لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 40:13-50

مەتا 40:13-50 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

وه‌ک زیوانه‌كه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ ئاگر ده‌سووتێندرێ، له‌ پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیان ده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌، جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان. ئه‌وسا خوداناسان له‌ پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت! پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له‌ كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه‌. یه‌كێک دۆزییه‌وه‌ و شاردییه‌وه‌، له‌ خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ بازرگانێک ده‌چێت به‌ شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ تۆڕێک ده‌چێت فڕێ درابێته‌ ده‌ریاوه‌، له‌ هه‌موو جۆرێک كۆده‌كاته‌وه‌. كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه‌ كه‌نار، دانیشتن باشه‌كانیان له‌ سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه‌ و خراپه‌كانیشیان فڕێ دا ده‌ره‌وه‌. پایانی جیهانیش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان ده‌رده‌چن و به‌دكاران له‌ خوداناساندا جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیانده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌. جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان”.

هاوبەشی بکە
مەتا 13 بخوێنەوە

مەتا 40:13-50 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

«هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت! «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.»

هاوبەشی بکە
مەتا 13 بخوێنەوە