پەندەکانی سلێمان 1:9-9
پەندەکانی سلێمان 1:9-9 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە. سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە، هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە. کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات، لەسەر بەرزاییەکانی شار: «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت: «وەرن، لە نانی من بخۆن و لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە. واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین، بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.» ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت، ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات. سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە؛ سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت. ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت، کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.
هاوبەشی بکە
پەندەکانی سلێمان 9 بخوێنەوە