مەتا 1:4-25
مەتا 1:4-25 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
پاشان ئیشۆع به ڕووحه‌وه بردرایه سه‌روو بۆ ده‌شتوده‌ر، تا له‌لایه‌ن ئیبلیسه‌وه تاقی بكرێته‌وه. دوای ئه‌وه‌ی كه چل ڕۆژ و چل شه‌و به‌ڕۆژووبوو، برسی بوو. تاقیكه‌ره‌وه لێی هاته پێش، پێی وت: “ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت، بڵێ با ئه‌م به‌ردانه ببنه نان”. وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “نووسراوه: {مرۆڤ ته‌نها به نان ناژیێت، به‌ڵكو به هه‌ر وشه‌یه‌ک كه له زاری خوداوه ده‌رده‌چێت} ”. ئینجا ئیبلیس بردییه شاری پارسا و له‌سه‌ر سوانده‌ی په‌رستگا ڕایگرت و پێی وت: “ئه‌گه‌ر تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت، خۆت هه‌ڵده خواره‌وه. چونكه نووسراوه: {فریشته‌كانی ڕاده‌سپێرێت، تا له‌سه‌ر ده‌ستیان هه‌ڵتبگرن، نه‌وه‌ک پێت له به‌ردێک بدات} ”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “هه‌روه‌هاش نووسراوه: {په‌روه‌ردگار، خوداوه‌ندت تاقی مه‌كه‌وه} ”. دیسان ئیبلیس بۆ سه‌ر شاخێكی زۆر بڵندی برد و هه‌موو پاشایه‌تیه‌كان و شكۆی جیهانی پیشان دا و پێی وت: “هه‌موو ئه‌مانه‌ت ده‌ده‌مێ ئه‌گه‌ر دانه‌وێیت و كڕنۆشم بۆ ببه‌یت”. له‌و كاته‌دا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شه‌یتان لێم دووربكه‌وه! چونكه نووسراوه: {كڕنۆش بۆ په‌روه‌ردگار خوداوه‌ندت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت} ”. ئینجا ئیبلیس وازی لێهێنا و فریشته هاتن و ڕاژه‌یان كرد. كاتێ ئیشۆع بیستی یوخه‌ننه‌ن گیراوه، به‌ره‌و گلیلا ڕۆیشت. ناسڕه‌تی به‌جێهێشت و هات له كپه‌ڕناخوم نیشته‌جێ بوو، كه له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌یه، له سنووری زوه‌ولوون و نه‌پتالیم، تاكو ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر ئێشه‌عیا وتراوه بێته دی: {زه‌ویی زوه‌ولوون و زه‌ویی نه‌پتالیم، ڕێگای ده‌ریا، ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن، گلیلای نه‌ته‌وه‌كان، ئه‌و گه‌له‌ی له تاریكی‌دا دانیشتووه، ڕووناكییه‌كی مه‌زنی بینی، دانیشتووان له زه‌ویی سێبه‌ری مه‌رگ، ڕووناكییان لێ هه‌ڵهات} . له‌و كاته‌وه ئیشۆع ده‌ستیكرد به موژده‌دان و ده‌یفه‌رموو: “تۆبه بكه‌ن، چونكه پاشایه‌تی ئاسمانان نزیک بۆته‌وه”. كاتێ ئیشۆع له كه‌ناری ده‌ریای گلیلا‌دا ده‌ڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمعون كه پێی ده‌ووترێ په‌تڕۆس له‌گه‌ڵ ئه‌ندراوسی برای، تۆڕیان فڕێده‌دایه ده‌ریاوه، چونكه ماسیگر بوون. پێی فه‌رموون: “وه‌رن به‌دوام، ده‌تانكه‌مه ڕاوچیی مرۆڤ”. یه‌كسه‌ر تۆڕه‌كانیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. كه له‌وێ تێپه‌ڕی، دوو برای دیكه‌ی بینی، یاقووی كوڕی زه‌بدی و یوخه‌ننه‌نی برای، له كه‌شتیه‌كدا له‌گه‌ڵ زه‌بدی باوكیان تۆڕه‌كانیان چاكده‌كرده‌وه، ئه‌وانیشی بانگهێشتكرد. یه‌كسه‌ر كه‌شتیه‌كه و باوكیان به‌جێهێشت و دوای كه‌وتن. ئینجا ئیشۆع به هه‌موو گلیلا‌دا ده‌گه‌ڕا، له كه‌نیشته‌كانیان فێری ده‌كردن و موژده‌ی پاشایه‌تیی ده‌دا، هه‌موو نه‌خۆشی و هه‌موو لاوازیه‌كی نێو خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر ده‌كرد. هه‌واڵی هه‌موو سوریای گرته‌وه، هه‌رچی نه‌خۆش هه‌بوو به ده‌رد و جۆره‌ها ئازاره‌وه، شێت و خوودار و ئیفلیجه‌كان، هه‌موویان بۆ لای هێنا، ئه‌ویش چاره‌سه‌ریكردنه‌وه. جا خه‌ڵكێكی زۆر له گلیلا و ده شاره‌كه و یروشلایم و ئیهوود و ئه‌وبه‌ری یوردنه‌ن دوای كه‌وتن.
