لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 41:14-52

مەرقۆس 41:14-52 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

سێیه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌، پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌! ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیكبووه‌وه‌!”. یه‌كسه‌ر، كاتێ هێشتا قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا یه‌كێک بوو له‌ دوازده‌كه‌، گه‌یشت. كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و ته‌وراتزانه‌كان و پیرانه‌وه‌ نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، نیشانه‌یه‌كی پێدابوون، وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن و به‌ پاسه‌وانییه‌وه‌ بیبه‌ن”. كاته‌كه‌ هات و ئیهوودا هاته‌ لای وتی: “گه‌وره‌م، گه‌وره‌م!” و ماچی كرد. ئیتر قۆڵبه‌ستیان كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌ ئاماده‌بووان، شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌ی كاهینی باڵا دا و گوێی بڕی. ئیشۆعیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “وه‌ک بۆ گرتنی دزێک به‌ شمشێر و كوته‌كه‌وه‌‌ هاتوون بمگرن؟ هه‌موو ڕۆژێک له‌ په‌رستگادا له‌گه‌ڵتان بووم ئامۆژگاریم ده‌كرد، نه‌تانگرتم! به‌ڵام بۆ هاتنه‌دیی سیپاره‌كانه‌”. ئینجا هه‌موو به‌جێیان هێشت و هه‌ڵاتن. گه‌نجێک دوای ئیشۆع كه‌وت پارچه‌ كه‌تانێكی له‌به‌ر بوو ڕووتییه‌كه‌ی داپۆشیبوو، جا گه‌نجان گرتییان. ئه‌ویش كه‌تانه‌كه‌ی به‌جێهێشت و به‌ ڕووتی هه‌ڵات.

مەرقۆس 41:14-52 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

سێیەم جار گەڕایەوە، پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ بەسە! کاتەکە هاتووە. ئەوەتا کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. هەستن با بڕۆین، ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» کاتێک هێشتا عیسا قسەی دەکرد، لەناکاو یەهوزا گەیشت کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە. کۆمەڵە خەڵکێکی لەگەڵ بوو لەلایەن کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و پیرانەوە نێردرابوون، شمشێر و داریان پێبوو. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم، ئەوە خۆیەتی، بیگرن و بە پاسەوانییەوە بیبەن.» هەرکە یەهوزا گەیشت، چوو بۆ لای عیسا و گوتی: «ڕابی!» و ماچی کرد. ئیتر دەستبەسەریان کرد و گرتییان. بەڵام یەکێک لە ئامادەبووان، شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیساش پێی فەرموون: «ئایا من کەسێکی یاخیبووم کە بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا لەگەڵتان بووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم، بەڵام دەبێت نووسراوە پیرۆزەکان بێنە دی.» ئینجا هەموو بەجێیان هێشت و ڕایانکرد. گەنجێک دوای عیسا کەوت کە تەنها بە پارچە کەتانێک ڕووتییەکەی داپۆشیبوو. کاتێک گرتیان، کەتانەکەی بەجێهێشت و بە ڕووتی ڕایکرد.