لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 23:37-40

زەبوورەکان 23:37-40 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

په‌روه‌ردگار هه‌نگاوه‌كانی مرۆڤ جێگیر ده‌كات و به‌ڕێگاكه‌ی دڵخۆش ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ساتمه‌ بكات، ناكه‌وێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌ ده‌ستی خۆی پشتی ده‌گرێت. من گه‌نج بووم و ئێستا پیرم، نه‌مدی خوداناس وازی لێبهێنرێت، یان نه‌وه‌كانی سواڵی نان بكه‌ن. هه‌رده‌م دڵفراوانه‌ و قه‌رز ده‌دات، نه‌وه‌كانیشی داڕشت دار ده‌بن. له‌ به‌دكاری لابده‌ و چاكه‌ بكه‌، ئینجا تاهه‌تایه‌ له‌ زه‌ویه‌كه‌ نیشته‌جێ‌ ده‌بیت. چونكه‌ په‌روه‌ردگار حه‌ز له‌ ڕه‌وا ده‌كات، واز له‌ خۆشه‌ویستانی ناهێنێت. تاهه‌تایه‌ ده‌پارێزرێن، به‌ڵام نه‌وه‌ی به‌دكاران دوایان ده‌بڕدرێته‌وه‌، خوداناسان ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌ و تاهه‌تایه‌ له‌ سه‌ری نیشته‌جێ‌ ده‌بن. ده‌می خوداناس به‌ دانایی ده‌ده‌وێت، زمانیشی باسی ڕوا ده‌كات. ته‌وراتی خودای له‌نێو دڵدایه‌، بۆیه‌ پێی ناخلیسكێت. به‌دكار خۆی مات ده‌كات بۆ خوداناس، هه‌وڵده‌دات بیكوژێت. به‌ڵام په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌ستی به‌جێی ناهێڵێت، ناهێڵێ‌ له‌ دادگاش تاوانبار بكرێت. چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگار بكه‌ و ڕێگای ئه‌و بگره‌. ئه‌ویش به‌رزت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌تكات به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌، كاتێ به‌دكاران دوایان ده‌بڕێته‌وه‌، ده‌یان بینیت. به‌دكارم دی زۆرداربوو، وه‌ک دار ئورزێكی سه‌وز له‌ زه‌ویێكی به‌پیت گه‌شه‌ی ده‌كرد. به‌ڵام زوو تێپه‌ڕی و نه‌ما، بۆی گه‌ڕام دیاری نه‌بوو. بڕوانه‌ مرۆڤی ته‌واو، سه‌یری مرۆڤی ڕاست بكه‌، مرۆڤی ئاشتیخواز دوا ڕۆژی هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌موو به‌دكاره‌كان له‌ناوده‌چن. دوا ڕۆژی به‌دكاران ده‌بڕێته‌وه‌. ڕزگاری خوداناسان له‌لای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت، ئه‌و قه‌ڵایانه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌. په‌روه‌ردگار یارمه‌تیان ده‌دات و ده‌ربازیان ده‌كات، له‌ به‌دكاران ده‌ربازیان ده‌كات و ڕزگاریان ده‌كات. چونكه‌ په‌نای بۆ ده‌به‌ن.

زەبوورەکان 23:37-40 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ، بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ. ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت، چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت. من گەنج بووم و ئێستا پیرم، هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن. هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات، منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن. لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە، ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت، چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات، واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ. هەتاهەتایە دەپارێزرێن، بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە. ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن. دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت، زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات. فێرکردنی خودای خۆی لەناو دڵیەتی، بۆیە پێی ناخلیسکێت. بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست، هەوڵدەدات بیکوژێت، بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت، ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت. چاوەڕێی یەزدان بکە و ڕێگای ئەو بگرە. ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە، کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت. بەدکارم دی بێ ویژدان بوو، وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد، بەڵام زوو تێپەڕی و نەما، هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو. بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە. بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن، دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە. ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت، ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە. یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات، لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات، چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.