لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 29:9-37

نەحەمیا 29:9-37 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، کە لەبارەیانەوە فەرمووت: ”ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.“ ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت. تۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵیان پشوودرێژ بوویت و بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ. بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت. «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای مەزنی بە توانا و بە سام، کە پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ. لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە. پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە ئەو فەرمان و یاسایانەی کە ئاگادارت کردنەوە تاکو جێبەجێی بکەن. تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە. «ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری. لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.