لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:8-22

مەتا 1:8-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئیشۆع له‌ چیاكه‌ هاته‌ خواره‌وه‌، كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن. گولێک هات و كڕنۆشی بۆ برد و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پێگه‌ردم بكه‌یته‌وه‌”. ئیشۆعیش ده‌ستی درێژ كرد و ده‌ستی لێی دا، فه‌رمووی: “ده‌مه‌وێ، بێگه‌رد ببه‌وه‌!” یه‌كسه‌ر له‌ گولیه‌كه‌ی بێگه‌رد بووه‌وه‌. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئاگادار به‌، به‌ كه‌س مه‌ڵێ، به‌ڵكو بڕۆ خۆت پیشانی كاهینه‌كه‌ بده‌ و ئه‌و قوربانییه‌ی مووشێ فه‌رمانی كردووه‌ پێشكه‌شی بكه‌، وه‌ک گه‌واهییه‌ک بۆیان”. كاتێ ئیشۆع چووه‌ كپه‌ڕناخوم، سه‌رپه‌لێک هاته‌ لای، لێی پاڕایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ڕاژه‌وانه‌كه‌م به‌ ئیفلیجی له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌وتووه‌ و ئازارێكی زۆری هه‌یه‌”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “من دێم و چاكی ده‌كه‌مه‌وه‌”. سه‌رپه‌له‌كه‌ش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م شایانی ئه‌وه‌ نیم بێیته‌ ماڵه‌كه‌م، به‌ڵكو ته‌نها وشه‌یه‌ک بفه‌رموو ڕاژه‌وانه‌كه‌م چاک ده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ منیش مرۆڤێكم ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم: بڕۆ! ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش: وه‌ره‌! دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم: ئه‌مه‌ بكه‌! ده‌یكات”. كاتێ ئیشۆع گوێی له‌مه‌ بوو، سه‌رسام بوو، به‌وانه‌ی فه‌رموو كه‌ دوای ده‌كه‌وتن: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: له‌ ئیسڕائیلدا باوه‌ڕێكی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌! پێتان ده‌ڵێم: زۆر كه‌س له‌ خۆرهه‌ڵات و خۆرئاواوه‌ دێن و له‌گه‌ڵ ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا پاڵده‌ده‌نه‌وه‌. به‌ڵام ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تی فڕێ ده‌درێنه‌ تاریكی ده‌ره‌وه‌، جا گریان و جیڕه‌ی ددان له‌وێیه‌”. ئینجا ئیشۆع به‌ سه‌رپه‌له‌كه‌ی فه‌رموو: “بڕۆ! با هه‌روه‌ک باوه‌ڕت هێنا، بۆت ببێت”. جا له‌و كاته‌دا ڕاژه‌وانه‌كه‌ی چاک بووه‌وه‌. ئیشۆع هاته‌ ماڵی په‌تڕۆس، خه‌سووی په‌تڕۆسی بینی كه‌وتووه‌ و تای لێ هاتووه‌. ئیشۆع ده‌ستی له‌ ده‌ستی دا و تاكه‌ به‌ری دا. ئه‌ویش هه‌ستا وڕاژه‌ی كردن. كاتێ ئێواره‌ داهات، شێتی زۆریان بۆ هێنا، ئه‌ویش به‌ وشه‌یه‌ک ڕووحه‌كانی ده‌ركرد و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانی چاككرده‌وه‌. تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا وتراوه‌ بێته‌ دی: {ئه‌و ده‌رده‌كانمانی برد ونه‌خۆشییه‌كانمانی هه‌ڵگرت} . كاتێ ئیشۆع كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌ ده‌وری خۆی بینی، فه‌رمانی دا بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ ئه‌وبه‌ر. ته‌وراتزانێک هاته‌ لای، پێی وت: “ڕابی، بۆ كوێ بڕۆیت دوات ده‌كه‌وم”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “ڕێوی كونی هه‌یه‌ و باڵنده‌ی ئاسمانیش هێلانه‌، به‌ڵام ڕۆڵه‌ی مرۆڤ جێیه‌كی نییه‌ سه‌ری لێ دابنێت”. یه‌كێكی دیكه‌ له‌ قوتابییه‌كانی پێی وت: “گه‌وره‌م، ڕێگام بده‌ یه‌كه‌مجار بڕۆم باوكم بنێژم”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “دوام بكه‌وه‌، واز له‌ مردووان بهێنه‌ با مردووه‌كانیان بنێژن”.

هاوبەشی بکە
مەتا 8 بخوێنەوە

مەتا 1:8-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن. ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت پیشانی کاهین بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.» کاتێک عیسا چووە ناو کەفەرناحوم، سەرپەلێک هاتە لای، لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.» عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.» سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.» کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای کەوتبوون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا کەسم نەدیوە باوەڕێکی بەهێزی ئاوای هەبێت. پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن. بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە. عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی لەناو جێگادا کەوتووە، تای هەیە. عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان. کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ: ﴿ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و نەخۆشییەکانمانی برد.﴾ کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی بە قوتابییەکانی دا کە بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. مامۆستایەکی تەورات هاتە لای و پێی گوت: «مامۆستا، بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.» عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.» یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.» بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»

هاوبەشی بکە
مەتا 8 بخوێنەوە