لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:12-50

مەتا 1:12-50 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌و كاته‌، له‌ شه‌ممه‌دا ئیشۆع به‌نێو ده‌غڵاندا تێده‌په‌ڕی، قوتابییه‌كانی برسییان بوو، ده‌ستیانكرد به‌ گوڵه‌گه‌نم پڕواندن و خواردنی. كه‌ په‌ڕیشییه‌كان بینییان، پێیان وت: “ئه‌وه‌تا، قوتابییه‌كانت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دروست نییه‌ له‌ شه‌ممه‌دا بكرێت!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “ئه‌ی نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ داوید چی كرد، كاتێ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووه‌ نێو ماڵی خودا و نانی قوربانیی خوارد، كه‌ بۆ خۆی و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی بوون دروست نه‌بوو بیخۆن، ته‌نها بۆ كاهینان نه‌بێ؟ یان له‌ ته‌وراتدا نه‌تانخوێندۆته‌وه‌ كه‌ كاهینان، شه‌ممان له‌ په‌رستگادا، شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن و بێتاوانیشن؟ به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم، مه‌زنتر له‌ په‌رستگا لێره‌یه‌! ئه‌گه‌ر واتای ئه‌وه‌تان بزانایه‌: من میهره‌بانیم ده‌وێ نه‌ک قوربانی، ئه‌وا بێتاوانانتان تاوانبار نه‌ده‌كرد! چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، په‌روه‌ردگاری ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌”. له‌وێ ڕۆیشت و هاته‌ كه‌نیشته‌كه‌یان، ئه‌وه‌بوو پیاوێک ده‌ستێكی وشكبوو، لێیان پرسی: “ئایا له‌ شه‌مماندا چاككردنه‌وه‌ دروسته‌؟” تاكو سكاڵای لێبكه‌ن. پێی فه‌رموون: “كێ له‌ ئێوه‌ ئه‌گه‌ر كاوڕێكی هه‌بێت و له‌ شه‌ممه‌دا بكه‌وێته‌ چاڵێک، ئایا نایگرێت و ده‌ریبهێنێت؟ مرۆڤ چه‌ند له‌ كاوڕ نرخدارتره‌! كه‌واته‌ له‌ شه‌مماندا چاكه‌كردن دروسته‌!” ئینجا به‌ پیاوه‌كه‌ی فه‌رموو: “ده‌ستت درێژ بكه‌”. ئه‌ویش درێژی كرد و چاكبووه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی دیكه‌. په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ ده‌رچوون، ڕاوێژیان كرد چۆن له‌ناوی ببه‌ن. ئیشۆعیش به‌مه‌ی زانی و له‌وێ ڕۆیشت. جا كۆمه‌ڵانێكی زۆر دوای كه‌وتن، ئه‌ویش هه‌موویانی چاككرده‌وه‌ و ڕایسپاردن كه‌ ئاشكرای نه‌كه‌ن، تا ئه‌وه‌ی به‌هۆی پێغه‌مبه‌ر‌ ئێشه‌عیا وترابوو بێته‌ دی كه‌ ده‌ڵێت: {ئه‌وه‌تا ڕۆڵه‌كه‌م كه‌ هه‌ڵمبژاردووه‌، خۆشه‌ویستم كه‌ پێی دڵشادم، ڕووحی خۆمی ده‌خه‌مه‌ سه‌ر، جا هه‌واڵی ڕه‌وا به‌ نه‌ته‌وه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. شه‌ڕ ناكات و هاوار ناكات، كه‌سیش له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌نگی نابیستێت. قامیشێكی كوتراو ناشكێنێت، پڵیته‌یه‌كی دووكه‌ڵكرده‌ ناكوژێنێته‌وه‌، تاكو ڕه‌وا به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گه‌یێنێت. نه‌ته‌وه‌كان هیوایان به‌ ناوی ئه‌و ده‌بێت} . ئینجا شێتێكی كوێر و لاڵیان بۆ هێنا، چاكیكرده‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی لاڵه‌كه‌ قسه‌ی كرد و بینی. كۆمه‌ڵانه‌كه‌ هه‌موو سه‌رسام بوون و وتیان: “ده‌بێ ئه‌مه‌ ڕۆڵه‌ی داوید بێت؟” به‌ڵام په‌ڕیشییه‌كان كه‌ ئه‌مه‌یان بیست، وتیان: “ئه‌مه‌ شه‌یتانه‌كان ده‌رناكات، مه‌گه‌ر به‌ به‌عله‌زبولی سه‌رۆكی شه‌یتانه‌كان نه‌بێت”. به‌ڵام ئیشۆع ئه‌ندێشه‌یانی زانی و پێی فه‌رموون: “هه‌ر پاشایه‌تیه‌ک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، وێران ده‌بێت، هه‌ر شارێک یان ماڵێک دووبه‌ره‌كیی تێدا بێت، خۆی ڕاناگرێت. ئه‌گه‌ر شه‌یتان، شه‌یتان ده‌ربكات، ئه‌وا دووبه‌ره‌كییان تێدایه‌، ئیتر چۆن پاشایه‌تییه‌كه‌ی خۆی ڕاده‌گرێت؟ ئه‌گه‌ر من به‌ به‌عله‌زبول شه‌یتان ده‌ربكه‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌كانتان به‌ كێ ده‌ریان ده‌كه‌ن؟ بۆیه‌ ئه‌وان ده‌بنه‌ دادوه‌رتان! به‌ڵام ئه‌گه‌ر من به‌ ڕووحی خودا شه‌یتانه‌كان ده‌ربكه‌م، ئه‌وا پاشایه‌تی خودا هاتۆته‌ سه‌رتان! یان چۆن یه‌كێک ده‌توانێ بچێته‌ ماڵی به‌هێزێک و شته‌كانی تاڵان بكات، ئه‌گه‌ر یه‌كه‌مجار به‌هێزه‌كه‌ نه‌به‌ستێته‌وه‌، ئینجا ماڵه‌كه‌ی تاڵان بكات؟ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من نییه‌ دژمه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ من كۆ ناكاته‌وه‌، بڵاوی ده‌كاته‌وه‌. بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێم: هه‌موو گوناه‌ و كفرێک ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام كفر دژ به‌ ڕووح نابه‌خشرێت. ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ بڵێت، ده‌به‌خشرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌ به‌ ڕووحی پارسا بڵێت، نابه‌خشرێت، نه‌ له‌م جیهانه‌ و نه‌ له‌وه‌ی دێت. وابكه‌ن دره‌خت باش بێت، به‌رهه‌می باش ده‌بێت. یان وابكه‌ن دره‌خت خراپ بێت، به‌رهه‌می خراپ ده‌بێت، چونكه‌ به‌ به‌رهه‌م دره‌خت ده‌ناسرێت. ئه‌ی بێچوی ماران! كه‌ ئێوه‌ خراپ بن، چۆن ده‌توانن به‌ چاكه‌ بدوێن؟ ده‌م ئه‌وه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ دڵ ده‌ڕژێته‌وه. مرۆڤی چاک له‌ گه‌نجینه‌ی چاک شتی چاک ده‌رده‌هێنێت، مرۆڤی خراپیش، له‌ گه‌نجینه‌ی خراپ، شتی خراپ ده‌رده‌هێنێت. به‌ڵام پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر وشه‌یه‌كی ناڕه‌وا كه‌ خه‌ڵک پێی ده‌دوێ، له‌ ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌دا هه‌ژماردی خۆی هه‌یه‌. چونكه‌ به‌ قسه‌كانی خۆت بێتاوان ده‌كرێیت، به‌ قسه‌كانی خۆشت تاوانبار ده‌كرێیت”. ئینجا هه‌ندێک ته‌وراتزان و په‌ڕیشی وه‌ڵامیان دایه‌وه‌ و وتیان: “ڕابی، ده‌مانه‌وێ په‌رجوێكت لێ ببینین”. وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رمون: “نه‌وه‌یه‌كی به‌دكار و به‌دڕه‌وشت داوای په‌رجو ده‌كات، په‌رجوی نادرێتێ، جگه‌ له‌ په‌رجوی یۆنه‌نی پێغه‌مبه‌ر. جا چۆن یۆنه‌ن سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌نێو سكی نه‌هه‌نگه‌كه‌دا بوو، ئاواش ڕۆڵه‌ی مرۆڤ سێ ڕۆژ و سێ شه‌و له‌ ناخی زه‌ویدا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌ حوكمداندا خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا، له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستن و تاوانباری ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی یۆنه‌ن تۆبه‌یان كرد. ئه‌وه‌تا له‌ یۆنه‌ن مه‌زنتر لێره‌یه‌! له‌ حوكمداندا شاژنی باشوور له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وه‌یه‌ ڕاده‌وه‌ستێت و تاوانباری ده‌كات، چونكه‌ له‌وپه‌ڕی زه‌وییه‌وه‌ هات بۆ گوێگرتن له‌ دانایی شلیمون. ئه‌وه‌تا له‌ شلیمون مه‌زنتر لێره‌یه‌! كاتێ ڕووحی گڵاو له‌ مرۆڤ ده‌رده‌چێت، له‌ بیاباندا به‌دوای حه‌وانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێت به‌ڵام نایدۆزێته‌وه‌. ئینجا ده‌ڵێت: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆم كه‌ لێی ده‌رچووم. كاتێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ده‌بینێت چۆڵه‌ و گسكدراوه‌ و ڕێكخراوه‌. ئه‌وسا ده‌چێت و حه‌وت ڕووحی له‌ خۆی به‌دتر له‌‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنێت و ده‌چن و له‌وێدا نیشته‌جێ ده‌بن. ئینجا پایانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌ جاران خراپتر ده‌بێت! بۆ ئه‌م نه‌وه‌ به‌دكاره‌ش، ئاوا ده‌بێت”. له‌ كاتێک كه‌‌ قسه‌ی بۆ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ ده‌كرد، دایک و برایانی له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون، داوایان ده‌كرد له‌گه‌ڵی بدوێن. یه‌كێک پێی وت: “ئه‌وه‌ دایكت و براكانته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ڕاوه‌ستاون، ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێن”. ئه‌ویش وه‌ڵامی قسه‌كه‌ری دایه‌وه‌ و فه‌رموو: “دایكم كێیه‌ و براكانم كێن؟” ئینجا ده‌ستی بۆ قوتابییه‌كانی ڕاكێشا و فه‌رمووی: “ئه‌وه‌تا دایک و براكانم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خواستی باوكم بكات كه‌ له‌ ئاسماناندایه‌، ئه‌وا برا وخوشک و دایكمه‌”.

هاوبەشی بکە
مەتا 12 بخوێنەوە

