لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:104-35

زەبوورەکان 1:104-35 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌ی گیانی من. ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگاری خودام، تۆ زۆر مه‌زنیت. شكۆمه‌ندی و پایه‌به‌رزیت پۆشیوه‌. وه‌ک به‌رگ ڕووناكیت پۆشیوه‌. وه‌ک خێوه‌ت ئاسمانانت هه‌ڵداوه‌. وه‌ک كاریته‌ به‌رزاییه‌كه‌ت له‌سه‌ر ئاو داناوه‌. هه‌وری ئاسمان بووه‌ته‌ گالیسكه‌ت. به‌سه‌ر باڵی باوه‌ ده‌ڕۆیت. باكانت كردۆته‌ فریشته‌كانت. بڵێسه‌ی ئاگر به‌نده‌كانت. زه‌ویت له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆی دامه‌زراندووه‌. تاهه‌تایه‌ و تا جاویدانی ناله‌قێت. تۆ وه‌ک كراس زه‌ویت به‌ ده‌ریای قووڵ داپۆشی. له‌سه‌ر چیاكان ئاو ڕاده‌وه‌ستێت. به‌ڵام له‌ سه‌رزه‌نشتی تۆ هه‌ڵدێن. له‌ گرمه‌ی گه‌واره‌ی تۆ ڕاده‌كه‌ن. به‌سه‌ر چیاكان كه‌وتن و شۆڕ ده‌بنه‌وه‌ نێو دۆڵه‌كان، بۆ ئه‌و شوێنه‌ی تۆ بۆت دامه‌زراندووه‌. سنوورێكت دانا لێی تێنه‌په‌ڕن. نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ تا زه‌وی داپۆشن. كانیاو ده‌ته‌قێنیه‌وه‌ له‌نێو دۆڵه‌كان. تا له‌ نێوان چیاكاندا ڕێ بكه‌ن. هه‌موو زینده‌وه‌رێكی ده‌شتوده‌ر ئاوده‌ده‌ن. كه‌ره‌كێوییه‌كان تینوویه‌تی خۆیانی پێ ده‌شكێنن. باڵنده‌ی ئاسمان دڵنیا ده‌بێت پێیان و هێلانه‌ ده‌كات. له‌نێو چڵه‌كان ده‌خوێنێت. له‌ به‌رازایی خۆته‌وه‌ چیاكان ئاو ده‌ده‌یت. زه‌وی له‌ به‌روبوومی كرده‌وه‌كانت تێر ده‌بێت. گیا بۆ ئاژه‌ڵی ماڵی ده‌ڕوێنیت، سه‌وزه‌ بۆ خزمه‌تی مرۆڤ، بۆ ده‌رهێنانی نان له‌ زه‌وییه‌وه‌. مه‌ییش دڵی مرۆڤ خۆش ده‌كات. ڕۆن بۆ دره‌وشانه‌وه‌ی زیاتری ڕووی. نانێكه‌ بۆ پته‌وكردنی دڵی مرۆڤ. دره‌خته‌كانی په‌روه‌ردگار تێر ده‌بن، ئه‌و ئورزه‌ی لوبنان كه‌ چاندی. ئه‌وه‌ی چۆله‌كه‌ هێلانه‌ی تێدا ده‌كات. له‌قله‌قیش سنه‌وبه‌ر ماڵیه‌تی. چیای به‌رزیش بۆ بزنه‌ كێوی. تاشه‌به‌رده‌كانیش په‌ناگای گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌. مانگی دروستكرد بۆ كاته‌كان. خۆریش ئاوابوونی خۆی ده‌زانێت. تاریكی دادێنێت ده‌بێت به‌ شه‌و. هه‌موو زینده‌وه‌ری دارستان تیای ده‌كه‌ونه‌ جموجۆڵ. به‌چكه‌ شێر بۆ نێچیر ده‌نه‌ڕێنن، بۆ داواكردنی خواردنیان له‌ خودا. كه‌ خۆر هه‌ڵدێت ده‌كشێنه‌وه‌. له‌نێو لانه‌كانیان خۆیان مات ده‌كه‌ن. مرۆڤ ده‌رده‌چێت بۆ ئیش و كاری، بۆ ڕه‌نجكێشیه‌كه‌ی تاكو ئێواره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، كرده‌وه‌كانت چه‌ند مه‌زنن! هه‌موویت به‌ دانایی دروستكردووه‌. زه‌وی پڕه‌ له‌ ده‌ستكردی تۆ. ئه‌م ده‌ریا گه‌وره‌ و فراوانه‌. كه‌ بێشومار گیانداری گه‌وره‌ و بچووكی تێدا جمه‌ی دێت. له‌وێ‌ كه‌شتییه‌كان ڕێ ده‌كه‌ن. لیڤیاتان. ئه‌مه‌ت ئافراندووه‌ تا یاری تێدا بكات. ئه‌مانه‌ هه‌مووی چاویان له‌ تۆیه‌. تا له‌ كاتی خۆی خواردنیان بده‌یتێ. پێیان ده‌ده‌یت و ده‌یقۆزنه‌وه‌. ده‌ستت ده‌كه‌یته‌وه‌ تێر چاكه‌ ده‌بن. ڕوو وه‌رده‌گێڕیت، ده‌تۆقن. هه‌ناسه‌یان لێده‌بڕیت و ده‌مرن، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ گڵی خۆیان. كاتێ ڕووحی خۆت ده‌نێریت، ئافریده‌ ده‌بن‌. ڕووی زه‌وی نوێ‌ ده‌كه‌یته‌وه‌‌. با شكۆی په‌روه‌ردگار تاهه‌تایه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. با په‌روه‌ردگار به‌ كاره‌كانی خۆی دڵخۆش بێت. ئه‌وه‌ی سه‌یری زه‌وی ده‌كات، له‌رز ده‌یگرێت. ده‌ستت ده‌داته‌ چیاكان. دووكه‌ڵ ده‌كه‌ن. به‌ درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ په‌روه‌ردگار ده‌ڵێم. تاكو ماوم په‌سنی بۆ خوداوه‌ندم ده‌ڵێم. با سروودم شیرین بێت له‌ لای. منیش به‌ په‌روه‌ردگار دڵخۆش ده‌بم. با گوناهباران له‌سه‌ر زه‌وی دواییان ببڕێته‌وه‌. با به‌دكاران ئیتر نه‌مێنن. ئه‌ی گیانی من. ستایشی په‌روه‌ردگار بكه‌. هه‌لیلویا.

زەبوورەکان 1:104-35 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە. وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە، وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت. بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت. زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت. تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی، لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن. بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن، لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد، بەسەر چیاکان کەوتن و شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان، بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون. سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن، نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن. کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن. هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن، کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن. باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات، لەناو چڵەکان دەخوێنێت. لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت، زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت. گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت، سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە. مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی، ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی، نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ. درەختەکانی یەزدان تێر دەبن، ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی، ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات، لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی، چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی، تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە. مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان، خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت. تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو، هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ. بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن، بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا. کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە، لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن. مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری، بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە. ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ. ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت. لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات. ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ، پێیان دەدەیت و وەریدەگرن، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن. ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان. کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیدەهێنرێن، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە. با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت. ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت، دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن. بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم، تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم. با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای، منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم. بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە، با بەدکاران ئیتر نەمێنن.