لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:118-29

زەبوورەکان 1:118-29 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

سوپاسی په‌روه‌ردگار بكه‌ن، چونكه‌ چاكه‌، چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌. با ئیسڕائیل بڵێ‌: “چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌”. با بنه‌ماڵه‌ی هارون بڵێن: “چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌”. با ئه‌وانه‌ی ترسی په‌روه‌ردگاریان له‌ دڵدایه‌ بڵێن: “چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌”. له‌ ته‌نگانه‌دا هاواری په‌روه‌ردگارم كرد، ده‌ریهێنام بۆ فراوانی. په‌روه‌ردگارم هه‌یه‌، ئیتر ناترسم. مرۆڤ چیم لێ ده‌كات؟ په‌روه‌ردگارم هه‌یه‌ نێوان یارمه‌تیده‌رانم، سه‌ركه‌وتووانه‌ سه‌یری دوژمنانم ده‌كه‌م. په‌نابردنه‌ به‌ر په‌روه‌ردگار باشتره‌ له‌ پشتبه‌ستن به‌ مرۆڤ. په‌نابردنه‌ به‌ر په‌روه‌ردگار باشتره‌ له‌ پشتبه‌ستن به‌ سه‌رۆكه‌كان. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان گه‌مارۆیان داوم. به‌ ناوی په‌روه‌ردگار دوایان ده‌بڕمه‌وه‌. گه‌مارۆیان داوم و ده‌وریان گرتووم. به‌ناوی په‌روه‌ردگار دوایان ده‌بڕمه‌وه‌. وه‌ک كووره‌ هه‌نگ تێم ئاڵاون. وه‌ک ئاگری دڕک كوژانه‌وه‌. به‌ ناوی په‌روه‌ردگار دوایان ده‌بڕمه‌وه‌. توند پاڵیان پێوه‌نام بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌وم. به‌ڵام په‌روه‌ردگار یارمه‌تیداوم. په‌روه‌ردگار هێز و په‌سنیی منه‌ و بووه‌ته‌ ڕزگاریی من. ده‌نگی په‌سنی و ڕزگاری دێت له‌ خێوه‌تی خوداناسان: “ده‌سته‌ ڕاستی په‌روه‌ردگار كاری ئازایانه‌ ده‌كات. ده‌سته‌ ڕاستی په‌روه‌ردگار به‌رز بووه‌ته‌وه‌. ده‌سته‌ ڕاستی په‌روه‌ردگار كاری ئازایانه‌ ده‌كات”. نامرم، به‌ڵكو ده‌ژیم و باسی كرده‌وه‌كانی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌م. په‌روه‌ردگار به‌ توندی ته‌مبێی كردم. به‌ڵام نه‌یدامه‌ ده‌ست مه‌رگ. ده‌رگای خوداناسیم لێ بكه‌نه‌وه‌. پێیدا ده‌چمه‌ ژووره‌وه‌ و ستایشی په‌روه‌ردگار ده‌كه‌م. ئه‌م ده‌رگایه‌ هی په‌روه‌ردگاره‌. خوداناسان پێیدا ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌. سوپاست ده‌كه‌م كه‌ فریام كه‌وتی، بۆم بووی به‌ ڕزگاری. ئه‌و به‌رده‌ی بیناسازه‌كان ڕه‌تیان كرده‌وه‌ بووه‌ به‌ردی قولینچک. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بوو. له‌به‌رچاومان سه‌یره‌. ئه‌مه‌ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ په‌روه‌ردگار دروستی كردووه‌، با تیایدا شاد و دڵخۆش بین. ئای په‌روه‌ردگار ڕزگارمان بكه‌! ئای په‌روه‌ردگار ده‌ربازمان بكه‌! پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی به‌ ناوی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ دێت. له‌ ماڵی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ داڕشتمان كردن. په‌روه‌ردگار خودایه‌ و ڕووناكی پێ‌ به‌خشیوین. قوربانیی جه‌ژن به‌ گوریس ببه‌ستنه‌وه‌. به‌ قۆچه‌كانی قوربانگا. تۆ خوداوه‌ندی منیت و منیش سوپاست ده‌كه‌م، تۆ خودای منیت به‌ گه‌وره‌ت ده‌زانم. سوپاسی په‌روه‌ردگار بكه‌ن، چونكه‌ چاكه‌، چونكه‌ میهره‌بانیه‌كه‌ی جاویدانیه‌.

زەبوورەکان 1:118-29 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە. با ئیسرائیل بڵێ: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» با بنەماڵەی هارون بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» با ئەوانەی لەخواترسییان لە دڵدایە بڵێن: «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» لە تەنگانەدا هاواری یەزدانم کرد، بە دەنگمەوە هات و ئازادی کردم. یەزدان لەلای منە، ناترسم، مرۆڤ دەتوانێت چیم لێ بکات؟ یەزدان لەلای منە، ئەو یارمەتیدەری منە، سەرکەوتووانە تەماشای ئەوانە دەکەم کە ڕقیان لێمە. پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە مرۆڤ. پەنابردنە بەر یەزدان باشترە لە پشتبەستن بە میران. هەموو نەتەوەکان ئابڵوقەیان دام، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن. ئابڵوقەیان دام و دەوریان گرتم، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن. وەک کوورە هەنگ تێم ئاڵان، وەک ئاگری دڕکوداڵ کوژانەوە، بە ناوی یەزدان ڕیشەکێشم کردن. توند پاڵیان پێوەنام بۆ ئەوەی بکەوم، بەڵام یەزدان یارمەتی داوم. یەزدان هێز و گۆرانی منە، یەزدان بووەتە ڕزگاریی من. دەنگی هەلهەلە و ڕزگاری دێت لە خێوەتی ڕاستودروستان: «دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات، دەستی ڕاستی یەزدان بەرز بووەتەوە، دەستی ڕاستی یەزدان کاری ئازایانە دەکات.» من نامرم، بەڵکو دەژیم و باسی کردارەکانی یەزدان دەکەم. یەزدان بە توندی تەمبێی کردم، بەڵام نەیدامە دەست مەرگ. دەرگاکانی ڕاستودروستیم لێ بکەنەوە، پێیدا دەچمە ژوورەوە و ستایشی یەزدان دەکەم. ئەم دەرگایە هی یەزدانە، ڕاستودروستان پێیدا دەچنە ژوورەوە. ستایشت دەکەم کە فریام کەوتی، بۆم بووی بە ڕزگاری. ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە بوو بە گرنگترین بەردی بناغە. ئەمە لەلایەن یەزدانەوە بوو، لەبەرچاومان سەیرە. ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان دروستی کردووە، با تێیدا شاد و دڵخۆش بین. ئەی یەزدان، تکایە، ڕزگارمان بکە، ئەی یەزدان، تکایە، سەرکەوتوومان بکە. پیرۆزە ئەوەی بە ناوی یەزدانەوە دێت، لە ماڵی یەزدانەوە داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین. یەزدان خودامانە و ئەو ڕووناکی خۆی بەسەرماندا درەوشاندەوە. قوربانی جەژن بە گوریس ببەستنەوە بە قۆچەکانی قوربانگا. تۆ خودای منیت و منیش ستایشت دەکەم، تۆ خودای منیت، بە گەورەت دەزانم. ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.