لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:37-40

زەبوورەکان 1:37-40 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئاره‌زووی خراپه‌كاران مه‌كه‌ و ئیره‌یی به‌ به‌دكاران مه‌به‌. چونكه‌ وه‌ک گیان، زوو ده‌بڕێنه‌وه‌، وه‌ک گژو گیای سه‌وز سیس ده‌بن. پشت به‌ په‌روه‌ردگار ببه‌سته‌ و چاكه‌ بكه‌، له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ نیشته‌جێ‌ به‌ و چاودێریی سه‌رڕاستی بكه‌. چێژ له‌ په‌روه‌ردگار وه‌رگره‌، ئاره‌زووه‌كانی دڵت پێده‌به‌خشێت. ڕێگای خۆت به‌ په‌روه‌ردگار بسپێره‌ و پشتی پێ ببه‌سته‌، ئه‌و به‌ ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێت. پێتاوانیت وه‌ک ڕووناكی ده‌رده‌خات، مافت وه‌ک خۆری نیوه‌ڕۆ. له‌ به‌رده‌م په‌روه‌ردگار بێ ده‌نگ به‌ و به‌ ئارامیه‌وه‌ چاوه‌ڕێی بكه‌، مه‌شڵه‌ژێ‌ كاتێ ئه‌وانه‌ له‌ ڕێگاكانیان سه‌رده‌كه‌ون، كاتێ فێڵه‌كانیان جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن. له‌ تووڕه‌یی خۆت بپارێزه‌ و له‌ كینه‌ خۆت لاده‌، مه‌شڵه‌ژێ ده‌نا به‌ره‌و خراپه‌ت ده‌بات. چونكه‌ به‌دكاران دوایان ده‌بڕدرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئومێدیان به‌ په‌روه‌ردگاره‌، ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌. پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌دكار نامێنێت، ده‌ڕوانیته‌ شوێنه‌كه‌ی، له‌وێ‌ نه‌ماوه‌. به‌ڵام دڵنه‌رمه‌كان ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌ و چێژ له‌ زۆریی ئاشتی وه‌رده‌گرن. به‌دكار پیلان دژی خوداناس ده‌نێته‌وه‌ و ددانی لێ‌ جیڕده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام په‌روه‌ردگار پێی پێده‌كه‌نێت، چونكه‌ ده‌زانێ‌ ڕۆژی هاتووه‌! به‌دكاران شمشێر هه‌ڵده‌كێشن و كه‌وانه‌كانیان ده‌چه‌مێننه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ژار و نه‌داره‌كان بپێكن، بۆ كوشتنی ئه‌وانه‌ی ڕێگایان ڕاسته‌. به‌ڵام شمشێره‌كانیان ده‌چێته‌ نێو دڵێ‌ خۆیان، كه‌وانه‌كانیان ده‌شكێت. ئه‌و كه‌مه‌ی كه‌ خوداناس هه‌یه‌تی، له‌ سامانی به‌دكاران زۆر باشتره‌. چونكه‌ به‌دكاره‌كان بازوویان ده‌شكێت، به‌ڵام په‌روه‌ردگار پشتی خوداناسان ده‌گرێت. په‌روه‌ردگار ڕۆژانی بێتاوانه‌كان ده‌زانێت، میراتیان تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێت. له‌ ڕۆژگاری خراپ شه‌رمه‌زار نابن، له‌ ڕۆژگاری برسیێتیدا تێر ده‌بن. چونكه‌ به‌دكاران ده‌فه‌وتێن، دوژمنه‌كانی په‌روه‌ردگاریش وه‌ک جوانی له‌وه‌ڕگا له‌ناوچوون، وه‌ک دووكه‌ڵ له‌ناوچوون. به‌دكار قه‌رز ده‌كات و پێی نادرێته‌وه‌، به‌ڵام خوداناس به‌ دڵفراوانییه‌وه‌ ده‌به‌خشێت. چونكه‌ داڕشتكراوانی ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌، به‌ڵام نه‌فره‌تلێكراوان دوایان ده‌بڕدرێته‌وه‌. په‌روه‌ردگار هه‌نگاوه‌كانی مرۆڤ جێگیر ده‌كات و به‌ڕێگاكه‌ی دڵخۆش ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ساتمه‌ بكات، ناكه‌وێت، چونكه‌ په‌روه‌ردگار به‌ ده‌ستی خۆی پشتی ده‌گرێت. من گه‌نج بووم و ئێستا پیرم، نه‌مدی خوداناس وازی لێبهێنرێت، یان نه‌وه‌كانی سواڵی نان بكه‌ن. هه‌رده‌م دڵفراوانه‌ و قه‌رز ده‌دات، نه‌وه‌كانیشی داڕشت دار ده‌بن. له‌ به‌دكاری لابده‌ و چاكه‌ بكه‌، ئینجا تاهه‌تایه‌ له‌ زه‌ویه‌كه‌ نیشته‌جێ‌ ده‌بیت. چونكه‌ په‌روه‌ردگار حه‌ز له‌ ڕه‌وا ده‌كات، واز له‌ خۆشه‌ویستانی ناهێنێت. تاهه‌تایه‌ ده‌پارێزرێن، به‌ڵام نه‌وه‌ی به‌دكاران دوایان ده‌بڕدرێته‌وه‌، خوداناسان ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌ و تاهه‌تایه‌ له‌ سه‌ری نیشته‌جێ‌ ده‌بن. ده‌می خوداناس به‌ دانایی ده‌ده‌وێت، زمانیشی باسی ڕوا ده‌كات. ته‌وراتی خودای له‌نێو دڵدایه‌، بۆیه‌ پێی ناخلیسكێت. به‌دكار خۆی مات ده‌كات بۆ خوداناس، هه‌وڵده‌دات بیكوژێت. به‌ڵام په‌روه‌ردگار له‌به‌رده‌ستی به‌جێی ناهێڵێت، ناهێڵێ‌ له‌ دادگاش تاوانبار بكرێت. چاوه‌ڕێی په‌روه‌ردگار بكه‌ و ڕێگای ئه‌و بگره‌. ئه‌ویش به‌رزت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌تكات به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌، كاتێ به‌دكاران دوایان ده‌بڕێته‌وه‌، ده‌یان بینیت. به‌دكارم دی زۆرداربوو، وه‌ک دار ئورزێكی سه‌وز له‌ زه‌ویێكی به‌پیت گه‌شه‌ی ده‌كرد. به‌ڵام زوو تێپه‌ڕی و نه‌ما، بۆی گه‌ڕام دیاری نه‌بوو. بڕوانه‌ مرۆڤی ته‌واو، سه‌یری مرۆڤی ڕاست بكه‌، مرۆڤی ئاشتیخواز دوا ڕۆژی هه‌یه‌. به‌ڵام هه‌موو به‌دكاره‌كان له‌ناوده‌چن. دوا ڕۆژی به‌دكاران ده‌بڕێته‌وه‌. ڕزگاری خوداناسان له‌لای په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت، ئه‌و قه‌ڵایانه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌. په‌روه‌ردگار یارمه‌تیان ده‌دات و ده‌ربازیان ده‌كات، له‌ به‌دكاران ده‌ربازیان ده‌كات و ڕزگاریان ده‌كات. چونكه‌ په‌نای بۆ ده‌به‌ن.

زەبوورەکان 1:37-40 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەهۆی خراپەکاران مەراق مەخۆ، بەغیلی بە بەدکاران مەبە، چونکە وەک گیان، زوو وشک دەبن، وەک گژوگیای سەوز زوو سیس دەبن. پشت بە یەزدان ببەستە و چاکە بکە، لەسەر خاکەکە نیشتەجێ بە و چاودێری دڵسۆزی بکە. خۆشی لە یەزدان ببینە، داواکارییەکانی دڵت پێدەبەخشێت. ڕێگای خۆت بە یەزدان بسپێرە و متمانەی پێ بکە و ئەو ئاوا دەکات: ڕاستودروستیت وەک ڕووناکی دەردەخات، بێتاوانییەکەت وەک خۆری نیوەڕۆ. لەبەردەم یەزدان بێدەنگ بە و بە ئارامییەوە چاوەڕێی بکە، کاتێک ئەوانە لە ڕێگاکانیان سەردەکەون، کاتێک فرتوفێڵەکانیان جێبەجێ دەکەن، مەراق مەخۆ. لە تووڕەیی هێوربەوە و خۆت لە قین لابدە. مەراق مەخۆ، دەنا بەرەو خراپەت دەبات. بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، بەڵام ئەوانەی ئومێدیان بە یەزدانە، دەبنە میراتگری خاکەکە. پاش