لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 20:26-54

مەتا 20:26-54 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ ئێواره‌ داهات، له‌گه‌ڵ دوازده‌كه‌ پاڵیدایه‌وه‌. كاتێ نانیان ده‌خوارد، فه‌رمووی: “ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: یه‌كێكتان ڕاده‌ستم ده‌كات”. ئه‌وانیش زۆر خه‌مبار بوون، هه‌ریه‌كه‌ پێیان وت: “په‌روه‌ردگار، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ست ده‌خاته‌ نێو قاپه‌كه‌، ئه‌و ڕاده‌ستم ده‌كات! ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت وه‌كو له‌سه‌ری نووسراوه‌ بڕوات، به‌ڵام وه‌ی به‌حاڵ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ست ده‌كرێت! باشتر بوو بۆ ئه‌و پیاوه‌ هه‌ر له‌دایک نه‌بووایه‌!”. ئینجا ئیهوودا، ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی ده‌كات، وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “گه‌وره‌م، ئه‌و كه‌سه‌ منم؟” پێی فه‌رموو: “خۆت وتت”. كه‌ نانیان ده‌خوارد، ئیشۆع نانێكی هه‌ڵگرت، داڕشتیكرد و له‌تیكرد، دایه‌ قوتابییه‌كان و فه‌رمووی: “بگرن، بخۆن، ئه‌مه‌ له‌شی منه‌”. ئینجا جامه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و داڕشتیكرد، پێیدان و فه‌رمووی: “هه‌موو لێی بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، كه‌ بۆ په‌یمانی نوێ له‌پێناوی زۆر كه‌سدا بۆ گوناهبه‌خشین ده‌ڕژێت. پێشتان ده‌ڵێم: له‌مه‌ودوا من له‌م به‌رهه‌مه‌ی مێو ناخۆمه‌وه‌، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ پاشایه‌تیی باوكم به‌ نوێتی له‌گه‌ڵتان ده‌یخۆمه‌وه‌”. ئینجا ستایشیان كرد و بۆ كێوی زه‌یتوون ده‌رچوون. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌مشه‌و هه‌مووتان گومانم لێده‌كه‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {له‌ شوانه‌كه‌ ده‌ده‌م، مێگه‌له‌كه‌ په‌رت ده‌بێت} . به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ گلیلا”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وت: “ئه‌گه‌ر هه‌موو گومانت لێ بكه‌ن، من هه‌رگیز گومانت لێ ناكه‌م”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ڕه‌وات پێ ده‌ڵێم: ئه‌مشه‌و پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر بقوولێنێت، تۆ سێ جار نكۆڵیم لێ ده‌كه‌یت”. په‌تڕۆس پێی وت: “ئه‌گه‌ر ناچاریش بووم له‌‌گه‌ڵت بمرم، نكۆڵیت لێ ناكه‌م!” قوتابییه‌كانیش هه‌موو وایان وت. دوای ئه‌وه‌ ئیشۆع له‌گه‌ڵیان بۆ گوندێک هات پێی ده‌ووترا، گێتسیمه‌ن، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: “لێره‌ دانیشن، تاكو ده‌چمه‌ ئه‌وێ نوێژ ده‌كه‌م”. په‌تڕۆس و دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی برد، په‌ژاره‌ و خه‌م دایده‌گرت. پێی فه‌رموون: “زۆر دڵته‌نگم خه‌ریكه‌ بمرم، لێره‌ بمێننه‌وه‌ و بێداربن له‌گه‌ڵم”. كه‌مێک چووه‌ پێش و به‌ ڕوودا چووه‌ سه‌ر زه‌وی، نوێژی ده‌كرد و ده‌یفه‌رموو: “باوكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌كرێت ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر تێپه‌ڕێت. به‌ڵام نه‌ک وه‌ک من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو تۆ”. ئینجا هاته‌وه‌ لای قوتابییه‌كان، بینی نووستوون، به‌ په‌تڕۆسی فه‌رموو: “وه‌ها نه‌تانتوانی كاژێرێ بێداربن له‌گه‌ڵم؟ بێداربن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ک بچنه‌ نێو تاقیكردنه‌وه‌. چونكه‌ ڕووح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌”. دیسان ڕۆیشته‌وه‌ نوێژی كرد و فه‌رمووی: “باوكه‌! ئه‌گه‌ر ناكرێت ئه‌م جامه‌ له‌سه‌رم تێپه‌ڕێت و هه‌ر ده‌بێت بیخۆمه‌وه‌، با خواستی تۆ بێت. ئینجا هاته‌وه‌ دیسان بینی نووستوون، چونكه‌ چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیه‌م نوێژی كرد و هه‌مان شتی وته‌وه‌. دوایی هاته‌ لای قوتابییه‌كانی و پێی فه‌رموون: “ئێستا بنوون و پشوو بده‌ن! ئه‌وه‌تا كاته‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌‌ و ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ڕاده‌ستی گوناهباران ده‌كرێت. هه‌ستن با بڕۆین! ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستم ده‌كات نزیک بووه‌وه‌!”. هێشتا ئه‌و قسه‌ی ده‌كرد، ئیهوودا هات كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دوازده‌كه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری له‌گه‌ڵ بوو، به‌ شمشێر و داره‌وه‌ له‌لایه‌ن كاهینانی باڵا و پیرانی گه‌له‌وه‌ نێردرابوون. ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی كرد نیشانه‌یه‌كی پێدان و وتبووی: “ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م ئه‌وه‌ خۆیه‌تی، بیگرن”. یه‌كسه‌ر هاته‌ لای ئیشۆع و وتی: “سڵاو گه‌وره‌م!”. ئینجا ماچی كرد. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “هاوڕێ، بۆ چی هاتوویت؟” ئینجا هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و ئیشۆعیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و گرتییان. یه‌كێک له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیشۆعدان، ده‌ستی درێژكرد و شمشێره‌كه‌ی هه‌ڵكێشا، له‌ كۆیله‌یی كاهینی باڵای دا و گوێی بڕی. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی، چونكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی شمشێر هه‌ڵده‌گرن، به‌ شمشێر له‌ناوده‌چن!. وا ده‌زانیت ناتوانم ئێستا داوا له‌ باوكم بكه‌م، زیاتر له‌ دوازده‌ له‌شكر فریشته‌م بۆ بنێرێت؟ ئیتر چۆن سیپاره‌كان دێنه‌ دی، كه‌ ده‌ڵێن به‌و شێوه‌یه‌ پێویسته‌ ڕووبدات؟”.

