میخا 8:1-16
میخا 8:1-16 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە، بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم. وەک چەقەڵ دەلورێنم و وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم، چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت، بەڵکو یەهوداش تووش بوو، گەیشتە دەروازەی گەلەکەم، هەتا ئۆرشەلیم هات. ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک مەگریێن، لە بێتعۆفرادا خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە. ئەی دانیشتووانی شافیر بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە، دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن. بێتئێچەل دەگریێت بەڵام ناتانپارێزێت. دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی. ئەی دانیشتووانی لاخیش، گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن، ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن، هەروەها سییۆنی کچتان تووشی گوناه کرد. لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن بە مۆرەشەت گەت. یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە جێی متمانە نییە بۆ پاشاکانی ئیسرائیل. داگیرکەرتان دەهێنمە سەر، ئەی دانیشتووانی مارێشا، ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە دێتە عەدولام. سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان لەسەر منداڵە نازدارەکانتان، وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ، چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن.