لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 13:14-36

مەتا 13:14-36 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كه‌ ئیشۆع ئه‌مه‌ی بیست، به‌ ته‌نها به‌ره‌و شوێنێكی چۆڵ، به‌ كه‌شتیه‌ک ئه‌وێی به‌جێهێشت. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كان بیستیان، له‌ شاره‌كانه‌وه‌ به‌ پیاده‌ دوای كه‌وتن. كاتێ ده‌رچوو، كۆمه‌ڵانێكی زۆری بینی، دڵی پێیان سووتا و نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه‌. كاتێ ئێواره‌ داهات، قوتابییه‌كانی هاتنه‌ لای و وتیان: “شوێنه‌كه‌ چۆڵه‌ و كاتیش دره‌نگه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕێكه‌ با بڕۆنه‌ گونده‌كان، خواردن بۆ خۆیان بكڕن”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێویست ناكات بڕۆن. خۆتان شتێكیان بده‌نێ با بیخۆن”. ئه‌وانیش پێیان وت: “لێره‌ له‌ پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییه‌”. ئه‌ویش فه‌رمووی: “بۆمی بهێننه‌ ئێره‌”. فه‌رمانی به‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ دا له‌سه‌ر گیاكه‌ دانیشن. ئینجا پێنج نانه‌كه‌ و دوو ماسییه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و چاوی هه‌ڵبڕیه‌ ئاسمان، داڕشتی كرد و له‌تی كردن، ئینجا نانه‌كانی دایه‌ قوتابییه‌كان، قوتابیه‌كانیش دایانه‌ كۆمه‌ڵانه‌كه‌. هه‌موو خواردیان و تێر بوون. پاشان له‌و له‌ته‌نانه‌ی مایه‌وه‌ دوازده‌ سه‌به‌ته‌ی پڕیان هه‌ڵگرته‌وه‌. نانخۆران نزیكه‌ی پێنج هه‌زار پیاو بوون، بێجگه‌ له‌ ژن و منداڵ. یه‌كسه‌ر قوتابییه‌كانی ناچار كرد سواری كه‌شتییه‌كه‌ بن و پێشی بكه‌ون بۆ ئه‌وبه‌ر، تاكو كۆمه‌ڵانه‌كه‌ به‌ڕێ ده‌كات. كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد، به‌ ته‌نها چووه‌ سه‌ر شاخه‌كه‌ تاكو نوێژ بكات. كه‌ ئێواره‌ داهات له‌وێ به‌ ته‌نها بوو، كه‌شتیه‌كه‌ش گه‌یشتبووه‌ ناوه‌ڕاستی ده‌ریاكه‌وه‌، شه‌پۆڵه‌كانیش پێایاندا ده‌كێشا، چونكه‌ باكه‌ پێچه‌وانه‌ بوو. له‌ چواره‌م به‌تڵی شه‌ودا ئیشۆع بۆ لایان چوو و به‌سه‌ر ده‌ریاكه‌دا ده‌ڕۆیشت. كاتێ قوتابییه‌كان بینییان له‌سه‌ر ده‌ریاكه‌ ده‌ڕوات، شڵه‌ژان و وتیان: “ئه‌مه‌ دێوه‌زمه‌یه‌”! له‌ ترسانیش هاواریان كرد! یه‌كسه‌ر ئیشۆع قسه‌ی له‌گه‌ڵ كردن و فه‌رمووی: “دڵنیابن! ئه‌وه‌ منم. مه‌ترسن”. په‌تڕۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و وتی: “گه‌وره‌م، ئه‌گه‌ر تۆی، فه‌رمانم پێ بده‌ به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا بێمه‌ لات”. فه‌رمووی: “وه‌ره‌”. په‌تڕۆس له‌ كه‌شتیه‌كه‌ دابه‌زی و به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ڕۆیشت تاكو بۆ لای ئیشۆع بێت. به‌ڵام كاتێ بینی باكه‌ تونده‌، ترسا و خه‌ریک بوو نوقوم بێت، به‌هاواره‌وه‌ وتی: “په‌روه‌ردگار، قوتارم بكه‌!” ئیشۆعیش یه‌كسه‌ر ده‌ستی درێژكرد و گرتییه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “كه‌م باوه‌ڕ، بۆچی گومانت كرد؟” كه‌ سه‌ركه‌وتنه‌ نێو كه‌شتییه‌كه‌، باكه‌ هێمن بووه‌وه‌. ئه‌وانه‌ی له‌نێو كه‌شتییه‌كه‌ بوون، هاتن و كڕنۆشیان بۆ برد و وتیان: “به‌ ڕاستی تۆ ڕۆڵه‌ی خودای”. كاتێ په‌ڕینه‌وه‌، هاتنه‌ زه‌ویی گینیسه‌ڕ. پیاوانی ئه‌و شوێنه‌ ناسیانه‌وه‌. هه‌واڵیان نارد بۆ هه‌موو ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ر و هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان بۆی هێنا. داوایان لێكرد ته‌نها ده‌ست له‌ چمكی جله‌كه‌ی بده‌ن. جا هه‌موو ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان لێیدا چاكبوونه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
مەتا 14 بخوێنەوە

مەتا 13:14-36 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کە عیسا ئەمەی بیست، سواری بەلەمێک بوو و بە تەنها چووە شوێنێکی چۆڵ. کاتێک خەڵک بیستیان، لە شارەکانەوە بە پێیان دوای کەوتن. کاتێک عیسا لە بەلەمەکە دابەزی، خەڵکێکی بێشوماری بینی و دڵی پێیان سووتا و نەخۆشەکانی ئەوانی چاککردەوە. کاتێک ئێوارە داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و کاتیش درەنگە. خەڵکەکە بەڕێ بکە با بڕۆنە گوندەکان و خواردن بۆ خۆیان بکڕن.» بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێویست ناکات بڕۆن. ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «لێرە لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە.» ئەویش فەرمووی: «بۆمی بهێننە ئێرە.» فەرمانی بە خەڵکەکە دا لەسەر گیاکە دانیشن. ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و نانەکانی لەتکرد، ئینجا دایە قوتابییەکان و ئەوانیش دایانە خەڵکەکە. هەموو خواردیان و تێر بوون، پاشان لەو پەلکەنانەی مایەوە دوازدە سەبەتەی پڕیان هەڵگرتەوە. ژمارەی ئەوانەی کە نانیان خوارد نزیکەی پێنج هەزار پیاو بوون، بێجگە لە ژن و منداڵ. دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە، هەتا خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. لەدوای ئەوەی خەڵکەکەی بەڕێکرد، سەرکەوتە سەر شاخێک بۆ ئەوەی بە تەنها نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو، بەلەمەکەش مەودایەکی زۆری لە وشکانییەوە بڕیبوو، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە ئاراستەی ڕەشەباکە پێچەوانە بوو. پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. کاتێک قوتابییەکان بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد. دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! ئەوە منم. مەترسن.» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.» فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت. بەڵام کاتێک توندی بایەکەی بینی، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!» عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتی و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟» کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، ڕەشەباکە وەستا. ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.» کاتێک پەڕینەوە ئەوبەر، هاتنە خاکی جەنیسارەت. خەڵکی ئەو ناوچەیە عیسایان ناسییەوە، هەواڵیان دا بە ناوچەکانی دەوروبەر و هەموو نەخۆشەکانیان بۆی هێنا. لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێی دەدا چاکدەبوونەوە.

هاوبەشی بکە
مەتا 14 بخوێنەوە