هاوبەشی بکە
مەتا 26 بخوێنەوە

مەتا 20:26-54 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.» ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. کوڕی مرۆڤ دەبێت وەک ئەوەی لەبارەیەوە نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.» ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، خۆ ئەو کەسە من نیم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.» کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەریبگرن و بیخۆن، ئەمە جەستەی منە.» ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.» ئینجا گۆرانیی ڕۆحییان گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون. ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە: «﴿لە شوانەکە دەدەم، مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.﴾ بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.» عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم، ئەمشەو پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.» پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» هەموو قوتابییەکانی دیکەش وایان گوت. دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن هەتا دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و ئێشکم لەگەڵ بگرن.» کەمێک چووە پێش و بەسەر ڕوودا کەوت، نوێژی کرد و فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەکرێت، با ئەم جامەم لێ دوور بخرێتەوە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی تۆ.» ئینجا گەڕایەوە بۆ لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک ئێشکم لەگەڵ بگرن؟ ئێشک بگرن و نوێژ بکەن، تاکو نەکەونە ناو تاقیکردنەوەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.» دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ پەیڕەو بکرێت.» کاتێک کە دووبارە گەڕایەوە، بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی کرد و هەمان شتی گوتەوە. دوایی هاتەوە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کاتەکە نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.» هێشتا ئەو قسەی دەکرد، یەهوزا هات، کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو کە بە شمشێر و کوتەکەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی.» ئینجا ماچی کرد. عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی. عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»

هاوبەشی بکە
مەتا 26 بخوێنەوە