لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

نەحەمیا 28:10-33

نەحەمیا 28:10-33 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«پاشماوەی گەلیش کە لە کاهین، لێڤی، دەرگاوان، گۆرانیبێژ و خزمەتکارانی پەرستگا پێکهاتوون، هەروەها هەموو ئەوانەی لە پێناو تەوراتی خودا خۆیان لە گڵاوییەکانی گەلانی دراوسێ جیا کردووەتەوە، لەگەڵ ژنەکانیان و هەموو کوڕ و کچەکانیان کە زانین و تێگەیشتنیان هەیە، ئەمانە ئێستا دەچنە پاڵ براکانیان، خانەدانەکانیان، دێنە ناو نەفرەت و سوێندخواردنێک کە بەپێی تەوراتی خودایان بڕۆن، ئەوەی بە دەستی موسای بەندەی خودا پێیداون، هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارمان و حوکم و فەرزەکانی بەجێبهێنن و پەیڕەوی بکەن. «بەڵێن دەدەین کە کچمان نەدەینە گەلانی خاکەکە و کچیشیان لێ نەهێنن بۆ کوڕمان. «کاتێک گەلانی دراوسێ کەلوپەل و هەر خۆراکێک لە ڕۆژی شەممەدا بهێنن بۆ فرۆشتن، لێیان ناکڕین، نە لە ڕۆژی شەممەدا و نە لە ڕۆژی پیرۆز. هەروەها هەر حەوت ساڵ جارێک زەوییەکانمان بە بەیاری بەجێدەهێڵین و لە قەرزەکانیشمان خۆشدەبین. «جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە بەسەر خۆماندا دەسەپێنین کە ساڵانە سێ یەکی شاقلێک بخەینە ئەستۆی خۆمان بۆ خزمەتی ماڵی خودامان: بۆ نانی تەرخانکراو؛ بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بەردەوام و قوربانی سووتاندنی بەردەوام؛ بۆ پێشکەشکراوەکانی شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان؛ بۆ پێشکەشکراوە پیرۆزەکان؛ بۆ قوربانییەکانی گوناه بۆ کەفارەتی ئیسرائیل و بۆ هەموو خزمەتەکانی ماڵی خودامان.