پەندەکانی سلێمان 1:23-18
پەندەکانی سلێمان 1:23-18 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت، باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە، چەقۆیەکیش لەناو گەرووت دابنێ، ئەگەر تۆ نەوسنی. ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە، چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە. خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت، بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە. چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە، چونکە بێگومان باڵ دەگرێت، وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت. نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ، ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە. لەبەر ئەوەی جۆرە کەسێکە هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە، پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.» بەڵام دڵی لەگەڵت نییە. ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت. قسە بۆ گێل مەکە، چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت. سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە، هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان، چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە، ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ. دڵت ئاراستەی فێربوون بکە و گوێشت بەرەو قسەی زانیاری. ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە، ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت. تۆ بە گۆچان لێی بدەیت، گیانی لە مردن دەرباز دەبێت. ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە، منیش دڵم خۆش دەبێت. ناخم شادمان دەبێت، کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن. دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات، بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی. بێگومان دواڕۆژت دەبێت، ئومێدی تۆ نابڕێت.