زەبوورەکان 81:119-120
زەبوورەکان 81:119-120 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
گیانم په‌رۆشی ڕزگاریی تۆیه. من ئومێدم به فه‌رمووده‌ی تۆیه. چاوم كز بوو له چاوه‌ڕوانی گفته‌كه‌ت. ده‌ڵێم: “كه‌ی دڵنه‌واییم ده‌كه‌یت؟” چونكه وه‌ک مه‌شكه‌یه‌كی پڕ دووكه‌ڵم، فه‌رزه‌كانی تۆم له یادنه‌كردووه. چه‌نده ڕۆژگاری به‌نده‌كه‌ت؟ كه‌ی حوكم ده‌ده‌یت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌مچه‌وسێننه‌وه؟ لووتبه‌رزان چاڵیان بۆم هه‌ڵكه‌ندوه. ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی فێركردنه‌كانی تۆ نییه. هه‌موو ڕاسپارده‌كانت جێی متمانه‌ن. به ناڕه‌وا ده‌مچه‌وسێننه‌وه. وه‌خته له‌سه‌ر زه‌وی كۆتاییم پێ بهێنن. به‌ڵام من ده‌ستبه‌رداری ڕاسپارده‌كانت نه‌بووم. به‌پێی میهره‌بانیه‌كه‌ت بمژیێنه‌وه. گه‌واهییه‌كانی زارت ده‌پارێزم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، وشه‌كه‌ت تاهه‌تایه له ئاسمانان جێگیره. سه‌رڕاستیت نه‌وه دوای نه‌وه‌یه. زه‌ویت دامه‌زراند و ده‌مێنێت. ئه‌وان به حوكمه‌كانی تۆ تا ئه‌مڕۆ ماون. چونكه هه‌موو به‌نده‌ی تۆن. ئه‌گه‌ر فێركردنه‌كانی تۆ سه‌رچاوه‌ی شادی‌م نه‌بووایه. له زه‌لیلیی خۆم له‌ناوده‌چووم. هه‌رگیز ڕاسپارده‌كانت له‌بیرناكه‌م. چونكه به‌وان منت ژیانده‌وه. من هی تۆم، ڕزگارم بكه. چونكه ڕاسپارده‌كانی تۆم ویستووه. به‌دكاره‌كان خۆیان ماتداوه بۆم تا له‌ناوم بده‌ن. به‌ڵام من هه‌وڵی تێگه‌یشتنی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌ده‌م. بۆ هه‌موو ته‌واوییه‌ک سنوورم بینی، به‌ڵام ڕاسپارده‌ی تۆ زۆر فراوانه. چه‌ند حه‌زم له فێركردنه‌كانی تۆیه! به درێژایی ڕۆژ لێی ورد ده‌بمه‌وه. ڕاسپارده‌كانت له دوژمنه‌كانم داناتری كردووم، چونكه تاهه‌تایه بۆ منه. له هه‌موو فێركارانم هۆشمه‌ندتر بووم، چونكه له گه‌واهییه‌كانت ورد ده‌بمه‌وه. له پیره‌كان زیاتر تێده‌گه‌م. چونكه ڕاسپارده‌كانت ده‌پارێزم. پێی خۆم قه‌ده‌غه‌كردووه له هه‌موو ڕێگایه‌كی خراپ، تا فه‌رمووده‌ی تۆ بپارێزم. له حوكمه‌كانی تۆ لام نه‌داوه. چونكه تۆ خۆت فێرت كردووم. فه‌رمووده‌كه‌ت چه‌ند شیرینه بۆ گه‌رووم! له هه‌نگوین شیرینترن بۆ ده‌مم. له ڕاسپارده‌كانی تۆ تێده‌گه‌م. بۆیه ڕقم له هه‌موو ڕێگایه‌كی چه‌وته. وشه‌كانت چرایه بۆ پێیه‌كانم، ڕووناكییه بۆ ڕێگام. سوێندم خواردووه و به‌جێی ده‌هێنم. كه باشخوازیی حوكمه‌كانت بپارێزم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، زۆر ئازارم چێژتووه. جا به‌پێی فه‌رمووده‌كه‌ت بمژیێنه‌وه. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به ستایشه خۆویسته‌كانی ده‌مم ڕازی به، حوكمه‌كانی خۆتم فێر بكه. هه‌میشه گیانم له‌نێو ده‌ستمدایه. به‌ڵام فێركردنه‌كانی تۆ له‌بیرناكه‌م. به‌دكاران ته‌ڵه‌یان بۆم ناوه‌ته‌وه. به‌ڵام من له ڕاسپارده‌ی تۆ گومڕا نه‌بووم. گه‌واهییه‌كانت تاهه‌تایه میراتن بۆ من. چونكه ئه‌وان شادیی دڵمن. دڵم بۆ به‌جێهێنانی فه‌رزه‌كانت ته‌رخان ده‌كه‌م. تاهه‌تایه و تا كۆتایی. ڕقم له كه‌سانی دوودڵه، حه‌زم له فێركردنه‌كانی تۆیه. تۆ په‌ناگا و قه‌ڵغانی منیت. هیوام به فه‌رمووده‌ی تۆیه. ئه‌ی به‌دكاره‌كان لێم دووركه‌ونه‌وه. تاكو ڕاسپارده‌كانی خودای خۆم بپارێزم. به‌پێی فه‌رموودكه‌ی خۆت پشتم بگره تا بژیم. له ئومێدی خۆم شه‌رمه‌زارم مه‌كه. پشتم بگره و ڕزگارده‌بم. هه‌میشه چاوم له فه‌رزه‌كانت ده‌بێت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له فه‌رزه‌كانت گومڕا بوون ڕه‌تیان ده‌كه‌یته‌وه، چونكه فێڵه‌كانیان پووچه. هه‌موو به‌دكارانی زه‌وی وه‌ک خڵت جیا ده‌كه‌یته‌وه، بۆیه حه‌زم له گه‌واهیه‌كانته. له‌شم له تۆقینی تۆ ده‌له‌رزێت و له حوكمه‌كانت ده‌ترسم.
