لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

شینەکانی یەرمیا 1:1-10

شینەکانی یەرمیا 1:1-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

چۆن ئەم شارە بەجێهێڵراوە، ئەوەی پڕبوو لە خەڵک! چۆن وەک بێوەژنی لێهات، ئەوەی لەناو نەتەوەکان مەزن بوو! ئەوەی لەنێو هەرێمەکان شاژن بوو ئێستا بووەتە کەنیزە! بە شەو بەکوڵ دەگریێت، فرمێسکی لەسەر گۆناکانییەتی. لەناو هەموو دۆستانی کەس نییە دڵنەوایی بکات. هەموو دڵدارانی ناپاکییان لەگەڵ کرد، بوون بە دوژمنی. لەدوای زەلیلی و کۆیلایەتی سەخت، یەهودا ڕاپێچ کرا، لەنێو نەتەوەکان نیشتەجێ دەبێت، شوێنی ئارام نابینێتەوە. ئەوانەی ڕاوی دەنێن لە ناوەڕاستی تەنگانەدا پێی دەگەن. ئەو ڕێگایانەی بەرەو سییۆنن شین دەگێڕن، لەبەر ئەوەی کەس بۆ جەژنەکان نایەت. هەموو دەروازەکانی چۆڵ دەکرێن، کاهینەکانی دەناڵێنن، پاکیزەکانی خەمبارن، ئەویش تاڵی دەچێژێت. ناحەزەکانی بوونە بە گەورەی ئەو، دوژمنەکانی سەرکەوتوون، چونکە یەزدان خەمباری کرد، لەبەر زۆری گوناهەکانی منداڵەکانی بەرەو خاکی غەریبی بردران، دوژمنەکانیان ڕاپێچیان کردن. سییۆنی کچ هەموو جوانییەکەی ڕۆیشت. میرەکانی وەک ئاسکیان لێهاتووە لەوەڕگایان دەست ناکەوێت، بە بێهێزی دەڕۆن لەبەردەم ئەوانەی ڕاویان دەنێن. لە ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانی، ئۆرشەلیم هەموو خۆشییەکانی خۆی بەبیر هاتەوە، کە لە دێرزەمانەوە بوون. کاتێک گەلەکەی کەوتنە دەستی دوژمن، کەس نەبوو بە هانایەوە بێت. دوژمنان تەماشایان کرد، بە ڕووخانەکەی پێکەنین. ئۆرشەلیم بە تەواوی گوناهی کرد لەبەر ئەوە گڵاو بوو. هەموو ئەوانەی ڕێزیان لێی دەگرت سووکایەتی پێ دەکەن، چونکە ڕووتی ئەویان بینی. ئەویش دەناڵێنێت بەرەو دواوە ڕوو وەردەگێڕێت. گڵاوییەکەی بە دامێنییەوە بوو، بیری لە چارەنووسی خۆی نەکردەوە. کەوتنەکەی سامناک بوو، کەس نەبوو دڵنەوایی بکات. «ئەی یەزدان، تەماشای زەلیلیم بکە، چونکە دوژمن سەرکەوت.» دوژمن دەستی درێژکردووە بۆ سەر هەموو گەنجینەکانی، نەتەوەکانی بینی هاتنە ناو پیرۆزگاکەیەوە، ئەوانەی تۆ فەرمانت دا نەیێنە ناو کۆمەڵەکەی تۆوە.