لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەشوع 16:9-27

یەشوع 16:9-27 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر پەیمانەکەدا، بیستیانەوە کە گبعۆنییەکان لێیان نزیکن و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن. جا نەوەی ئیسرائیل بەڕێکەوتن و لە ڕۆژی سێیەمدا هاتنە شارەکانیان، ئەمانە شارەکانیان بوون: گبعۆن، کەفیرا، بئێرۆت و قیریەت یەعاریم. نەوەی ئیسرائیلیش لێیان نەدان، چونکە ڕابەرەکانی گەل سوێندیان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ خواردبوون. لەبەر ئەوە هەموو گەل بۆڵەبۆڵیان لە دژی ڕابەرەکان کرد، جا هەموو ڕابەرەکان بە هەموو گەلیان گوت: «ئێمە بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین دەستیان لێ بدەین، ئەمەیان بۆ دەکەین و بە زیندوویی دەیانهێڵینەوە، بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا نەبارێت، بەهۆی ئەو سوێندەی کە بۆمان خواردوون.» هەروەها ڕابەرەکان پێیان گوتن: «بە زیندوویی دەمێننەوە و بۆ هەموو گەل دەبن بە داربڕ و ئاوکێش.» بەم شێوەیە ڕابەرەکان بەڵێنیان پێدابوون. ئینجا یەشوع گبعۆنییەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمە زۆر لە ئێوەوە دوورین،“ ئێوە وا دانیشتووانی ئەم ناوەن؟ ئێستا ئێوە نەفرەت لێکراون، کۆیلە و داربڕ و ئاوکێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.» ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە گوتیان: «خزمەتکارەکانت هەموو ئەو هەواڵەیان بیستووەتەوە کە یەزدانی پەروەردگارت فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو کە هەموو خاکەکەتان بداتێ و هەموو دانیشتووانی خاکەکەش لەبەردەمتان لەناو ببات. ئێمەش لەبەر گیانی خۆمان زۆر لە ئێوە ترساین و ئەم کارەمان کرد، ئێستاش ئەوەتا لەبەردەستی ئێوەداین و چی بە باش و ڕاست دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.» یەشوعیش ئاوای لێکردن و لە دەست نەوەی ئیسرائیل ڕزگاری کردن و نەیانکوشتن. لەو ڕۆژەشدا یەشوع گبعۆنییەکانی کردە داربڕ و ئاوکێش بۆ کۆمەڵ و بۆ قوربانگای یەزدان، هەتا ئەمڕۆش ئەوە کاریانە لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت.

هاوبەشی بکە
یەشوع 9 بخوێنەوە