لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:39-13

زەبوورەکان 1:39-13 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

وتم: “چاودێری ڕێگای خۆم ده‌كه‌م و زمانی خۆم له‌ گوناه ده‌پارێزم. ئه‌وه‌نده‌ی به‌دكار له‌به‌رده‌ممه‌، ده‌مم به‌ لغاو ده‌به‌ستم”. به‌ڵام كاتێ كپ و بێده‌نگ بووم، شتی چاكم نه‌ده‌ووت، ئازارم زیاد بوو. دڵم له‌ ناخمدا قوڵپی ده‌دا. كه‌ نوقومی بیركردنه‌وه‌ ده‌بووم، گڕم ده‌گرت. ئه‌وسا به‌ زمانم هاتمه‌ قسه‌كردن: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار كۆتایی ژیانی خۆم پیشان بده‌، هه‌روه‌ها ڕۆژه‌كانی ژیانم چه‌نده‌، تا بزانم من چ فه‌وتاوێكم. ئه‌وه‌تا ڕۆژگاری منت كردووه‌ به‌ چه‌ند بستێک، ته‌مه‌نم له‌به‌ر چاوت وه‌ک هیچه‌. ژیانی هه‌موو مرۆڤێک ته‌نها یه‌ک هه‌ناسه‌یه‌. سیلاه‌. مرۆڤ وه‌ک سێبه‌ر دێت و ده‌چێت. بێ هووده‌ ڕه‌نج ده‌دات. سامان كۆده‌كاته‌وه‌ و نازانێت دوای خۆی بۆ كێ‌ ده‌بێت. ئێستاش ئه‌ی په‌روه‌ردگار، من چاوه‌ڕێی چی بكه‌م؟ هیوای من به‌ تۆیه‌. له‌ هه‌موو سه‌رپێچییه‌كانم ده‌ربازم بكه‌، مه‌مكه‌ گاڵته‌جاڕی گێله‌كان. بێده‌نگ بووم، ده‌مم ناكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ تۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ت كردووه‌. به‌ڵای خۆت له‌سه‌رم لابده‌. به‌ زه‌بره‌كانی ده‌ستی تۆ فه‌وتام. مرۆڤ به‌ سه‌رزه‌نشتكردنی له‌به‌ر گوناهه‌كانی ته‌مبێ‌ ده‌كه‌یت، وه‌ک مۆرانه‌ سامانی له‌ناوده‌به‌یت، هه‌ر مرۆڤێک ته‌نها هه‌ناسه‌یه‌كه‌. سیلاه.‌ ئه‌ی په‌روه‌ردگار گوێ‌ له‌ نوێژم بگره‌، گوێ‌ له‌ هاوارم بگره‌. له‌ ئاست گریانم بێده‌نگ مه‌به‌. چونكه‌ له‌لای تۆ وه‌ک نامۆیه‌كم، میوانم وه‌ک هه‌موو باوباپیرانم. ڕووی گرژت له‌ من وه‌رگێڕه‌، تا شادمان ببمه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بڕۆم و نه‌مێنم”.

زەبوورەکان 1:39-13 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

گوتم: «چاودێری ڕێگای خۆم دەکەم و زمانی خۆم لە گوناه دەپارێزم. ئەوەندەی بەدکار لەبەردەممە، دەمم بە لغاو دەبەستم.» بەڵام کاتێک کپ و بێدەنگ بووم، تەنانەت شتی چاکیشم نەدەگوت، ئازارم زیاد بوو. دڵم لە ناخمەوە قوڵپی دەدا، هەروەها کە نوقومی بیرکردنەوە دەبووم، گڕم دەگرت، ئەوسا بە زمانم هاتمە قسەکردن: «ئەی یەزدان، کۆتایی ژیانی خۆم پیشان بدە، هەروەها ڕۆژەکانی ژیانم چەندە، بۆ ئەوەی بزانم من چ فەوتاوێکم. بەڕاستی ڕۆژگاری منت کردووە بە بستێک، تەمەنم لەبەرچاوت وەک هیچە. ژیانی هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە. «بەڕاستی مرۆڤ وەک سێبەر دێت و دەچێت، ڕەنج دەدات، بەڵام بێگومان بێهوودەیە، سامان کۆدەکاتەوە، نازانێت دوای خۆی بۆ کێ دەبێت. «ئێستاش ئەی پەروەردگار، من چاوەڕێی چی بکەم؟ هیوای من بە تۆیە. لە هەموو سەرپێچییەکانم ڕزگارم بکە، مەمکە بە گاڵتەجاڕی گێلەکان. بێدەنگ بووم، دەمم ناکەمەوە، چونکە تۆ ئەوەی کە ئەمەت کردووە. بەڵای خۆت لەسەر من لابدە، بە زەبرەکانی دەستی تۆ فەوتام. مرۆڤ بە سەرزەنشتکردنی لەبەر گوناهەکانی تەمبێ دەکەیت، وەک مۆرانە سامانی ئەو لەناودەبەیت، هەر مرۆڤێک تەنها هەناسەیەکە. «ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، گوێ لە هاوارم بگرە، لە ئاست گریانم گوێت دامەخە، چونکە لەلای تۆ وەک نامۆیەکم، میوانم وەک هەموو باوباپیرانم. ڕووی گرژت لە من وەرگێڕە، هەتا شادمان ببمەوە، پێش ئەوەی بڕۆم و نەمێنم.»