لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 21:2-48

لۆقا 21:2-48 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ هه‌شت ڕۆژ ته‌واو بوو بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ خروسه‌ی ببڕدرێت، ناوی نرا ئیشۆع، وه‌ک له‌لایه‌ن فریشته‌كه‌ ناونرا، پێش ئه‌وه‌ی به‌ سک بكه‌وێت. كاتێک ڕۆژانی پاكژبوونه‌وه‌ی به‌گوێره‌ی ته‌وراتی مووشێ ته‌واوبوو، بردییانه‌ یروشلایم، تاكو پێشكه‌شی په‌روه‌ردگاری بكه‌ن وه‌ک له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار نووسراوه‌: {هه‌موو نێرینه‌یه‌كی نۆبه‌ره‌ ده‌بێته‌ پارسای په‌روه‌ردگار} . بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانییه‌كیش، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی په‌روه‌ردگار وتراوه‌: {جووتێک كوكوختی یان دوو بێچووه‌ كۆتر} . له‌ یروشلایم پیاوێک هه‌بوو ناوی شیمعون بوو، ئه‌م پیاوه‌ خوداناس و له‌خواترس بوو، چاوه‌ڕێی دڵنه‌واییكردنی ئیسڕائیل بوو، ڕووحی پارسای له‌سه‌ر بوو. به‌ ڕووحی پارسا بۆی سرووش هاتبوو كه‌ به‌ر له‌ بینینی مه‌سیحی په‌روه‌ردگار مه‌رگ نابینێت. به‌هۆی ڕووحه‌كه‌وه‌ هاته‌ په‌رستگا. كاتێ دایک و باوكه‌كه‌ ئیشۆعی كوڕیان هێنا ژووره‌وه‌، تاكو به‌گوێره‌ی نه‌ریتی ته‌ورات بۆی بكه‌ن، له‌ باوه‌شی كرد و پیرۆزی خودای كرد و وتی: “ئه‌ی په‌روه‌ردگار، ئێستا به‌گوێره‌ی فه‌رمووده‌كه‌ت به‌نده‌ی خۆت به‌ ئاشتی به‌ڕێبكه‌. ئه‌وا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م هه‌موو گه‌لان ئاماده‌ت كردووه‌، تا ئاشكراكردنی ڕووناكی بۆ نه‌ته‌وه‌كان و شكۆمه‌ندی بێت بۆ ئیسڕائیلی گه‌لی خۆت”. یۆسپ و دایكی كوڕه‌كه‌ سه‌رسام بوون له‌وه‌ی ده‌رباره‌ی وترا. شیمعون داوای داڕشتی بۆ كردن و به‌ مه‌ریه‌می دایكی وت: “ئا ئه‌مه‌ دانراوه‌ بۆ كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌ی زۆر كه‌س له‌ ئیسڕائیلدا، ده‌بێته‌ په‌رجوێک دژایه‌تی ده‌كرێت، تۆش شمشێرێک ده‌روونت ده‌بڕێت. تاكو نیازی زۆر دڵان ئاشكرا بێت”. ژنه‌ پێغه‌مبه‌رێک هه‌بوو، یوخه‌ن كچی فه‌نۆئیل له‌ هۆزی ئه‌شیر. زۆر به‌ ساڵدا چووبوو، له‌ كچێنیه‌وه‌ حه‌وت ساڵ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ژیابوو، ئینجا بێوه‌ژن بوو تاكو هه‌شتا و چوار ساڵی. په‌رستگای به‌جێنه‌ده‌هێشت، به‌ ڕۆژوو و نزاوه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌ په‌رستندا بوو. له‌و كاته‌دا ڕاوه‌ستا و ستایشی خوداوه‌ندی كرد، باسی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی قوربانیدانی یروشلایم بوون. كه‌ هه‌موو شتێكیان به‌گوێره‌ی ته‌وراتی په‌روه‌ردگار ته‌واو كرد، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گلیلا، بۆ ناسڕه‌تی شاره‌كه‌ی خۆیان. كوڕه‌كه‌ش به‌ڕووح گه‌شه‌ی ده‌كرد و به‌هێز ده‌بوو، پڕبوو له‌ دانایی، به‌خششی خوداشی له‌سه‌ر بوو. دایک و باوكی هه‌موو ساڵێک له‌ جه‌ژنی په‌سخه‌دا ده‌چوونه‌ یروشلایم. كاتێ بووه‌ دوازده‌ ساڵ، وه‌ک نه‌ریتی جه‌ژن به‌ره‌و یروشلایم سه‌ركه‌وتن. دوای ته‌واوبوونی ڕۆژه‌كان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یاندا ئیشۆع له‌ یروشلایم مایه‌وه‌، یۆسپ و دایكیشی نه‌یانزانی. وایانده‌زانی له‌نێو كاروانه‌كه‌دایه‌، ڕۆژه‌ ڕێیه‌ک ڕۆیشتن، دوای ئه‌وه‌ له‌نێو خزم و ناسیاوه‌كان بۆی گه‌ڕان. كه‌ نه‌یاندۆزییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ یروشلایم، به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان. دوای سێ ڕۆژ له‌ په‌رستگادا دۆزیانه‌وه‌، له‌ناوه‌ڕاستی ڕابیان دانیشتووه‌، گوێیان لێ ده‌گرێت و پرسیان لێده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، له‌ تێگه‌یشتن و وه‌ڵامه‌كانی سه‌رسام بوون. كاتێ بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایكی پێی فه‌رموو: “ڕۆڵه‌ بۆ وات لێكردین؟ من و باوكت به‌سه‌رگه‌ردانیه‌وه‌ به‌ دواتدا ده‌گه‌ڕاین!”

