لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 31:13-58

مەتا 31:13-58 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ هێنانه‌وه‌ و فه‌رمووی: “پاشایه‌تیی ئاسمانان وه‌ک ده‌نكه‌ خه‌رته‌له‌ وایه‌، كه‌ یه‌كێک بیبات و له‌ كێڵگه‌كه‌یدا بیچێنێ، كه‌ بچووكترین تۆوه‌، به‌ڵام كاتێ گه‌شه‌ ده‌كات، گه‌وره‌ترین ڕووه‌كه‌ و ده‌بێته‌ دره‌خت، ته‌نانه‌ت باڵنده‌ی ئاسمانیش دێن و له‌سه‌ر لقه‌كانیدا هێلانه‌ ده‌كه‌ن”. په‌ندێكی دیكه‌ی بۆ فه‌رموون: “پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ هه‌وێنێک ده‌چێت، ژنێک بردی و خستییه‌ نێو سێ پێوانه‌ ئارده‌وه‌، تاكو هه‌مووی هه‌ڵهات”. ئیشۆع هه‌موو ئه‌مانه‌ی به‌ په‌ند بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ فه‌رموو، به‌بێ په‌ند فه‌رمووده‌ی بۆ نه‌ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌رێک وتراوه‌ بێته‌ دی، كه‌ ده‌فه‌رمووێ: “ {به‌ په‌ند زارم ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ شاراوه‌یه‌ ده‌ریده‌بڕم} ”. ئینجا كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی به‌ڕێكرد و هات بۆ ماڵ. قوتابییه‌كانی لێ هاتنه‌ پێش و وتیان: “په‌ندی زیوانی نێو كێڵگه‌كه‌مان بۆ ڕاڤه‌ بكه‌”. وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “تۆوده‌ری تۆوه‌ چاكه‌كه‌، ڕۆڵه‌ی مرۆڤه‌. كێڵگه‌كه‌ش جیهانه‌، تۆوه‌ چاكه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی پاشایه‌تین، زیوانه‌كه‌ش ڕۆڵه‌كانی به‌دكاره‌كه‌ن، دوژمنه‌كه‌ش كه‌ تۆوی كردن ئیبلیسه‌، دروێنه‌كه‌ش پایانی جیهانه‌، سه‌پانه‌كانیش فریشته‌كانن. وه‌ک زیوانه‌كه‌ كۆ ده‌كرێته‌وه‌ و به‌ ئاگر ده‌سووتێندرێ، له‌ پایانی جیهانیشدا وا ده‌بێت. ڕۆڵه‌ی مرۆڤ فریشته‌كانی ده‌نێرێت، هه‌موو كۆسپه‌كان و به‌دكاران له‌ پاشایه‌تیییه‌كه‌ی كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیان ده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌، جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان. ئه‌وسا خوداناسان له‌ پاشایه‌تیی باوكیاندا وه‌ک خۆر ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ی دوو گوێی هه‌یه‌ بۆ بیستن، با ببیستێت! پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ گه‌نجینه‌یه‌ک ده‌چێت له‌ كێڵگه‌یه‌كدا شاردرابێته‌وه‌. یه‌كێک دۆزییه‌وه‌ و شاردییه‌وه‌، له‌ خۆشیان ده‌ڕوات و چیی هه‌یه‌ ده‌یفرۆشێت و ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی پێ ده‌كڕێت. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ بازرگانێک ده‌چێت به‌ شوێن مرواریی نایابدا ده‌گه‌ڕا. كاتێ مروارییه‌كی گرانبه‌های بینی، چوو هه‌رچی هه‌یبوو فرۆشتی و مروارییه‌كه‌ی كڕی. هه‌روه‌ها پاشایه‌تیی ئاسمانان له‌ تۆڕێک ده‌چێت فڕێ درابێته‌ ده‌ریاوه‌، له‌ هه‌موو جۆرێک كۆده‌كاته‌وه‌. كاتێ پڕبوو، ڕایانكێشایه‌ كه‌نار، دانیشتن باشه‌كانیان له‌ سه‌به‌ته‌دا كۆكرده‌وه‌ و خراپه‌كانیشیان فڕێ دا ده‌ره‌وه‌. پایانی جیهانیش ئاوا ده‌بێت: فریشته‌كان ده‌رده‌چن و به‌دكاران له‌ خوداناساندا جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ و فڕێیانده‌ده‌نه‌ نێو كووره‌ی ئاگره‌وه‌. جا له‌وێ ده‌بێته‌ گریان و جیڕه‌ی ددان”. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئایا هه‌موو ئه‌مانه‌ تێگه‌یشتن؟” وتیان: “به‌ڵێ گه‌وره‌م”. جا پێی فه‌رموون: “بۆیه‌ هه‌ر ته‌وراتزانێكی ڕاهێنراو له‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان، له‌ خاوه‌ن ماڵێک ده‌چێ له‌ گه‌نجینه‌كه‌یدا نوێ و كۆن ده‌ربهێنێت”. كاتێ ئیشۆع ئه‌م په‌ندانه‌ی ته‌واو كرد له‌وێ ڕۆیشت. كه‌ هاته‌وه‌ شاره‌كه‌ی خۆی، له‌ كه‌نیشته‌كه‌یان فێری ده‌كردن، تا ئه‌وه‌ی سه‌رسام بوون و وتیان: “ئه‌مه‌ ئه‌م دانایی و په‌رجوانه‌ی له‌كوێ بوو؟ ئه‌مه‌ كوڕی دارتاشه‌كه‌ نییه‌؟ ئه‌ی دایكی ناوی مه‌ریه‌م نییه‌؟ یاقوو و یۆسپ و شیمعون و ئیهوودا برای نین؟ ئه‌وه‌ نییه‌ خوشكه‌كانی هه‌موویان له‌لامانن؟ ئه‌ی ئه‌مه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ی له‌كوێ بوو؟” جا ساتمه‌یان لێی ده‌كرد. به‌ڵام ئیشۆع پێی فه‌رموون: “پێغه‌مبه‌ر بێ ڕێز نییه‌، ته‌نها له‌ نیشتمان و ماڵی خۆیدا نه‌بێت”. له‌وێدا په‌رجوی زۆری نه‌كرد، له‌به‌ر بێباوه‌ڕییان.

