سەرژمێری 24:11-30
سەرژمێری 24:11-30 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
موساش چووە دەرەوە و بە فەرموودەی یەزدان لەگەڵ گەلدا دوا. حەفتا پیاوی لە پیرانی گەل کۆکردەوە، لە دەوروبەری چادرەکە ڕایگرتن. یەزدانیش لە هەوردا هاتە خوارەوە و لەگەڵیدا دوا و لەو ڕۆحە پیرۆزەی کە لەسەری بوو بردی و خستییە سەر حەفتا ڕیش سپییەکە. کاتێک ڕۆحەکە هاتە سەریان ئیتر پەیامی خودایان ڕاگەیاند، بەڵام یەک جار و زیاتر نا. دوو پیاویش لە ئۆردوگاکە مانەوە، ناوی یەکێکیان ئەلداد و ناوی ئەوەی دیکە میداد بوو، ڕۆحی خودا لەسەریان نیشتەوە، ئەوانیش لە ڕیش سپییەکان بوون، بەڵام نەچووبوونە لای چادرەکە، جا لە ئۆردوگاکە پەیامی خودایان ڕاگەیاند، لاوێکیش ڕایکرد و هەواڵی دایە موسا و گوتی: «ئەلداد و میداد لە ئۆردوگاکە پەیامی خودا ڕادەگەیەنن!» یەشوعی کوڕی نونیش کە لە گەنجیێتیەوە خزمەتکاری موسا بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «موسای گەورەم ڕێیان لێ بگرە!» موساش پێی گوت: «ئایا لە جیاتی من ئیرەیی دەبەیت؟ خۆزگە هەموو گەلی یەزدان پێغەمبەر بوونایە، کە یەزدان ڕۆحی خۆی دەخستە سەریان!» ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە.