لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:5-43

مەرقۆس 1:5-43 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئینجا گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاكه‌، بۆ هه‌رێمی گه‌ده‌رین. كاتێ له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زی، یه‌كسه‌ر له‌نێو گۆڕستان پیاوێكی تووشبوو ڕووحی گڵاوی تێدابوو، له‌نێو گۆڕه‌كان ده‌ژیا، ته‌نانه‌ت به‌ زنجیریش كه‌س نه‌یده‌توانی بیبه‌ستێته‌وه‌. چونكه‌ زۆر جار به‌ كۆت و زنجیر به‌سترابووه‌وه‌، به‌ڵام زنجیره‌كانی پچڕاند و كۆته‌كانیشی شكاند، كه‌سیش نه‌یتوانی ملكه‌چی بكات. شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وام له‌ چیاكان و له‌ نێو گۆڕستاندا بوو، هاواری ده‌كرد و به‌ به‌رد له‌شی خۆی بریندار ده‌كرد. كاتێ له‌ دووره‌وه‌ ئیشۆعی بینی، ڕایكرد و كڕنۆشی بۆ برد. به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: “چیت له‌ من ده‌وێت، ئه‌ی ئیشۆعی ڕۆڵه‌ی خودای هه‌ره‌به‌رز؟ سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودا، ئه‌شكه‌نجه‌م مه‌ده‌!” چونكه‌ پێی فه‌رمووبوو: “ئه‌ی ڕووحی گڵاو، له‌م مرۆڤه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ئینجا لێی پرسی: “ناوت چییه‌؟” پێی وت: “ناوم لیجیۆنه‌، چونكه‌ ئێمه‌ زۆرین”. زۆریش لێی پاڕایه‌وه‌ نه‌یاننێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌. له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌د شاخه‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕان، هه‌موو شه‌یتانه‌كان لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “بماننێره‌ نێو به‌رازه‌كان، با بچینه‌ نێویان”. ئیشۆعیش یه‌كسه‌ر ڕێی پێدان. ڕووحه‌ گڵاوه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كان، ئینجا ڕانه‌كه‌ له‌ قه‌دپاڵه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌ریاكه‌ ته‌ووژمیان برد، نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌بوون، له‌نێو ده‌ریاكه‌ خنكان. به‌رازه‌وانه‌كان هه‌ڵاتن، هه‌واڵیان دایه‌ شار و گونده‌كان. ئه‌وانیش هاتن تاكو ببینن چی ڕوویداوه‌. هاتنه‌ لای ئیشۆع، بینییان ئه‌وه‌ی لیجۆنه‌كه‌ی تێدابوو، دانیشتووه‌ و پۆشته‌یه‌ و ئاقڵه‌، جا ترسان. ئه‌وانه‌ش كه‌ بینیبوویان چی به‌سه‌ر شێته‌كه‌ و به‌رازه‌كان هات، بۆیان گێڕانه‌وه‌. ئیتر ده‌ستیانكرد به‌ پاڕانه‌وه‌ لێی تاكو له‌ ناوچه‌كه‌یان بڕوات. كاتێ سواری كه‌شتیه‌كه‌ بوو، ئه‌وه‌ی كه‌ شێت بوو، لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت. ڕێگا‌ی نه‌دا، به‌ڵكو پێی فه‌رموو: “بڕۆ نێو ماڵ و كه‌سوكارت، بۆیان بگێڕه‌وه‌ په‌روه‌ردگار چی بۆت كردووه‌ و چۆن به‌زه‌یی پێت هاته‌وه‌”. جا ڕۆیشت و له‌ ده‌ شاره‌كه‌دا ده‌ستیكرد به‌ بانگه‌وازی هه‌موو ئه‌وه‌ی ئیشۆع بۆی كردبوو. هه‌مووان سه‌رسام بوون. دیسان ئیشۆع به‌ كه‌شتیه‌كه‌ په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ر، هه‌ر له‌ده‌م ئاوه‌كه‌ بوو كۆمه‌ڵێكی زۆر لێی كۆبوونه‌وه‌. یه‌كێک له‌ پێشه‌وایانی كه‌نیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، كاتێ ئیشۆعی بینی، له‌به‌رپێی كه‌وت و زۆر لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “كچه‌ بچووكه‌كه‌م له‌ دواهه‌ناسه‌دایه‌، بریایه‌ بێیت و ده‌ستی له‌سه‌ر دابنێ تاكو چاكبێته‌وه‌ و بژیێت!”