هاوبەشی بکە
مەتا 13 بخوێنەوە

مەتا 31:13-58 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.» عیسا هەموو ئەم بابەتانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی: ﴿بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ڕایدەگەیەنم.﴾ ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.» وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە، سەپانەکانیش فریشتەکانن. «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت و هەموو هۆکارێکی گوناه و خراپەکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت. ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت! «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. کەسێک دەیدۆزێتەوە و دیسان دەیشارێتەوە، ئینجا لە خۆشییان دەچێت و هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت کە بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕێت. کاتێک مروارییەکی گرانبەها دەدۆزێتەوە، دەچێت هەرچیی هەیە دەیفرۆشێت و مروارییەکەی پێ دەکڕێت. «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا گریان و جیڕەی ددان لەوێ دەبێت.» عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.» جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە بووەتە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا لە کۆن و نوێ دەربهێنێت.» کاتێک عیسا ئەم نموونانەی تەواو کرد، لەوێ ڕۆیشت. هاتەوە شارەکەی خۆی، لە کەنیشتەکەیان دەستی کرد بە فێرکردنیان، هەتا ئەوەی سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە ئەم دانایی و پەرجووانەی لەکوێ بوو؟ ئایا ئەمە کوڕی دارتاشەکە نییە؟ ئەی دایکی ناوی مریەم نییە؟ یاقوب و یوسف و شیمۆن و یەهوزا برای نین؟ ئەوە نییە خوشکەکانی هەموویان لەلامانن؟ ئەی ئەمە هەموو ئەمانەی لەکوێ بوو؟» جا ڕەتیان کردەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و ماڵی خۆی نەبێت.» لەوێ پەرجووی زۆری نەکرد، لەبەر بێباوەڕییان.

هاوبەشی بکە
مەتا 13 بخوێنەوە