ئەیوب 22:38-41
ئەیوب 22:38-41 كوردی سۆرانی ستاندهرد (KSS)
«ئایا چووی بۆ ناو ئەمبارەکانی بەفر یان کۆگاکانی تەرزەت بینیوە، ئەوەی هەڵمگرتووە بۆ کاتی تەنگانە، بۆ ڕۆژانی نەهامەتی و جەنگ؟ لە چ ڕێگایەکەوە بروسکە دابەش دەبێت و بای ڕۆژهەڵات لەسەر زەوی بڵاو دەبێتەوە؟ کێ لێکی جیا کردەوە جۆگەکان بۆ بارانی بە لێشاو و ڕێچکە بۆ باوبۆران؟ بۆ ئاودانی خاکێک کە مرۆڤی تێدا نییە، بەسەر چۆڵەوانییەک کە ئادەمیزادی تێدا نییە، بۆ ئەوەی خاکی کاول و وێران تێر بکات، وا بکات گیای لێ بڕووێت. ئایا باران باوکی هەیە؟ ئەی کێ دڵۆپەکانی شەونم دەخاتەوە؟ بەستەڵەک لە سکی کێ دێتە دەرەوە؟ شەختەی ئاسمان بۆ کێ لەدایک دەبێت، کاتێک ئاوەکان وەک بەردیان لێ دێت و ڕووی قووڵاییەکان دەیبەستێت؟ «ئایا تۆ دەتوانیت گرێیەکانی حەوتەوانە ببەستیت یان گرێ بەستراوەکانی ڕاوچی بکەیتەوە؟ ئایا تۆ دەتوانیت کەلووەکان لە کاتی خۆی دەربخەیت، یان ڕێنمایی کەلووی ورچ بکەیت لەگەڵ بەچکەکانی؟ ئایا یاساکانی ئاسمان دەزانیت، یاخود تۆ بڕیاری دەسەڵاتی ئەو بەسەر زەویدا دەچەسپێنیت؟ «ئایا دەتوانیت دەنگت بۆ هەورەکان بەرز بکەیتەوە هەتا بە لێشاوی ئاو داتبپۆشێت؟ ئایا توانای ئەوەت هەیە بروسکەکان بنێریت، جا بڕۆن و بڵێن: ”ئەوەتاین ئێمە“؟ کێ دانایی دەبەخشێت یان تێگەیشتن بە مێشک دەدات؟ کێ بە داناییەوە هەورەکان دەژمێرێت یان مەشکەکانی ئاسمان دەڕژێنێت، کاتێک تێکەڵ بە خۆڵ دەبێت یەکدەگرن و دەبنە قوڕ؟ «ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە، کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟ کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