زەبوورەکان 81:119-120 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
گیانم پەرۆشی ڕزگاریی تۆیە، ئومێدم بە بەڵێنی تۆیە. چاوم کز بوو لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەت، دەپرسم: «کەی دڵنەواییم دەکەیت؟» هەرچەندە وەک مەشکەیەکم لێهاتووە کەوا دووکەڵ دایپۆشیوە، فەرزەکانی تۆم لەیاد نەکردووە. خزمەتکارەکەت دەبێ چەند ڕۆژ چاوەڕێ بکات؟ کەی حوکم دەدەیت بەسەر ئەوانەی من دەچەوسێننەوە؟ لووتبەرزان چاڵیان بۆم هەڵکەندووە، ئەمەش بەگوێرەی فێرکردنی تۆ نییە! هەموو ڕاسپاردەکانت جێی متمانەن، فریام بکەوە، چونکە بە فێڵ دەمچەوسێننەوە! خەریک بوو لەسەر زەوی کۆتاییم پێ بهێنن، بەڵام من دەستبەرداری ڕێنماییەکانی تۆ نەبووم. بەپێی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمژیێنەوە، یاساکانی دەمی تۆ پەیڕەو دەکەم. ئەی یەزدان، فەرمایشتی تۆ هەتاهەتاییە، لە ئاسمان چەسپاوە. دڵسۆزیت نەوە دوای نەوەیە، زەویت دامەزراند و دەمێنێت. ئەوان بە حوکمەکانی تۆ هەتا ئەمڕۆ ماون، چونکە هەمووان خزمەتکاری تۆن. ئەگەر فێرکردنی تۆ سەرچاوەی شادی‌م نەدەبوو، بە زەلیلی خۆم لەناودەچووم. هەرگیز ڕێنماییەکانت لەبیرناکەم، چونکە بەوان منت ژیاندەوە. من هی تۆم، ڕزگارم بکە، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. بەدکارەکان خۆیان بۆم ماتداوە تاکو بمفەوتێنن، بەڵام من لە یاساکانی تۆ ڕادەمێنم. بۆ هەموو تەواوییەک سنوورم بینی، بەڵام ڕاسپاردەی تۆ زۆر فراوانە. چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە! بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە. بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم، چونکە هەتاهەتایە بۆ منە. لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم، چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە. لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم، چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم. پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم. لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە، چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم. بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم، لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم. لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا، بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە. وشەکانی تۆ چرایە بۆ پێیەکانم، ڕووناکییە بۆ ڕێگام. سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم، کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم. ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە، جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. ئەی یەزدان، بەو ستایشە ڕازی بە کەوا هەردەم لەسەر لێوانمە. حوکمەکانی خۆتم فێر بکە. هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە، بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم. بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە، بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم. یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من، چونکە ئەوان شادی دڵمن. دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم، هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی. ڕقم لە کەسانی دوودڵە، حەزم لە فێرکردنی تۆیە. تۆ پەناگا و قەڵغانی منیت، هیوام بە بەڵێنی تۆیە. ئەی بەدکارەکان، لێم دوور بکەونەوە، تاکو ڕاسپاردەکانی خودای خۆم پەیڕەو بکەم. بەپێی بەڵێنەکەی خۆت پشتم بگرە هەتا بژیم، لە ئومێدی خۆم شەرمەزارم مەکە. پشتم بگرە و ڕزگاردەبم، هەمیشە چاوم لە فەرزەکانت دەبێت. هەموو ئەوانەی لە فەرزەکانی تۆ گومڕا بوون ڕەتیان دەکەیتەوە، چونکە فێڵەکەیان پووچە. هەموو بەدکارانی زەوی وەک خڵت جیا دەکەیتەوە، بۆیە حەزم لە یاساکانتە. لەشم لە تۆقینی تۆ دەلەرزێت و لە حوکمەکانت دەترسم.