لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 14:16-31

لۆقا 14:16-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

په‌ڕیشییه‌كانیش كه‌ پاره‌یان خۆشده‌ویست، گوێیان له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ بوو، گاڵته‌یان پێكرد. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌‌ له‌لای خه‌ڵكی خۆتان بێتاوان ده‌كه‌ن، به‌ڵام خودا دڵتان ده‌ناسێت. ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ پایه‌داری داده‌نێت، له‌به‌رده‌م خودا قێزه‌وه‌نه‌. ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران تاكو یوخه‌ننه‌ن ڕاگه‌یه‌نرا، دواتر موژده‌ی پاشایه‌تی خودا ده‌درێت و هه‌موو كه‌سێک تێده‌كۆشێت بچێته‌ ناوی. به‌ڵام نه‌مانی زه‌وی و ئاسمان ئاسانتره‌ له‌ كه‌وتنی خاڵێكی ته‌ورات. ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات و یه‌كێكی دیكه‌ بهێنێت، داوێنپیسی ده‌كات. ئه‌وه‌ش كه‌ ته‌ڵاقدراوی پیاوێک ده‌هێنێت داوێنپیسی ده‌كات. پیاوێک ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، جلی ئه‌رخه‌وانی و كه‌تانی له‌به‌ر ده‌كرد و هه‌موو ڕۆژێكی به‌ خۆشی ڕاده‌بوارد. هه‌ژارێكیش ناوی له‌عازر بوو، له‌به‌رده‌رگاكه‌ی كه‌وتبوو، برین لێیدابوو، په‌رۆش بوو له‌و به‌رماوه‌یه‌ تێربێت كه‌ له‌ خوانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ ده‌كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ته‌نانه‌ت سه‌گیش ده‌هاتن برینه‌كانیان ده‌لێسته‌وه‌. ئیتر هه‌ژاره‌كه‌ مرد و فریشته‌ بۆ باوه‌شی ئه‌وڕاهه‌م هه‌ڵیانگرت. ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ش مرد و نێژرا. له‌ دۆزه‌خدا سه‌ری هه‌ڵبڕی و ئازاری ده‌چێژێت، له‌ دووره‌وه‌ ئه‌وڕاهه‌می بینی و له‌عازری له‌ باوه‌ش بوو. هاواری كرد و وتی: باوكه،‌ ئه‌وڕاهه‌م، به‌زه‌ییت پێمدا بێته‌وه‌، له‌عازر بنێره‌ تاكو سه‌ری په‌نجه‌ی به‌ ئاو ته‌ڕ بكات و زمانم فێنک بكاته‌وه‌، وا له‌نێو ئه‌م گڕه‌دا ئازار ده‌چێژم. ئه‌وڕاهه‌م وتی: كوڕم، له‌بیرت بێت له‌ ژیانتدا شته‌ باشه‌كانی خۆت وه‌رگرت و له‌عاز‌ریش نه‌هامه‌تیه‌كان. ئێستا وا لێره‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێت و تۆش ئازار ده‌چێژیت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌نێوان ئێمه‌ و ئێوه‌دا قایم كراوه‌، تاكو ئه‌وانه‌ی بیانه‌وێ لێره‌وه‌ بۆ لاتان بپه‌ڕنه‌وه‌ نه‌توانن و كه‌سیش له‌وێوه‌ بۆ لای ئێمه‌ نه‌په‌ڕێته‌وه‌. ئه‌ویش وتی: كه‌واته‌ باوكه‌، لێت ده‌پاڕێمه‌وه‌ بینێره‌ ماڵی باوكم، چونكه‌ پێنج برام هه‌یه‌، تاكو گه‌واهییان بۆ بدات، نه‌وه‌ک ئه‌وانیش بۆ ئه‌م شوێنی ئازاردانه‌ بێن. به‌ڵام ئه‌وڕاهه‌م پێی وت: مووشێ و پێغه‌مبه‌رانیان هه‌یه‌، با گوێ له‌وان بگرن. ئه‌ویش وتی: نه‌خێر باوكه‌ ئه‌وڕاهه‌م، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر یه‌كێک له‌نێو مردووانه‌وه‌ بچێته‌ لایان، ئه‌وا تۆبه‌ ده‌كه‌ن. پێی وت: ئه‌گه‌ر گوێ له‌ مووشێ و پێغه‌مبه‌ران نه‌گرن، ته‌نانه‌ت یه‌كێک له‌نێو مردووانیش هه‌ستێته‌وه‌، بڕوا ناكه‌ن”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 16 بخوێنەوە