هاوبەشی بکە
لۆقا 2 بخوێنەوە

لۆقا 21:2-48 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لە ڕۆژی هەشتەم کاتی خەتەنەکردنی منداڵەکە هات، هەر ئەو کاتەش ناوی لێنرا عیسا، بەو شێوەیەی فریشتەکە ناوی لێنا، پێش ئەوەی مریەم سکی پڕبێت. پاشان یوسف و مریەم لەدوای تەواوبوونی ڕۆژانی پاکبوونەوە عیسایان بردە ئۆرشەلیم تاکو پێشکەشی یەزدانی بکەن، بەگوێرەی تەوراتی موسا، کە تەوراتی یەزدانە، هەروەک تێیدا نووسراوە: ﴿هەر نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ یەزدان تەرخان دەکرێت‏.﴾ بۆ پێشکەشکردنی قوربانییەکیش، بەگوێرەی ئەوەی لە تەوراتی یەزدان گوتراوە: ﴿دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر‏.﴾ پیاوێکی چاک و لەخواترس بە ناوی شیمۆن لە ئۆرشەلیم هەبوو، چاوەڕێی هاتنی دڵنەواییکەری ئیسرائیل بوو، ڕۆحی پیرۆزی لەسەر بوو. بە ڕۆحی پیرۆز بۆی ئاشکرا کرابوو کە نامرێت هەتا مەسیحی یەزدان نەبینێت. بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە هاتە حەوشەکانی پەرستگا. کاتێک دایک و باوکەکە عیسای منداڵیان هێنایە ژوورەوە، تاکو بەگوێرەی نەریتی تەوراتی بۆ بکەن، شیمۆن عیسای لە باوەشی گرت و ستایشی خودای کرد: «ئەی یەزدانی باڵادەست، ئێستا بەگوێرەی قسەکەت بەندەی خۆت بە ئاشتی بەڕێبکە. ئەوا چاوم ڕزگاریی تۆی بینی، ئەوەی لەبەردەم هەموو گەلان ئامادەت کردووە، هەتا ببێتە ڕووناکی بۆ ئاشکراکردنی سروشی تۆ بۆ نەتەوەکان و ببێتە مایەی شکۆمەندی بۆ ئیسرائیلی گەلەکەت.» دایک و باوکی سەرسام بوون لەوەی دەربارەی گوترا. شیمۆن داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بە مریەمی دایکی گوت: «ئا ئەم منداڵە دەبێتە هۆی کەوتن و هەستانەوەی کەسانێکی زۆر لە ئیسرائیل، هەروەها دەبێتە نیشانەیەک دژایەتی دەکرێت، هەتا نیازی دڵی زۆر‏ کەس ئاشکرابێت. تۆش شمشێرێک جەرگت دەبڕێت.» پێغەمبەرێکی ژن هەبوو بە ناوی ئانای کچی پەنوئێل لە هۆزی ئاشێر. زۆر بە ساڵدا چوو بوو، لەدوای شووکردنی تەنها حەوت ساڵ لەگەڵ مێردەکەی ژیابوو، پاشان بە بێوەژنی مابووەوە و تەمەنی گەیشتبووە هەشتا و چوار ساڵ. پەرستگای بەجێ نەدەهێشت، شەو و ڕۆژ بە نوێژ و ڕۆژوو خودای دەپەرست. هەر لەو کاتەدا هات بۆ لای ئەوان و ستایشی خودای کرد، باسی منداڵەکەی بۆ هەموو ئەوانە کرد کە چاوەڕوانی ڕزگاریی ئۆرشەلیم بوون. کە هەموو شتێکیان بەگوێرەی تەوراتی یەزدان تەواو کرد، هاتنەوە بۆ ناسیرەی شارەکەی خۆیان لە ناوچەی جەلیل. منداڵەکەش گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو، پڕبوو لە دانایی و نیعمەتی خوداشی لەسەر بوو. دایک و باوکی هەموو ساڵێک لە جەژنی پەسخە دەچوونە ئۆرشەلیم. کاتێک عیسا بووە دوازدە ساڵ، وەک نەریتی جەژن بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوتن. دوای تەواوبوونی جەژن و لە گەڕانەوەیاندا، بەبێ ئەوەی دایک و باوکی بزانن، عیسای مێردمنداڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە. لەبەر ئەوەی پێیان وابوو لەنێو کاروانەکەیە، ڕۆژە ڕێیەک ڕۆیشتن. دوای ئەوە لەناو خزم و ناسیاوەکاندا بەدوایدا گەڕان. کاتێک نەیاندۆزییەوە، گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێن. دوای سێ ڕۆژ لە حەوشەکانی پەرستگادا دۆزیانەوە، بینییان لەناو مامۆستایان دانیشتووە، گوێیان لێ دەگرێت و پرسیاریان لێدەکات. هەموو ئەوانەی گوێیان لێی ڕاگرتبوو، لە تێگەیشتن و وەڵامەکانی سەرسام بوون. کاتێک بینییان واقیان وڕما، ئینجا دایکی پێی گوت: «کوڕم، بۆ وات لێکردین؟ من و باوکت نیگەرانت بووین و بەدواتدا دەگەڕاین.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 2 بخوێنەوە