ماوەیەکی کەم بەدکار نامێنێت، دەڕوانیتە شوێنەکەی، لەوێ نەماوە. بەڵام بێفیزەکان دەبن بە میراتگری خاکەکە و خۆشی لە زۆری ئاشتی دەبینن. خراپەکار پیلان لە دژی کەسی ڕاستودروست دادەڕێژێت و ددانی لێ جیڕدەکاتەوە، بەڵام پەروەردگار پێی پێدەکەنێت، چونکە دەزانێت ڕۆژی دێت. بەدکاران شمشێر هەڵدەکێشن و کەوانەکانیان دەچەمێننەوە، بۆ ئەوەی هەژار و نەدارەکان بپێکن، بۆ سەربڕینی ئەوانەی ڕێگایان ڕاستە. بەڵام شمشێرەکانیان دەچێتە ناو دڵی خۆیان، کەوانەکانیان تێکدەشکێت. ئەو کەمەی کە کەسی ڕاستودروست هەیەتی، لە سامانی گەلێک بەدکاران باشترە، چونکە بەدکارەکان بازوویان دەشکێت، بەڵام یەزدان پشتی ڕاستودروستان دەگرێت. یەزدان تەمەنی ئەوانە دەزانێت کە بێ کەموکوڕین، هەتاهەتایە میراتیان دەمێنێت. لە ڕۆژگاری بەڵا شەرمەزار نابن، لە ڕۆژگاری قاتوقڕیدا تێر دەبن. بەڵام بەدکاران دەفەوتێن، دوژمنەکانی یەزدانیش وەک گوڵی کێوی لەناودەچن، وەک دووکەڵ لەناودەچن. بەدکاران قەرز دەکەن و پێیان نادرێتەوە، بەڵام ڕاستودروستەکان بە دڵفراوانییەوە دەبەخشن. ئەوانەی یەزدان بەرەکەتداری کردوون دەبن بە میراتگری خاکەکە، بەڵام ئەوانەی بەر نەفرەتی کەوتوون دوایان دەبڕدرێتەوە. یەزدان هەنگاوەکانی مرۆڤ دەچەسپێنێ، بە ڕێگاکەی دڵخۆش دەبێ. ئەگەر پێی بخزێت، ناکەوێت، چونکە یەزدان بە دەستی خۆی پشتی دەگرێت. من گەنج بووم و ئێستا پیرم، هەرگیز نەمبینی ڕاستودروست وازی لێ بهێنرێت، یان منداڵەکانی سواڵی نان بکەن. هەردەم دڵفراوانە و قەرز دەدات، منداڵەکانیشی بەرەکەتدار دەبن. لە بەدکاری لابدە و چاکە بکە، ئینجا هەتاهەتایە لە خاکەکە نیشتەجێ دەبیت، چونکە یەزدان حەز لە دادپەروەری دەکات، واز لە خۆشەویستانی ناهێنێ. هەتاهەتایە دەپارێزرێن، بەڵام منداڵەکانی بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە. ڕاستودروستان دەبن بە میراتگری خاکەکە و هەتاهەتایە لەسەری نیشتەجێ دەبن. دەمی پیاوچاک بە دانایی دەدوێت، زمانیشی باسی دادپەروەری دەکات. فێرکردنی خودای خۆی لەناو دڵیەتی، بۆیە پێی ناخلیسکێت. بەدکار خۆی مات دەکات بۆ ڕاستودروست، هەوڵدەدات بیکوژێت، بەڵام یەزدان لەبەردەستی بەجێی ناهێڵێت، ناهێڵێ لە دادگاش تاوانبار بکرێت. چاوەڕێی یەزدان بکە و ڕێگای ئەو بگرە. ئەویش بەرزت دەکاتەوە و دەتکات بە میراتگری خاکەکە، کاتێک بەدکاران دوایان دەبڕدرێتەوە، دەیانبینیت. بەدکارم دی بێ ویژدان بوو، وەک دار ئورزێکی سەوز لە خاکێکی بەپیت گەشەی دەکرد، بەڵام زوو تێپەڕی و نەما، هەرچەند بۆی گەڕام بەڵام دیار نەبوو. بڕوانە مرۆڤی بێ کەموکوڕی، سەیری مرۆڤی ڕاست بکە، مرۆڤی ئاشتیخواز دواڕۆژی هەیە. بەڵام هەموو یاخیبووەکان لەناودەچن، دواڕۆژی بەدکاران دەبڕدرێتەوە. ڕزگاریی ڕاستودروستان لەلایەن یەزدانەوە دێت، ئەو قەڵای ئەوانە لە کاتی تەنگانە. یەزدان یارمەتییان دەدات و دەربازیان دەکات، لە بەدکاران دەربازیان دەکات و ڕزگاریان دەکات، چونکە پەنا بۆ ئەو دەبەن.