لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 17:119-48

زەبوورەکان 17:119-48 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چاكه‌ له‌گه‌ڵ به‌نده‌ی خۆت بكه‌، تاكو بژیم و فه‌رمانه‌كانت بپارێزم. چاوم بكه‌ره‌وه‌ تاكو ‌شته‌ سه‌یره‌كانی فێركردنه‌كانت ببینم. من نامۆم له‌ زه‌وی. ڕاسپارده‌كانتم لێ مه‌شاره‌وه‌. گیانم هه‌موو كاتێ وردوخاش بوو له‌ تامه‌زرۆبوون بۆ حوكمه‌كانت. سه‌رزه‌نشتی لووت به‌رزه‌ نه‌فره‌ت لێكراوه‌كانت كرد. كه‌ له‌ فه‌رمانه‌كانی تۆ گومڕا بوون. شووره‌یی و سووكایه‌تیم له‌سه‌ر لابه‌. چونكه‌ گه‌واهییه‌كانی تۆم پاراستووه‌. هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكه‌كان داده‌نیشن، له‌ده‌ژم پیلان ده‌گێڕن. به‌ڵام به‌نده‌كه‌ت له‌ فه‌رزه‌كانت ورد ده‌بێته‌وه‌. هه‌روه‌ها گه‌واهییه‌كانت شادمانیی منن. ئه‌وانه‌ ڕاوێژكاره‌كانی منن. گیانم به‌ گڵه‌وه‌ لكاوه‌، به‌گوێره‌ی وشه‌ی خۆت بمژیێنه‌وه‌. باسی ڕێگاكانی خۆمم كرد. تۆ به‌ده‌نگمه‌وه‌ هاتیت. فه‌رزه‌كانی خۆتم فێر بكه‌. ڕێگای ڕاسپارده‌كانی خۆتم تێ بگه‌یه‌نه‌، له‌ كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌ره‌كانت ورد ده‌بمه‌وه‌. گیانم له‌ خه‌فه‌تان تووایه‌وه‌. به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت به‌هێزم بكه‌. ڕێگای درۆم لێ‌ دووربخه‌ره‌وه‌. به‌ فێركردنه‌كانت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌. ڕێگای ڕه‌وام هه‌ڵبژاردووه‌. حوكمه‌كانی تۆم خستووه‌ته‌ به‌رچاوم. به‌ گه‌واهییه‌كانی تۆوه‌ لكاوم. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، شه‌رمه‌زارم مه‌كه‌. به‌ ڕێگای ڕاسپارده‌كانت ڕاده‌كه‌م، چونكه‌ دڵم فراوان ده‌كه‌یته‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار. فێری ڕێگای فه‌رزه‌كانی خۆتم بكه‌، تا كۆتایی ده‌یانپارێزم. تێم بگه‌یه‌نه‌ و فێركردنه‌كانت په‌یڕه‌و ده‌كه‌م، به‌ هه‌موو دڵه‌وه‌ ده‌یانپارێزم. بمخه‌ سه‌ر ڕێگای ڕاسپارده‌كانت. چونكه‌ دڵخۆشم ده‌كه‌ن. دڵم بخه‌ سه‌ر گه‌واهییه‌كانت. نه‌ک سه‌ر قازانج. چاوم وه‌رگێڕه‌ له‌ ته‌ماشاكردنی ناڕه‌وا. له‌ ڕێگای خۆتدا بمژیێنه‌وه‌. فه‌رمووده‌ی خۆت بۆ به‌نده‌كه‌ت بچه‌سپێنه‌. ئه‌وه‌ی به‌وانه‌ت داوه‌ كه‌ لێت ده‌ترسن. ئه‌و شووره‌ییه‌م له‌سه‌ر لابه‌ كه‌ لێی ده‌ترسم. چونكه‌ حوكمه‌كانت چاكن. ئه‌وه‌تا په‌رۆشی ڕاسپارده‌كانی تۆم. به‌ دادپه‌روه‌ریی خۆت بمژیێنه‌وه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار. با میهره‌بانیه‌كه‌تم بۆ بێت، ڕزگاریه‌كه‌ت به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌ی خۆت. جا وه‌ڵامی ئه‌وه‌ ده‌ده‌مه‌وه‌ كه‌ گاڵته‌م پێ ده‌كات، چونكه‌ پشتم به‌ فه‌رمووده‌ی تۆ به‌ستووه‌. وته‌ی ڕه‌وا هه‌رگیز له‌ ده‌مم دوور مه‌خه‌ره‌وه‌. چونكه‌ ئومێدم به‌ حوكمه‌كانی تۆ هه‌یه‌. به‌ به‌رده‌وامی چاوم له‌ فێركردنه‌كانته‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی. به‌ ئازادی ڕێ ده‌كه‌م، چونكه‌ داواكاری ڕاسپارده‌كانی تۆم. له‌ به‌رده‌م پاشاكانیش باسی گه‌واهییه‌كانی تۆ ده‌كه‌م، شه‌رمه‌زاریش نابم، خۆشی له‌ ڕاسپارده‌كانت ده‌بینم. چونكه‌ حه‌زم لێیانه‌. ده‌ست بۆ ڕاسپارده‌كانت به‌رز ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خۆشم ده‌وێت. سه‌رنج ده‌ده‌مه‌ فه‌رزه‌كانت.