مەتا 1:12-50 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لەو کاتەدا، لە ڕۆژێکی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان کرد بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی. کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «بڕوانە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.» ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟ پێتان دەڵێم، کەسێک لێرەیە کە لە پەرستگا مەزنترە. بەڵام ئەگەر لە واتای ئەمە تێبگەیشتنایە: ﴿من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،﴾ ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد، چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.» ئینجا عیسا لەوێ ڕۆیشت و چووە کەنیشتەکەیان، لەوێ پیاوێکی لێبوو دەستێکی وشک ببوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە ڕۆژی شەممەدا چاککردنەوەی نەخۆش دروستە؟» پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە ڕۆژی شەممەدا بکەوێتە ناو چاڵێکەوە، نایگرێت و دەریناهێنێت؟ مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.» ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە. بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن بیکوژن. عیساش کە بەمەی زانی لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە. ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن، تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت: ﴿ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە، ئەو خۆشەویستەم کە پێی دڵشادم، ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر، جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات. شەڕ ناکات و هاوار ناکات، کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت. قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت، پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە، هەتا دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت. نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.﴾ ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، نابینا و لاڵ بوو، ئەویش چاکیکردەوە بە جۆرێک کە توانی قسە بکات و ببینێت. خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کوڕی داود نییە؟» بەڵام فەریسییەکان کە ئەمەیان بیست، گوتیان: «ئەمە ڕۆحی پیس دەرناکات، مەگەر بە بەعل‌زەبولی شای ڕۆحە پیسەکان نەبێت.» بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت، هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت. ئەگەر شەیتان، شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان دەبنە دادوەرتان. بەڵام ئەگەر من بە ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان. «یان چۆن کەسێک دەتوانێ بچێتە ماڵی پیاوێکی بەهێز و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر یەکەم جار نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟ «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە. لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، بەڵام کفرکردن سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز نابەخشرێت. ئەوەی قسە لە دژی کوڕی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی قسە لە دژی ڕۆحی پیرۆز بکات، نابەخشرێت، نە لەم دنیا و نە لەو دنیا. «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات. ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵەوە هەڵدەقوڵێت. مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاکی ناخیدا، شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش لە گەنجینەی خراپی ناخیدا، شتی خراپ دەردەهێنێت. بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.» ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.» کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. شاژنی باشوور لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە. «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە. ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.» لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. کەسێک هات و پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.» ئەویش وەڵامی دایەوە و فەرمووی: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟» ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم، چونکە ئەوەی خواستی باوکم ئەنجام بدات کە لە ئاسمانە، خوشک و برا و دایکمە.»

هاوبەشی بکە
مەتا 12 بخوێنەوە