. ئیشۆع له‌گه‌ڵی چوو، كۆمه‌ڵانێكیش دوای كه‌وت و پاڵه‌په‌ستۆی لێ ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ بوو خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو. به‌ ده‌ستی زۆر پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئه‌وه‌ی هه‌یبوو خه‌رجی كردبوو، هیچ سوودیشی نه‌بوو، به‌ڵكو خراپتر ببوو. كاتێ باسی ئیشۆعی بیستبوو، هاته‌ نێو كۆمه‌ڵه‌كه‌ و له‌ دواوه‌ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌ی دا، چونكه‌ وتبوو: “ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌ كراسه‌كه‌ی بده‌م، چاک ده‌بمه‌وه‌”. یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی ڕاوه‌ستا و له‌ له‌شیدا هه‌ستی به‌ چاكبوونه‌وه‌ كرد له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی. یه‌كسه‌ر ئیشۆعیش زانی هێزێک لێی ده‌رچوو، ئاوڕی له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “كێ ده‌ستی له‌ كراسه‌كه‌م دا؟” قوتابییه‌كانی پێیان وت: “ده‌بینیت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆت لێده‌كه‌ن، كه‌چی ده‌فه‌رمووی كێ ده‌ستی لێدام؟” چاوی ده‌گێڕا، تاكو بزانێت كێ بوو وایكرد. ژنه‌كه‌ش به‌ ڕووداوه‌كه‌ی خۆی ده‌زانی، به‌ ترس و له‌رزه‌وه‌ هات، له‌به‌رده‌می كه‌وت و هه‌مووی به‌ ڕاستی پێ وت. ئه‌ویش پێی فه‌رموو: “كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ دڵنیایی بڕۆ و له‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ت چاكببه‌وه‌”. كاتێ ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، كه‌سانێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هاتن، وتیان: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر بۆ ڕابی ماندوو ده‌كه‌یت؟”. ئیشۆع گوێی به‌ قسه‌كه‌یان نه‌دا، به‌ پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشتی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت”. نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێت، په‌تڕۆس و یاقوو و یوخه‌ننه‌نی برای یاقوو نه‌بێت. هاتنه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌ی كه‌نیشت، بینی هه‌رایه‌، گریان و شیوه‌نێكی زۆر. چووه‌ ژووره‌وه‌، پێی فه‌رموون: “بۆچی هه‌راتانه‌ و ده‌گریێن؟ كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. پێی پێكه‌نین. به‌ڵام ئه‌و هه‌موویانی ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌، دایک و باوكی كچه‌كه‌ی برد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون و چووه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كچه‌كه‌ی لێبوو. ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت و پێی فه‌رموو: “تالیتا قووم!” واتا: كیژۆڵه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌! كچه‌كه‌ یه‌كسه‌ر هه‌ستا و ڕێیكرد، چونكه‌ دوازده‌ ساڵان بوو، جا زۆر سه‌رسام بوون. زۆریش ڕایسپاردن كه‌س به‌مه‌ نه‌زانێت و فه‌رمووی شتێكی بده‌نێ با بیخوات.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 5 بخوێنەوە

مەرقۆس 1:5-43 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئینجا گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ هەرێمی گەراسین. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، یەکسەر لەناو گۆڕستان پیاوێکی تووش بوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەناو گۆڕستاندا دەژیا، کەس نەیدەتوانی چیتر بیبەستێتەوە، تەنانەت بە زنجیریش. زۆر جار بە کۆت و زنجیر دەبەسترایەوە، بەڵام زنجیرەکانی دەپچڕاند و کۆتەکانیشی دەشکاند، کەس نەیدەتوانی بەسەریدا زاڵ بێت. شەو و ڕۆژ بەردەوام لەناو گۆڕستان و لە چیاکاندا بوو، هاواری دەکرد و بە بەرد لەشی خۆی بریندار دەکرد. کاتێک لە دوورەوە عیسای بینی، ڕایکرد و کڕنۆشی بۆ برد. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «چیت لە من دەوێت، ئەی عیسای کوڕی خودای هەرەبەرز؟ سوێندت دەدەم بە خودا، ئەشکەنجەم مەدە!» چونکە عیسا پێی فەرمووبوو: «ئەی ڕۆحی پیس، لە پیاوەکە وەرە دەرەوە!» ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییە؟» پێی گوت: «ناوم لێگیۆنە، چونکە ئێمە زۆرین.» زۆریش لە عیسا پاڕایەوە نەیاننێرێتە دەرەوەی ناوچەکە. لەوێ ڕانە بەرازێکی گەورە لە قەد شاخەکە دەلەوەڕان، ڕۆحە پیسەکان لە عیسا پاڕانەوە: «بماننێرە ناو بەرازەکان، با بچینە ناویان.» ئەویش ڕێی پێدان. ڕۆحە پیسەکان هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئینجا ڕانەکە کە نزیکەی دوو هەزار سەر دەبوون، بە خێرایی لە قەدپاڵەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و خنکان. بەرازەوانەکان ڕایانکرد و هەواڵیان دا بە شار و گوندەکان. خەڵکەکەش هاتن تاکو ببینن چی ڕوویداوە. کاتێک هاتنە لای عیسا، بینییان ئەوەی لەشکرێک ڕۆحی پیسی تێدابوو، دانیشتووە و پۆشتەیە و ئاقڵە، ئیتر ترسان. ئەوانەش کە بینیبوویان چی بەسەر بەرازەکان و ئەو کەسەدا هات کە ڕۆحی پیسی تێدابوو، ڕووداوەکەیان بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە. ئیتر دەستیان بە پاڕانەوە کرد لە عیسا تاکو لە ناوچەکەیان بڕوات. کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە دەبوو، ئەو کەسەی ڕۆحی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایەوە کە لەگەڵی بڕوات. ڕێگای نەدا، بەڵکو پێی فەرموو: «بگەڕێوە ناو ماڵ و کەسوکارەکەت، بۆیان بگێڕەوە پەروەردگار چی بۆت کردووە و چۆن بەزەیی پێتدا هاتەوە.» جا ڕۆیشت و لە دە شارەکە دەستی بە جاڕدانی هەموو ئەوە کرد کە عیسا بۆی کردبوو. هەموو سەرسام بوون. دیسان عیسا بە بەلەمەکە پەڕییەوە ئەوبەر، هەر لە کەناری دەریاچەکە بوو خەڵکێکی زۆر لێی کۆبوونەوە. یەکێک لە پێشەوایانی کەنیشت هات، ناوی یایرۆس بوو، کاتێک عیسای بینی، لەبەرپێی کەوت و زۆر لێی پاڕایەوە: «کچە بچووکەکەم لە سەرەمەرگدایە، وەرە دەستی لەسەر دابنێ تاکو چاک بێتەوە و بژیێت.» عیسا لەگەڵی چوو، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت و پاڵەپەستۆیان لێ دەکرد. ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو. بە دەستی چەندین پزیشک ئازاری زۆری چێژتبوو، ئەوەی هەیبوو خەرجی خۆی کردبوو، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵکو خراپتر ببوو. باسی عیسای بیستبوو، بۆیە هاتە ناو خەڵکەکە و لە دواوە دەستی لە کراسەکەی دا، چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە کراسەکەی بدەم، چاکدەبمەوە.» دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی ڕاوەستا و لە لەشیدا هەستی بە چاکبوونەوە کرد لە نەخۆشییەکەی. یەکسەر عیساش زانی هێزێک لێی هاتە دەرەوە، ئاوڕی لە خەڵکەکە دایەوە و فەرمووی: «کێ دەستی لە کراسەکەم دا؟» قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «دەبینیت خەڵکەکە پاڵەپەستۆت لێدەکەن، کەچی دەفەرمووی کێ دەستی لێدام؟» بەڵام عیسا چاوی دەگێڕا، تاکو بزانێت کێ بوو وای کرد. ژنەکەش کە بە ڕووداوەکەی خۆی دەزانی، بە ترس و لەرزەوە هات، لەبەردەمی کەوت و هەموو شتێکی بە ڕاستی پێ گوت. ئەویش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت و لە نەخۆشییەکەت چاکببەوە.» کاتێک عیسا قسەی دەکرد، چەند کەسێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هاتن و گوتیان: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» عیسا قسەکانی ئەوانی بەرگوێ کەوت، بە پێشەواکەی کەنیشتی فەرموو: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت.» نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێت، پەترۆس و یاقوب و یۆحەنای برای یاقوب نەبێت. هاتنە ماڵی پێشەواکەی کەنیشت، بینی هەرا و گریان و شیوەنێکی زۆرە. چووە ژوورەوە، پێی فەرموون: «بۆچی هەراتانە و دەگریێن؟ کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» بەمە خەڵکەکە پێی پێکەنین. بەڵام عیسا هەموویانی دەرکردە دەرەوە، دایک و باوکی منداڵەکەی برد لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون و چووە ژوورەوە بۆ ئەو شوێنەی منداڵەکەی لێبوو. دەستی منداڵەکەی گرت و پێی فەرموو: «تالیسا، قوم!» کە بە واتای «کیژۆڵە، پێت دەڵێم هەستە!» دێت. کچەکە کە تەمەنی دوازدە ساڵ بوو، دەستبەجێ هەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، جا هەموویان زۆر سەرسام بوون. بە توندیش ڕایسپاردن کەس بەمە نەزانێت و فەرمووی شتێکی بدەنێ با بیخوات.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 5 بخوێنەوە