زەبوورەکان 17:119-48 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

چاکە لەگەڵ خزمەتکاری خۆت بکە، تاکو بژیم و گوێڕایەڵی فەرمانەکەت بم. چاوم بکەرەوە تاکو ئەوانە ببینم، کردەوە سەرسوڕهێنەرەکان لە فێرکردنت. من نامۆم لە زەوی، ڕاسپاردەکانی خۆتم لێ مەشارەوە. گیانم توایەوە لە تامەزرۆیی بۆ حوکمەکانت لە هەموو کاتێک. سەرزەنشتی لووت بەرزە نەفرەت لێکراوەکانت کرد، کە لە ڕاسپاردەکانی تۆ گومڕا بوون. ڕیسوایی و سووکایەتیم لەسەر لابە، چونکە یاسای تۆم پەیڕەو کردووە. هەرچەندە میرەکان دادەنیشن و لە دژم پیلان دەگێڕن، بەڵام خزمەتکارەکەت لە فەرزەکانت ورد دەبێتەوە. یاساکانت شادمانی منن، ئەوانە ڕاوێژکارەکانی منن. گیانم بە خۆڵەوە نووساوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە. باسی ڕێگاکانی خۆمم کرد، تۆ بەدەنگمەوە هاتیت، فەرزەکانی خۆتم فێر بکە. ڕێگای ڕێنماییەکانی خۆتم تێبگەیەنە، لە کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ورد دەبمەوە. گیانم لە خەفەتان توایەوە، بەگوێرەی بەڵێنی خۆت بەهێزم بکە. ڕێگای درۆم لێ دووربخەوە، لەگەڵم میهرەبان بە و فێری تەوراتی خۆتم بکە. ڕێگای ڕاستیم هەڵبژاردووە، حوکمەکانی تۆم خستووەتە بەرچاوم. دەست بە یاساکانی تۆوە دەگرم، ئەی یەزدان، ڕێ مەدە شەرمەزار بم! بە ڕاکردن لەسەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت دەڕۆم، چونکە دڵی منت ئازاد کرد. ئەی یەزدان، فێری ڕێگای فەرزەکانی خۆتم بکە، هەتا کۆتایی بەجێیان دەهێنم. تێمبگەیەنە و فێرکردنت پەیڕەو دەکەم، بە هەموو دڵەوە گوێڕایەڵی دەبم. بمخە سەر ڕێگای ڕاسپاردەکانت، چونکە دڵخۆشم دەکەن. دڵم بخەرە سەر یاساکانت، نەک سەر قازانج. چاوم وەرگێڕە لە تەماشاکردنی شتی پووچ، لە ڕێگای خۆتدا بمبوژێنەوە. بەڵێنی خۆت بۆ خزتمەتکارەکەت بهێنە دی، ئەوەی بەوانەت داوە کە لێت دەترسن. ئەو سووکایەتییەم لەسەر لابە کە لێی دەترسم، چونکە حوکمەکانت چاکن. ئەوەتا پەرۆشی ڕێنماییەکانی تۆم، بە ڕاستودروستی خۆت بمژیێنەوە. ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت، ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت، جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات، چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە. وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە، چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە. بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم، هەتاهەتایە و هەتاسەر. بە ئازادی دەڕۆم، چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم. لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم، شەرمەزاریش نابم. خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم، چونکە حەزم لێیانە. دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت، سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.