لێڤییەکان 1:21-8
لێڤییەکان 1:21-8 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ کاهینەکان بدوێ کە نەوەی هارونن و پێیان بڵێ: ”نابێت بەپێی ڕێوڕەسم کەستان بە مردووێکی هۆزەکەی خۆی گڵاو بکات، تەنها بۆ ئەوانە نەبێت کە زۆر نزیکن لێی، دایکی و باوکی و کوڕی و کچی و برای و خوشکە پاکیزەکەی کە لێی نزیکە، ئەوەی شووی نەکردووە، دەشێت لە پێناویدا گڵاو بێت. نابێت خۆی گڵاو بکات بەوانەی لە ڕێگەی ژنهێنانەوە بوونەتە خزمی ئەو. «”کاهینەکان نابێت سەریان سفر بکەن و هەردوو لای ڕیشیان بتاشن و خۆیان بریندار بکەن. دەبێت بۆ خوداکەیان پیرۆز بن و ناوی خودایان نەزڕێنن، چونکە قوربانییە بە ئاگرەکان وەک نانی خودایان بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، جا دەبێت پیرۆز بن. «”نابێت کاهینەکان ئافرەتی لەشفرۆشی بێ ئابڕوو و تەڵاقدراو بخوازن، چونکە کاهین پیرۆزکراوە بۆ خوداکەی، جا بە پیرۆزی دابنێن، چونکە نانی خوداتان پێشکەش دەکات، پیرۆزکراو دەبێت لەلاتان، چونکە من پیرۆزم. من یەزدانم ئەوەی پیرۆزتان دەکات.