تۆ ئه‌ی په‌روه‌ردگار. یارمه‌تیت داوم و دڵنه‌واییت كردووم.

زەبوورەکان 1:86-17 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە، من هەژار و نەدارم. ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم، تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە، ئەوەی پشتی پێت بەستووە. ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم. گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە، ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە. ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت، پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن. ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، گوێ لە پاڕانەوەم بگرە. لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم، چونکە بە هاوارمەوە دێیت. ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟ کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟ ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون، دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و ناوت شکۆدار دەکەن، چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە، هەر تەنها تۆ خودایت. ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە، بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم، دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت. ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم، هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من، گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد. ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون، تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن، تۆ لەبەرچاو ناگرن. بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت، پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیی. ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە، هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە. نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە، بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن، ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.