لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 16:1-28

مەرقۆس 16:1-28 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئیشۆع له‌لای ده‌ریای گلیلادا ده‌ڕۆیشت، شیمعون و ئه‌ندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێده‌دایه‌ ده‌ریاكه‌، چونكه‌ ماسیگر بوون. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “وه‌رن دوام بكه‌ون، ده‌تانكه‌مه‌ ڕاوچیی خه‌ڵک”. یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. ئینجا هه‌ندێک ڕۆیشت، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای بینی، له‌نێو كه‌شتیدا تۆڕیان چاكده‌كرده‌وه‌. یه‌كسه‌ر بانگیكردن، ئه‌وانیش زه‌بدیی باوكیان له‌گه‌ڵ كرێكاران له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. ئینجا چوونه‌ كپه‌ڕناخوم. له‌ كاتێكدا شه‌ممه‌ بوو چووه‌ كه‌نیشت و ده‌ستیكرد به‌ ئامۆژگاری. له‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ی سه‌رسام بوون، چونكه‌ وه‌ک ده‌سه‌ڵاتدارێک ئامۆژگاریی ده‌كردن، نه‌ک وه‌ک ته‌وراتزانه‌كان. له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان پیاوێكی لێبوو ڕووحی گڵاوی تێدابوو، هاواری كرد، وتی: “ئای! ئیشۆعی ناسڕه‌تی، چیت لێمان ده‌وێت؟ هاتووی له‌ ناومان ببه‌یت! من ده‌تناسم تۆ كێیت، تۆ پارساكه‌ی خودایت!” ئیشۆع لێی ڕاخوڕی و فه‌رمووی: “بێده‌نگ به‌! لێی وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!” ڕووحه‌ گڵاوه‌كه‌ش خووگرتی و هاوارێكی به‌رزی لێ هه‌ستا و لێی هاته‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌موو سه‌رسام بوون، ته‌نانه‌ت پرسیان له‌ یه‌كتر كرد و وتیان: “ئه‌مه‌ چییه‌؟ ئه‌م ئامۆژگاریه‌ نوێیه‌ چیه‌؟ چونكه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌! فه‌رمان به‌ ڕووحی گڵاویش ده‌كات و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن!” یه‌كسه‌ر ناوبانگی به‌ هه‌موو ده‌ڤه‌ری ده‌وروبه‌ری گلیلا بڵاو‌بووه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 1 بخوێنەوە

مەرقۆس 16:1-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، شیمۆن و ئەندراوسی برای بینی، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.» دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن. ئینجا کەمێک دوور کەوتەوە، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای بینی، لەناو بەلەمێکدا تۆڕەکەی خۆیان چاک دەکردەوە. یەکسەر بانگی کردن، ئەوانیش زەبدی باوکیان لەگەڵ کرێکاران لەناو بەلەمەکە بەجێهێشت و دوای کەوتن. ئینجا عیسا و شوێنکەوتووانی چوونە شاری کەفەرناحوم. لە ڕۆژی شەممەدا عیسا چووە کەنیشت و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک. خەڵکی لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وەک دەسەڵاتدارێک فێری دەکردن، نەک وەکو مامۆستایانی تەورات. لە کەنیشتەکەیاندا یەکێکی لێبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو، لەپڕ هاواری کرد، گوتی: «عیسای ناسیرەیی، چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت!» عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکەش فێی لە پیاوەکە هێنا و بە دەنگی بەرز هاواری کرد و لێی هاتە دەرەوە. هەموو سەرسام بوون و کەوتنە پرسیار لە یەکتری: «ئەمە چییە؟ فێرکردنێکی نوێیە بە دەسەڵاتەوە! فەرمان بە ڕۆحە پیسەکانیش دەدات و گوێڕایەڵی دەبن.» یەکسەر ناوبانگی عیسا بە هەموو ناوچەی دەوروبەری جەلیلدا بڵاو بووەوە.

هاوبەشی بکە
مەرقۆس 1 بخوێنەوە