لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:50-23

زەبوورەکان 1:50-23 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

خوداوه‌ندی خوداوه‌نده‌كان، په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێت، له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ تا خۆرئاوا زه‌وی بانگ ده‌كات. له‌ سیهیۆنه‌وه‌ كه‌ له‌ جوانیدا ته‌واوه‌، خودا پرشنگ ده‌دات. خوداوه‌ندمان دێت و بێده‌نگ نابێت. ئاگر له‌ پێشیه‌وه‌ هه‌ڵده‌لووشێت، گه‌رده‌لوولێكی له‌ ده‌وردایه‌ هه‌ڵچووه‌. له‌ به‌رزاییه‌وه‌ بانگی ئاسمان ده‌كات، هه‌روه‌ها زه‌وی، بۆ دادگایی كردنی گه‌له‌كه‌ی: “خوداناسه‌كانم بۆ كۆبكه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌ قوربانی په‌یمانیان له‌گه‌ڵ به‌ستووم”. ئاسمان دادپه‌وه‌رییه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ خودا خۆی دادوه‌ره‌. سیلاه‌. ئه‌ی گه‌لی من، گوێ‌ بگرن تا قسه بكه‌م. ئه‌ی ئیسڕائیل، تا گه‌واهیت له‌سه‌ر بده‌م: من خودام، خودای تۆم. سه‌رزه‌نشتت ناكه‌م له‌سه‌ر قوربانییه‌كانت، چونكه‌ قوربانییه‌ سووتاوه‌كانت هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌مم دایه‌. من پێویستیم به‌ گای ماڵه‌كه‌ت نییه‌، پێویستیم به‌ گیسكی مێگه‌له‌كه‌ت نییه‌. چونكه‌ هه‌موو گیانه‌وه‌رانی دارستان و مێگه‌له‌كانی سه‌ر هه‌زاره‌ها گرد هی منن. هه‌موو باڵنده‌ی چیاكان ده‌ناسم، هه‌موو زینده‌وه‌رانی ده‌شت وده‌ر هی منن. ئه‌گه‌ر برسی بم، به‌ تۆ ناڵێم، چونكه‌ جیهان و هه‌رچی تێیدایه‌ هی منه‌. ئایا من گۆشتی گا ده‌خۆم، یان خوێنی گیسک ده‌خۆمه‌وه‌؟ قوربانیی سوپاسگوزاری بۆ خودا بكه‌، نه‌زره‌كانت به‌رامبه‌ر هه‌ره‌به‌رز بهێنه‌ دی، له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا داوام لێ بكه‌، ده‌ربازت ده‌كه‌م و شكۆدارم ده‌كه‌یت. به‌ڵام خودا به‌ به‌دكار ده‌فه‌رمووێ‌: “تۆ كێیت باسی فه‌رزه‌كانم من ده‌كه‌یت و په‌یمانی منت به‌سه‌ر زماندا دێت؟ تۆ كه‌ ڕقت له‌ ته‌مبێكردنه‌ و قسه‌ی منت پشتگوێ‌ خستووه‌. كاتێ دزێک ببینیت، په‌سه‌ندی ده‌كه‌یت، به‌شت له‌گه‌ڵ داوێنپیسانه‌. ده‌مت به‌ خراپه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌، زمانت فێڵبازی داده‌هێنێت. داده‌نیشیت و دژی براكه‌ت قسه‌ده‌كه‌یت. بوختان بۆ كوڕی دایكت هه‌ڵده‌به‌ستیت. ئه‌مانه‌ت كردووه‌ و من بێده‌نگ بووم. وات زانی منیش وه‌ک تۆم. به‌ڵام من سه‌رزه‌نشتت ده‌كه‌م و ڕووبه‌ڕوو تاوانبارت ده‌كه‌م. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی خوداتان له‌بیركردووه‌، ئه‌مه‌ له‌به‌رچاو بگرن، ده‌نا ڕاوتان ده‌كه‌م، كه‌سیش نایه‌ته‌ فریاتان. ئه‌وه‌ی قوربانیی سوپاسگوزاری پێشكه‌ش بكات‌، شكۆدارم ده‌كات، ئه‌وه‌ی ڕێگای خۆی ڕێک بكات ڕزگاریی خودای نیشان ده‌ده‌م”.

زەبوورەکان 1:50-23 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

خودای توانادار، یەزدان، دەفەرموێت، لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوای زەوی بانگ دەکات. لە سییۆنەوە کە لە جوانیدا تەواوە، خودا پڕشنگ دەدات. خودامان دێت و بێدەنگ نابێت، ئاگر لەپێشیەوە هەڵدەلووشێت، گەردەلوولێکی بەهێز لە دەوریەتی. بانگی ئاسمان دەکات لە بەرزایی، هەروەها زەوی، بۆ دادگایی گەلەکەی: «بۆم کۆبکەنەوە خۆشەویستانم، کە بە قوربانی پەیمانیان لەگەڵ بەستووم.» ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت، چونکە خودا خۆی دادوەرە. «ئەی گەلی من، گوێ بگرن هەتا قسە بکەم، ئەی ئیسرائیل، هەتا شایەتیت لەسەر بدەم: من خودام، خودای تۆم. سەرزەنشتت ناکەم لەسەر قوربانییەکانت، قوربانی سووتاندنەکانت هەمیشە لەبەردەممە. من پێویستیم بە گای ماڵەکەت نییە، پێویستیم بە گیسکی ناو پشتیرەکەت نییە، چونکە هەموو گیانلەبەرانی دارستان هی منن، هەروەها مێگەلەکانی سەر هەزارەها گرد. هەموو باڵندەی چیاکان دەزانم، هەموو زیندەوەرانی دەشتودەر هی منن. ئەگەر برسی بم، بە تۆ ناڵێم، چونکە جیهان و هەرچی تێیدایە هی منە. ئایا من گۆشتی گا دەخۆم، یان خوێنی گیسک دەخۆمەوە؟ «قوربانی سوپاسگوزاری بۆ خودا بکە، نەزرەکانت بەرامبەر هەرەبەرز بهێنە دی، لە ڕۆژی تەنگانەدا نزام بۆ بکە، دەربازت دەکەم و شکۆدارم دەکەیت.» بەڵام خودا بە بەدکار دەڵێ: «تۆ کێیت باسی فەرزەکانم دەکەیت، یان پەیمانی منت بەسەر زماندا دێت؟ تۆ کە ڕقت لە تەمبێکردنە و فەرمایشتی منت پشتگوێ خستووە. کاتێک دزێک ببینیت، بە کردارەکەی ڕازی دەبیت، بەشت لەگەڵ داوێنپیسانە. دەمت بە خراپە دەکەیتەوە، زمانت فێڵبازی دادەهێنێت. دادەنیشیت و لە دژی براکەت قسە دەکەیت، بوختان بۆ کوڕی دایکت هەڵدەبەستیت. ئەمانەت کردووە و من بێدەنگ بووم، وات زانی منیش وەک تۆم. بەڵام من سەرزەنشتت دەکەم و ڕووبەڕوو تاوانبارت دەکەم. «ئەی ئەوانەی خوداتان لەبیر کردووە، ئەمە لەبەرچاو بگرن، دەنا پارچەپارچەتان دەکەم، کەسیش نایەتە فریاتان. ئەوەی قوربانی سوپاسگوزاری پێشکەش بکات، شکۆدارم دەکات، ئەوەی ڕێگای خۆی ڕێک بکات، ڕزگاریی خودای نیشان دەدەم.»