لۆقا 14:16-31 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

فەریسییەکانیش کە پارەیان خۆشدەویست، گوێیان لە هەموو ئەمانە بوو، گاڵتەیان پێکرد. عیساش پێی فەرموون: «لەنێو خەڵکدا خۆتان بە بێتاوان دەردەخەن، بەڵام خودا دڵتان دەناسێت. ئەوەی لای خەڵکی پایەدارە، لای خودا قێزەونە. «تەورات و پەیامی پێغەمبەران هەتا هاتنی یەحیا ڕاگەیەنران، لەو کاتە بەولاوە مزگێنی پاشایەتی خودا دەدرێت و هەموو کەسێک تێدەکۆشێت بچێتە ناوی. بەڵام نەمانی زەوی و ئاسمان ئاسانترە لە کەوتنی خاڵێکی تەورات. «ئەوەی ژنەکەی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، داوێنپیسی دەکات. ئەوەش کە تەڵاقدراوێک دەهێنێت داوێنپیسی دەکات. «پیاوێکی دەوڵەمەند هەبوو، جلی ئەرخەوانی و کەتانی ناسکی لەبەر دەکرد و هەموو ڕۆژێکی بە خۆشی ڕادەبوارد. هەژارێکیش ناوی لەعازر بوو، لە بەردەرگاکەی کەوتبوو، هەموو جەستەی برین بوو، پەرۆش بوو لەو بەرماوەیە تێربێت کە لە خوانی دەوڵەمەندەکە دەکەوتە خوارەوە. تەنانەت سەگیش دەهاتن برینەکانیان دەلێستەوە. «ئیتر هەژارەکە مرد و فریشتە بۆ باوەشی ئیبراهیم هەڵیانگرت. دەوڵەمەندەکەش مرد و نێژرا. لە جیهانی مردووان سەری هەڵبڕی و ئازاری دەچێژت، لە دوورەوە ئیبراهیمی بینی و لەعازری لە باوەش بوو. هاواری کرد: ”باوکە ئیبراهیم، بەزەییت پێمدا بێتەوە، لەعازر بنێرە تاکو سەری پەنجەی بە ئاو تەڕ بکات و زمانم فێنک بکاتەوە، وا لەناو ئەم گڕەدا ئازار دەچێژم.“ «ئیبراهیم گوتی: ”کوڕم، لەبیرتە لە ژیانتدا شتە باشەکانی خۆتت وەرگرت و لەعازریش شتە خراپەکان. بەڵام ئێستا وا لێرە دڵنەوایی دەکرێت و تۆش ئازار دەچێژیت. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بۆشاییەکی گەورە لەنێوان ئێمە و ئێوەدا دانراوە، تاوەکو ئەوانەی بیانەوێ لێرەوە بۆ لاتان بێن نەتوانن و کەسیش لەوێوە بۆ لای ئێمە نەپەڕێتەوە.“ «ئەویش گوتی: ”کەواتە باوکە، لێت دەپاڕێمەوە لەعازر بنێرە بۆ ماڵی باوکم، چونکە پێنج برام هەیە، تاکو ئاگاداریان بکاتەوە، نەوەک ئەوانیش بۆ ئەم شوێنی ئازاردانە بێن.“ «بەڵام ئیبراهیم پێی گوت: ”موسا و پێغەمبەرانیان هەیە، با گوێ لەوان بگرن.“ «ئەویش گوتی: ”نەخێر باوکە ئیبراهیم، بەڵام ئەگەر یەکێک لەناو مردووانەوە بچێتە لایان، ئەوا تۆبە دەکەن.“ «پێی گوت: ”ئەگەر گوێ لە موسا و پێغەمبەران نەگرن، تەنانەت یەکێک لەناو مردووانیش هەستێتەوە، قەناعەتیان پێ نایێت.“»

هاوبەشی بکە
لۆقا 16 بخوێنەوە