مەتا 1:4-25 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
پاشان عیسا بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە بردرایە چۆڵەوانی، تاکو لەلایەن ئیبلیسەوە تاقی بکرێتەوە. دوای ئەوەی کە چل شەو و چل ڕۆژ بەڕۆژوو بوو، برسی بوو. تاقیکەرەوە لێی هاتە پێش، پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت، بەم بەردانە بڵێ با ببن بە نان.» بەڵام عیسا وەڵامی دایەوە: «نووسراوە: ﴿مرۆڤ تەنها بە نان ناژیێت، بەڵکو بە هەر وشەیەک کە لە دەمی خوداوە دێتە دەرەوە.﴾» ئینجا ئیبلیس بردییە شاری پیرۆز و لەسەر گوێسەبانەی پەرستگا ڕایگرت و پێی گوت: «ئەگەر تۆ کوڕی خودایت خۆت هەڵبدە خوارەوە. لەبەر ئەوەی نووسراوە: «﴿سەبارەت بە تۆ فەرمان بە فریشتەکانی دەدات، لەسەر دەستیان هەڵتدەگرن، تاکو پێت بەر بەردێک نەکەوێت.﴾» عیساش پێی فەرموو: «هەروەها نووسراوە: ﴿یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە.﴾» دیسان ئیبلیس بۆ سەر شاخێکی زۆر بڵندی برد و هەموو شانشینەکانی جیهان و شکۆی ئەوانی پیشان دا و پێی گوت: «هەموو ئەمانەت دەدەمێ ئەگەر کڕنۆش ببەیت و بمپەرستی.» ئینجا عیساش پێی فەرموو: «ئەی شەیتان لێم دووربکەوە! چونکە نووسراوە: ﴿کڕنۆش بۆ یەزدانی پەروەردگارت دەبەیت و تەنها ئەو دەپەرستیت.﴾» ئیتر ئیبلیس وازی لێ هێنا و چەند فریشتەیەک هاتن و خزمەتیان دەکرد. کاتێک عیسا بیستی یەحیا گیراوە، گەڕایەوە بۆ ناوچەی جەلیل. ناسیرەی بەجێهێشت و هات لە شاری کەفەرناحوم نیشتەجێ بوو، کە لەسەر دەریاچەیە، لە سنووری زەبولون و نەفتالی، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی: ﴿ئەی خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی ناجولەکەکان، ئەو گەلەی لە تاریکیدا دانیشتووە، ڕووناکییەکی گەورەی بینی، دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ ڕووناکی بەسەریاندا هەڵهات.﴾ لەو کاتەوە عیسا دەستی کرد بە جاڕدان و دەیفەرموو: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» کاتێک عیسا بە کەناری دەریاچەی جەلیلدا دەڕۆیشت، دوو برای بینی، شیمۆن کە پێی دەگوترا پەترۆس لەگەڵ ئەندراوسی برای، تۆڕیان فڕێدەدایە دەریاچەکە، چونکە ماسیگر بوون. عیسا پێی فەرموون: «وەرن دوام بکەون، دەتانکەم بە ڕاوکەری مرۆڤ.» دەستبەجێ تۆڕەکانیان بەجێهێشت و دوای کەوتن. کە لەوێ ڕۆیشت، دوو برای دیکەی بینی، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، لە بەلەمێکدا لەگەڵ زەبدی باوکیان تۆڕەکانیان چاک دەکردەوە، ئەوانیشی بانگکرد. دەستبەجێ بەلەمەکە و باوکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن. ئینجا عیسا بە هەموو جەلیلدا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان خەڵکی فێر دەکرد و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و نەساغی نێو خەڵک هەبوو چاکی دەکردنەوە. لەبەر ئەوە دەنگوباسی تەواوی سوریای گرتەوە، ئەوانیش هەموو نەخۆشێکیان دەهێنایە لای، بە جۆرەها دەرد و ئازارەوە، ئەوانەی کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو و فێدار و ئیفلیج بوون، چاکی دەکردنەوە. جا خەڵکێکی زۆر لە جەلیل و دە شارەکە و ئۆرشەلیم و یەهودیا و ئەوبەری ڕووباری ئوردون دوای کەوتن.